Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى پێشوازى له‌ شاندێكی هاوپه‌یمانان كرد

2024-01-09T08:03:45.000000Z
هه‌واڵ په‌یوه‌ندیی نێوده‌وڵه‌تی

به‌يانيى ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 2024/1/9 به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان پێشوازى له‌ به‌ڕێز جه‌نه‌راڵ جۆوڵ ڤاوڵ فه‌رمانده‌ی گشتیی هێزه‌كانی هاوپه‌یمانان له‌ عێراق و سووریا و شاندێكى ياوه‌رى كرد.

له‌ كۆبوونه‌وه‌يه‌كدا هاریکاریی هێزه‌کانی هاوپه‌یمانان له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى هه‌ڕه‌شه‌كانى تيرۆر و له‌ناوبردنى يه‌كجاره‌كيى داعش، يارمه‌تيدانى سوپاى عێراق و پێشمه‌رگه‌ به‌ مه‌شق و ڕاهێنان و ڕاوێژى سه‌ربازى، هه‌ڕه‌شه‌كانى تيرۆر له‌ عێراق و سووريا و له‌ ناوچه‌كه‌ به‌گشتى، تاوتوێ كران.

هه‌ردوولا جه‌ختيان له‌ پاراستنی هێزه‌كانى هاوپه‌يمانان و نێرده‌ ديپلۆماتييه‌كان له‌ عێراق كرده‌وه‌ و هاوڕا بوون كه‌ سه‌قامگيريى عێراق بۆ ته‌واوى ناوچه‌كه‌ پێويسته‌ و ده‌بێ هيچ ده‌رفه‌ت نه‌درێت تيرۆر سه‌رهه‌ڵبداته‌وه‌، هه‌روه‌ها باسیان له‌ هێرشه‌ درۆنييه‌كان له‌سه‌ر هه‌رێمى كوردستان کرد.

دۆخی ناوخۆی هه‌رێمی کوردستان، يه‌كخستنه‌وه‌ى پێشمه‌رگه‌، ئاڵۆزييه‌كانى ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست و شه‌ڕ له‌ غه‌ززه‌ و كاريگه‌رييه‌كانى له‌سه‌ر ناوچه‌كه‌ و چه‌ند پرسێكى ديكه‌ى جێى بايه‌خى هاوبه‌ش، ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو كه‌ ژماره‌يه‌ك له‌ ديپلۆماتكاران و به‌رپرسانى سه‌ربازى، ئاماده‌ى بوون.