Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى پله‌ى ژماره‌يه‌ك ئه‌فسه‌رى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه به‌رزده‌كاته‌وه‌‌

2024-02-07T10:08:14.000000Z
هه‌واڵ

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 2024/2/7، به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، له‌ ڕێوڕه‌سمێكدا كه‌ له‌ سه‌رۆكايه‌تيى هه‌رێمى كوردستان به‌ڕێوه‌ چوو، پله‌ى نوێى پێنج ئه‌فسه‌رى باڵاى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ى بۆ به‌ستن پاش ئه‌وه‌ى فه‌رمانى به‌رزكردنه‌وه‌ى پله‌كانيانى واژۆ كرد و بۆ ليوا ڕوكن و ليوا به‌رزكرانه‌وه‌.

له‌ وته‌يه‌كدا به‌ڕێز سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان پيرۆزبايى لێكردن و هيواى سه‌ركه‌وتنى بۆ خواستن، هه‌روه‌ها جه‌ختى له‌ گرنگى و پێويستيى سه‌رخستنى پرۆسه‌ى چاكسازى و يه‌كخستنه‌وه‌ى پێشمه‌رگه‌ له چوارچێوه‌ى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌دا كرده‌وه‌.

سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ ناوى پێشمه‌رگه‌ ناوێكى پيرۆزه‌ و پێويسته‌ وابه‌سته‌يى و ئينتيماى يه‌كه‌مى پێشمه‌رگه‌ بۆ خاك و نيشتمان و گه‌له‌كه‌ى بێت و هه‌ڵنانى هه‌نگاوى خێرا و جددى بۆ يه‌كخستنه‌وه‌ى پێشمه‌رگه‌ به‌ پێويست زانى، هه‌موو پشتگيرييه‌كيشى بۆ ئه‌و پرۆسه‌يه‌ ده‌ربڕى.

لاى خۆيانه‌وه‌ به‌ڕێزان پله‌دارانى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌، سوپاس و پێزانينان بۆ سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى و گرنگيدانيان به‌ پێشمه‌رگه‌ ده‌ربڕى و به‌ڵێنى پێشمه‌رگانه‌ى دڵسۆزى و خزمه‌تى نيشتمانيان دووپات كرده‌وه‌.