Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى، نامه‌يه‌كى له‌ وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌ڵمانياوه‌ پێده‌گات

2023-03-28T14:52:19.000000Z
هه‌واڵ په‌یوه‌ندیی نێوده‌وڵه‌تی

به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، نامه‌يه‌كى له‌ خاتوو ئانالێنا بێربۆك وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌ڵمانياوه‌ پێگه‌يشت، تيايدا وێڕاى سوپاسگوزارى بۆ پێشوازيى دۆستانه‌ى به‌ڕێز سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌ كاتى سه‌ردانيدا بۆ هه‌رێمى كوردستان له‌ ڕۆژانى 7 ـ 10ى ئه‌م مانگه‌دا، جه‌خت له‌ به‌رده‌واميى پشتيوانيى وڵاته‌كه‌ى بۆ عێراق و هه‌رێمى كوردستان ده‌كاته‌وه‌ و ئاماژه‌ى بۆ به‌رده‌واميى هه‌بوونى هێزه‌كانى ئه‌ڵمانياى له‌ هه‌رێمى كوردستان داوه‌.

خاتوو بێربۆك هه‌روه‌ها سوپاس و پێزانينى ئه‌ڵمانياى بۆ هه‌رێمى كوردستان ده‌ربڕيوه‌ بۆ ميوانداريكردن و حه‌واندنه‌وه‌ى ئه‌و ئاوارانه‌ى له‌ ئه‌نجامى هێرش و په‌لاماره‌كانى داعش له‌ ساڵى 2014ـه‌وه‌ له‌ هه‌رێمى كوردستان داڵده‌ دراون، به‌تايبه‌تيش ئاواره‌كان له‌ هه‌ردوو پێكهاته‌ى مه‌سيحى و ئێزدى.

هه‌رله‌مباره‌يه‌وه‌ خاتوو بێربۆك پشتگيريى وڵاته‌كه‌ى بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ى ئاواره‌كان بۆ سه‌ر زێد و شوێنى خۆيان دووپات كردووه‌ته‌وه‌، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش هانى هه‌رێمى كوردستان و عێراق ده‌دات بۆ گفتوگۆ و كاركردن له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌. هه‌روه‌ها جه‌ختى كردووته‌وه‌ كه‌ به‌لاى ئه‌ڵمانياوه‌ گرنگه‌ كارى جددى له‌سه‌ر ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى مه‌ترسييه‌كانى گۆڕانى كه‌شوهه‌وا له‌ عێراق و هه‌رێمى كوردستان بكرێت.