Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى پێشوازى له‌ باڵيۆزى نوێى قه‌ته‌ر كرد

2024-02-27T09:34:40.000000Z
هه‌واڵ په‌یوه‌ندیی نێوده‌وڵه‌تی

پێشنیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 2024/2/27 به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، له‌ ديدارێكدا له‌گه‌ڵ به‌ڕێز سوڵتان بن موباره‌ك ئه‌لكوبه‌يسى، باڵيۆزى نوێى قه‌ته‌ر له‌ عێراق، وێڕاى پيرۆزبايى بۆ ده‌ستبه‌كاربوون و هيواى سه‌ركه‌وتن له‌ ئه‌ركه‌كانيدا، خۆشحاڵيى خۆى به‌ ئاستى په‌يوه‌ندييه‌كانى قه‌ته‌ر له‌گه‌ڵ ‌عێراق و هه‌رێمى كوردستان ده‌ربڕى و دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ ده‌رفه‌تى باش بۆ بره‌ودان به‌ په‌يوه‌ندييه‌كان و فراوانكردنى هاريكاريى هاوبه‌شى نێوانيان هه‌ن.

لاى خۆيه‌وه ‌به‌ڕێز باڵيۆزى نوێى قه‌ته‌ر، خۆشحاڵيى خۆى به‌ ده‌ستبه‌كاربوونى وه‌ك باڵيۆزى وڵاته‌كه‌ى له‌ عێراق نيشاندا، هه‌روه‌ها جه‌ختى له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ هه‌موو ده‌رگاكانى قه‌ته‌ر به‌ ڕووى عێراق و هه‌رێمى كوردستاندا كراوه‌ن. له‌مباره‌يه‌وه‌ ئاماژه‌ى به‌وه‌ كرد كه‌ قه‌ته‌ر خوازياره‌ له‌ بواره‌كانى وه‌به‌رهێنان، ئابوورى، كولتوورى و چه‌ندين بوارى ديكه‌دا‌ بره‌و به‌ په‌يوه‌ندييه‌كانى له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان بدات.