Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى، نامه‌يه‌كى پيرۆزبايى له‌ وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى توركياوه‌ پێگه‌يشت

2023-03-20T18:56:56.000000Z
هه‌واڵ په‌یوه‌ندیی نێوده‌وڵه‌تی

ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 2023/3/20 به‌بۆنه‌ى جه‌ژنى نه‌ورۆزه‌وه‌‌، به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، نامه‌يه‌كى پيرۆزبايى له‌ به‌ڕێز مه‌ولوود چاوشئۆغلو وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى توركياوه‌ پێگه‌يشت.

له‌ نامه‌كه‌يدا به‌ڕێز چاوشئۆغلو پيرۆزباييى جه‌ژنى نه‌ورۆزى له‌ سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى كردووه‌ و نه‌ورۆزى به‌ هۆكارێكى بۆ پته‌وكردنى برايه‌تى هه‌روه‌ها به‌ هێماى نوێبوونه‌وه‌ و ژیانه‌وه‌ و هاوده‌نگی و شادى له‌قه‌ڵه‌م داوه‌ كه‌ به‌ درێژایی مێژوو ڕه‌نگدانه‌وه‌ی مرۆڤ بووه‌ بۆ تێگه‌یشتن له‌ ژیان له‌گه‌ڵ سروشتدا.

به‌ڕێز وه‌زيرى ده‌ره‌وى توركيا ئاماژه‌ى به‌وه‌ داوه‌ كه‌ به‌ هۆى بوومه‌له‌رزه‌كه‌ى سه‌ره‌تاى شوباتى ڕابردوو‌، وڵاته‌كه‌ى به‌ خه‌مبارييه‌وه‌ پێشوازى له‌ نه‌ورۆز ده‌كات، هه‌روه‌ها سوپاسى سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى كردووه‌ كه‌ سه‌ردانى توركياى كرد بۆ به‌سه‌ركردنه‌وه‌ى شوێنه‌ زيانبه‌ركه‌وتووه‌كانى بوومه‌له‌رزه‌ و ده‌ربڕينى هاوسۆزى له‌گه‌ڵ قوربانيياندا.

له‌ كۆتاييدا به‌ڕێز وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى توركيا هیوای ئاشتی و خۆشگوزه‌رانی بۆ توركيا و جیهان و ته‌ندروسیی باش و شادى و سه‌لامه‌تی بۆ سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى و خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان ده‌ربڕيوه‌.