Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى پێشوازى له‌ شاندێكى چينى كرد

2023-02-13T13:09:09.000000Z
هه‌واڵ په‌یوه‌ندیی نێوده‌وڵه‌تی

نيوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 2023/2/13 به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى ‏كوردستان، پێشوازى له‌ شاندێكى كۆمارى ملليى چين به‌ سه‌رۆكايه‌تيى به‌ڕێز ژوو ‏ڕووى، یاریدەدەری وەزیر لە فه‌رمانگه‌ى په‌يوه‌ندييه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى کۆمیتەی ‏ناوەنديی پارتى كۆمۆنيستى چین كرد.‏

له‌ ديدارێكدا كه‌ به‌ڕێزان باڵيۆزى چين له‌ به‌غدا و به‌رپرسان له‌ كونسولخانه‌ى ‏گشتيى چين له‌ هه‌ولێر ئاماده‌ى بوون، په‌يوه‌ندييه‌كانى چين له‌گه‌ڵ عێراق و ‏هه‌رێمى كوردستان، دۆخى عێراق و ئاڵنگارييه‌كانى به‌رده‌مى، په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌ولێر ‏ـ به‌غدا و گفتوگۆى چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانيان، تاوتوێ كرد.‏

هه‌ردوولا ئاماژه‌يان به‌وه‌ دا كه‌ به‌ بايه‌خه‌وه‌ له‌ په‌يوه‌ندييه‌كانى چين له‌گه‌ڵ عێراق و ‏هه‌رێمى كوردستان ده‌ڕوانن و خوازيارى بره‌ودان به‌ هاريكاريى نێوانيانن، به‌تايبه‌تى ‏له‌ بوارى بازرگانى و كولتووريدا. هه‌ر له‌م باره‌يه‌وه‌ باس له‌ كار و چالاكييه‌كانى ‏كۆمپانيا چينييه‌كان له‌ عێراق كرا.‏

ده‌رباره‌ى كێشه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا، سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى جه‌ختى له‌وه‌ ‏كرده‌وه‌ كه‌ جێبه‌جێكردنى سيستمى فيدرالى له‌ عێراق و چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان ‏له‌سه‌ر بنه‌ماى ده‌ستوور، ده‌بێته‌ هۆى سه‌قامگيرى و بره‌ودانى زياتر به‌ بوارى ‏ئابوورى. هه‌روه‌ها خواستى هه‌رێمى كوردستانى دووپاتكرده‌وه‌ بۆ سوودمه‌ندبوون له‌و ‏پرۆژانه‌ى چين له‌ عێراق ئه‌نجاميان ده‌دات.‏

په‌يوه‌ندييه‌كانى عێراق و هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ وڵاتانى دراوسێ و ناوچه‌كه‌، ‏شه‌ڕى دژى تيرۆر و دوايين پێشهاته‌كانى ناوچه‌كه‌ به‌گشتى، لايه‌نێكى ديكه‌ى ‏ديداره‌كه‌ بوو.