Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى: واده‌ى هه‌ڵبژاردن به‌ ڕاوێژ له‌گه‌ڵ لايه‌نه‌كان ديارى كراوه‌

2023-04-07T13:54:01.000000Z
هه‌واڵ

ئه‌مڕۆ هه‌ينى، 2023/4/7 دوای به‌شداریكردنی له‌ پرسه‌ی پێشمه‌رگه‌ی دێرین خوالێخۆشبوو مامۆستا شیخه‌ڵڵا ئیبراهیم، له‌ لێدوانێكی ڕۆژنامه‌وانیدا به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان باسی له‌ دوا پێشهاته‌كانی هه‌رێمی كوردستان و عێراق كرد.

سه‌ره‌تا ده‌رباره‌ی خوالێخۆشبوو مامۆستا شێخه‌ڵڵا گوتی: "كاكه‌ شێخه‌ڵڵا تێكۆشه‌رێكی ناسراوی گه‌له‌كه‌مان بووه‌، له‌مێژه‌ ده‌مناسی، واته‌ له‌ ته‌مه‌نی زۆر گه‌نجییه‌وه‌. كاك شێخه‌ڵڵا هه‌میشه‌ جێی ڕێز بووه‌ له‌ناو پێشمه‌رگه‌، له‌ناو كادیرانی پارتی و له‌ هه‌ر شوێنێك كه‌ خه‌باتی كردووه‌، له‌ هه‌ر شوێنێك بووه‌ جێی ڕێز و پێزانين بووه‌ هه‌م بۆ پێشمه‌رگه‌، هه‌م بۆ كایران و ئه‌مڕۆ ده‌بینین بۆ هه‌موو گه‌لی كوردستانیش. ده‌بینین ئه‌مڕۆ خه‌ڵكێكی زۆر به‌شداره‌ له‌ پرسه‌كه‌یدا، ئه‌مه‌ نیشانه‌ی ئه‌و وه‌فادارییه‌یه‌ كه‌ خه‌ڵكی كوردستان سه‌باره‌ت به‌ كاكه‌ شێخه‌ڵڵا هه‌یبووه‌ و به‌تایبه‌تی خه‌ڵكی هه‌ولێر."

سه‌باره‌ت به‌ هه‌وڵه‌كانی به‌ڕێزیان بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی تیمی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان بۆ حكوومه‌ت، به‌ڕێزیان جه‌ختی كرده‌وه‌: "من خۆم داوام كردووه‌ و سه‌رۆك وه‌زیران كاك مه‌سروور داوای كردووه‌ و پێمان وایه‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی تیمی یه‌كێتی بۆ ناو حكوومه‌تی هه‌رێم زۆر پێویسته‌. كێشه‌ هه‌یه‌ به‌ڵام ده‌توانین كێشه‌كان به‌ گفتوگۆ له‌ناو حكوومه‌تدا چاره‌سه‌ر بكه‌ن و بێگومان چاره‌سه‌ریان بۆ ده‌دۆزرێته‌وه‌ له‌ چوارچێوه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیراندا."

سه‌باره‌ت به‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، گوتی: "پێش ده‌ركردنی فه‌رمانى هه‌رێمی، براده‌ران له‌ سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێم سه‌ردانی هه‌موو لایه‌نه‌كانیان كردووه‌ و ئه‌و ڕۆژه‌ی كه‌ بۆ هه‌ڵبژاردنمان دیاری كردووه‌، به‌ ڕاوێژ له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان دامانناوه‌ و وه‌ك ئه‌ركی خۆيشم وه‌ك سه‌رۆكی هه‌رێم ده‌بێت ئه‌و ئه‌ركه‌ جێبه‌جێ بكه‌م و ڕۆژی هه‌ڵبژاردن دیاری بكه‌م. هیوادارم هه‌موو لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی كوردستان هاوكار بن بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردن له‌ واده‌ی دیاریكراوی خۆیدا به‌ڕێوه‌بچێت."

ده‌رباره‌ی ڕێككه‌وتنی هه‌ولێر و به‌غداش، سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانی ئاشكرای كرد: "ڕێككه‌وتنێكی زۆر گرنگه‌ و له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی هه‌موو عێراقدایه‌ و هه‌ر له‌ ڕۆژی یه‌كه‌مه‌وه‌ داكۆكيمان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كردووه‌ته‌وه‌ كه‌ ده‌بێت چاره‌سه‌رێكی عێراقییانه‌ بۆ ئه‌م كێشانه‌ هه‌بێت.

زۆر جار پرسیار له‌وه‌ ده‌كرێت كه‌ ئایا هه‌رێمی كوردستان پێشتریش ئاماده‌ بووه‌ بۆ ڕێككه‌وتن؟ به‌ڵێ، ئێمه‌ پێشتریش ئاماده‌ بووین، به‌ڵام حكوومه‌ت له‌ به‌غدا ئاماده‌ نه‌بووه‌، به‌ خۆشحاڵییه‌وه‌ ئه‌م جاره‌یان حكوومه‌ت له‌ به‌غدا ئاماده‌ بووه‌ و هیوادارین ئه‌م ڕێككه‌وتنه‌ به‌ زووترین كات بكه‌وێته‌ بواری جێبه‌جێكرنه‌وه‌، ڕێككه‌وتنێك كه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی هه‌رێمی كوردستان، به‌رژه‌وه‌ندیی به‌غدا و به‌رژه‌وه‌ندیی هه‌موو پێكهاته‌كانی عێراقدایه‌، ئه‌مه‌ هیوای ئێمه‌یه‌ و په‌نا به‌ خوا ببینین به‌ زووترین كات ئه‌م ڕێكه‌وتنه‌ جێبه‌جێ بكرێت."

سه‌باره‌ت به‌ پرسیارێكی دیكه‌ ده‌رباره‌ی ئه‌وه‌ی كه‌ ئایا هه‌ڵبژاردن له‌ كاتی خۆیدا ئه‌نجام ده‌درێت، سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانی ڕایگه‌یاند: "هیوادارم و هه‌روه‌ك گوتم بۆ خۆمان ئه‌ركی یاسایيی منه‌ وه‌ك سه‌رۆكی هه‌رێم كه‌ واده‌ی هه‌ڵبژاردن دیاری بكه‌م و كاتیشمان هه‌یه‌، به‌ر له‌وه‌ی واده‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كانیش دیاری بكرێت له‌گه‌ڵ هه‌موو لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی كوردستان قسه‌مان كردووه‌ و هیوادارم هه‌موو لایه‌ك پابه‌ندی ئه‌وه‌ بن كه‌ هه‌ڵبژاردن له‌ واده‌ی دیاریكراوی خۆیدا به‌ڕێوه‌ بچێت، چونكه‌ ئه‌مه‌ پرسێكی یاسایی و ئیعتبارییه‌ بۆ هه‌رێمی كوردستان و پێویسته‌ ئه‌نجام بدرێت.