Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى پێشوازی له‌ ئه‌نجومه‌نی سه‌ندیكای ڕۆژنامه‌نووسانی كوردستان ده‌كات

2022-03-03T13:44:50.000000Z
هه‌واڵ

پێشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 3/3/2022 به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، پێشوازی له‌ ئه‌نجومه‌نی سه‌ندیكای ڕۆژنامه‌نووسانی كوردستان كرد.

له‌ دیداركدا نه‌قیب و ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی سه‌ندیكای ڕۆژنامه‌نووسان پوخته‌یه‌كیان ده‌رباره‌ی كار و چالاكییه‌كانیان له‌ ڕابردوودا و پلانیان بۆ داهاتوو، هه‌روه‌ها ڕه‌وشی ڕۆژنامه‌گه‌ریی و ئاسته‌نگه‌كانی به‌ر‌ده‌م كاری ڕۆژنامه‌وانی و ڕێوشوێنی باشتر ڕێكخستنی بواره‌كه‌ به‌ جۆرێك هاوسه‌نگییه‌ك له‌نێوان ئازادی و به‌رپرساریدا فه‌راهه‌م بكرێت، خسته ‌ڕوو، هه‌روه‌ها ڕاپۆرتی ساڵی پێشێلكارییه‌كانی بواری ڕۆژنامه‌گه‌رييان پێشكه‌ش به‌ سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان كرد كه‌ ساڵانه‌ له‌لایه‌ن سه‌ندیكاوه‌ ئاماده ‌ده‌كرێت.

لای خۆیه‌وه‌ سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانی وێڕای دووپاتكردنه‌وه‌ی پشتیوانیی به‌رده‌وامى بۆ سه‌ندیكا و كاری ڕۆژنامه‌گه‌ری له‌ هه‌رێمی كوردستان، جه‌ختی له‌ ڕاستبێژی و پیشه‌ییبوونی ڕۆژنامه‌وانان كرده‌وه‌ كه‌ ئه‌ویش له‌ زه‌مینه‌یه‌كی ئازاد و دوور له‌ فشار و پێشێلكاریدا دێته‌ دی. دووپاتیشی كرده‌وه‌ كه‌ گه‌لی كوردستان بۆ ئازادی خه‌باتی كردووه‌، بۆیه‌ ناكرێ ئازادی لێ زه‌وت بكرێ، هه‌روه‌ها هیوای خواست سه‌ندیكای ڕۆژنامه‌نووسان هه‌میشه‌ پارێزه‌ر و داكۆكیكارێكی بوێری ڕۆژنامه‌وانان بێت.

سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى پشتگیریی خۆی بۆ باشتر ڕێكخستنی یاسای كاری ڕۆژنامه‌گه‌ری له‌ هه‌رێمی كوردستان ڕاگه‌یاند به‌ مه‌رجێك‌ هه‌ر هه‌مواركردنێكی یاساكه‌ دواجار‌ له‌ خزمه‌ت گونجاندنی زیاتری زه‌مینه‌ی كاری ڕۆژنامه‌گه‌ری بێت و پره‌نسیپه‌كانی ئازاديی ڕۆژنامه‌گه‌ری له‌به‌رچاو بگرێت.

به‌ڕێزیان پشتیوانی و هاوكاریی خۆی بۆ به‌ستنی كۆنگره‌ی داهاتووی سه‌ندیكای ڕۆژنامه‌نووسان ده‌ربڕی و هیوای خواست ئه‌نجامه‌كانی گوزارشت له‌ خواست و به‌رژوه‌ندیی پیشه‌یيی ڕۆژنامه‌نووسان بكات و ده‌ربڕی خواستی ئازادانه‌ی كۆی ڕۆژنامه‌نووسانی هه‌رێمی كوردستان بێت.

له‌ دیداره‌كه‌دا تاوتوێكردنی دۆخی هه‌رێمی كوردستان و عیراق و دوا پێشهاته‌ سیاسییه‌كان و پرۆسه‌ی گفتوگۆی پێكهێنانی حكوومه‌تی نوێ له‌ به‌غدا و چه‌ند بابه‌تێكی دیكه‌ی په‌یوه‌ست به‌ دۆخی ناوچه‌كه‌‌، گفتوگۆیان له‌باره‌وه‌ كرا.