Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى پێشوازى له‌ باڵيۆزى نوێى كه‌نه‌دا له‌ عێراق كرد

2024-02-21T10:31:09.000000Z
هه‌واڵ په‌یوه‌ندیی نێوده‌وڵه‌تی

نيوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 2024/2/21 به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، له‌ ديدارێكدا له‌گه‌ڵ خاتوو كاتى بونكا باڵيۆزى نوێى كه‌نه‌دا له‌ عێراق، وێڕاى به‌خێرهێنان و ده‌ربڕينى پشتيوانى بۆ سه‌رخستنى ئه‌ركه‌كه‌ى، جه‌ختى له‌ خواستى هه‌رێمى كوردستان بۆ بره‌ودان به‌ په‌يوه‌ندييه‌كانى له‌گه‌ڵ كه‌نه‌دا كرده‌وه‌. له‌مباره‌يه‌وه‌ داواى كرد ئاستى نوێنه‌رايه‌تيى كه‌نه‌دا له‌ هه‌رێمى كوردستان به‌زر بكرێته‌وه‌.

لاى خۆيه‌وه‌ خاتوو بونكا خۆشحاڵيى خۆى به‌ ده‌ستبه‌كاربوون و سه‌ردانى بۆ هه‌رێمى كوردستان ده‌ربڕى و دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ وڵاته‌كه‌ى به‌ بايه‌خ و گرنگييه‌وه‌ له‌ په‌يوه‌ندييه‌كانى له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان ده‌ڕوانێت. ئاماژه‌ى به‌وه‌ش كرد كه‌ بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ كار له‌سه‌ر به‌رزكردنه‌وه‌ى ئاستى نوێنه‌رايه‌تيى وڵاته‌كه‌يان له‌ هه‌رێمى كوردستان ده‌كه‌ن.

گرنگيى سيستمى فيدراڵى، هه‌ڵبژاردنى هه‌رێمى كوردستان، دۆخى عێراق و هه‌رێمى كوردستان و ناوچه‌كه‌ به‌گشتى، ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى ديداره‌كه‌ بوو.