Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى سه‌ره‌خۆشى له‌ خاوه‌نشكۆ شا چارلزى سێيه‌م ده‌كات

2022-09-18T19:32:54.000000Z
هه‌واڵ په‌یوه‌ندیی نێوده‌وڵه‌تی

دواى گه‌يشتنى به‌ به‌ريتانيا بۆ بەشدارى لە ڕێوڕەسمى ماڵئاواییکردن له‌ شاژنى كۆچكردوو ئێلێزابێسى دووەم، ئێواره‌ى ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٠٢٢/٩/١٨ بەڕێز نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان، له‌سه‌ر بانگهێشتى فه‌رميى خاوه‌نشكۆ شا چارلزى سێيه‌م، شاى شانشينى يه‌كگرتوو، له‌گه‌ڵ سه‌ركرده‌ و ڕێبه‌رانى وڵاتانى جيهان له‌ كۆشكى شاهانه‌ى به‌كينگهام له‌ له‌نده‌ن، به‌ ياوه‌ريى به‌ڕێز باڵيۆزى عێراق له‌ به‌ريتانيا به‌شدارى له‌ ڕێوڕه‌سمى پێشوازى له‌ ميوانان كرد.

سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى، پرسه‌ و سه‌ره‌خۆشيى خۆى و گه‌ل و حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستانى به‌ خاوه‌نشكۆ شا چارلزى سێيه‌م و خانه‌واده‌ى شاهانه‌ و گه‌ل و حكوومه‌تى شانيشنى يه‌كگرتوو و وڵاتانى كۆمۆنوێڵس گه‌ياند و هاوسۆزى و هاوخه‌مى له‌گه‌ڵياندا دووپات كرده‌وه‌.

لاى خۆيه‌وه‌ خاوه‌نشكۆ شا چارلزى سێيه‌م سوپاس و پێزانينى بۆ سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى و به‌شدارييان له‌ پرسه و ڕێوڕه‌سمى ماڵئاوايى له‌ شاژن ئێلێزابێسى دووه‌مدا ده‌ربڕى.

سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ له‌سه‌ر بانگهێشتى فه‌رميى حكوومه‌تى به‌ريتانيا له‌گه‌ڵ سه‌ركرده‌ و ڕێبه‌رانى وڵاتانى جيهان بۆ بەشدارى لە ڕێوڕەسمى ماڵئاواییکردن له‌ شاژنى کۆچکردووى شانشینى یەکگرتوودا گه‌يشتبووه‌ له‌نده‌ن و هه‌ر ئه‌مشه‌و له‌به‌رده‌م تابووته‌كه‌يدا له‌ په‌رله‌مانى شانشينى يه‌كگرتوو، به‌شدارى له‌ ڕێوڕه‌سمى ماڵئاوايى و نواندنى ڕێزدا بۆ شاژن ده‌كات.