Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

په‌يامى سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى له‌ يادى ڕاپه‌ڕيندا

2023-03-05T06:22:36.000000Z
پەیام و پەیوەندی

يادى سى و دوو ساڵه‌ى ڕاپه‌ڕينه‌ مه‌زنه‌كه‌ى ئازارى 1991 له‌ خانه‌واده‌ سه‌ربه‌ر‌زه‌كانى شه‌هيدانى ڕاپه‌ڕين و ته‌واوى شه‌هيدانى كوردستان و پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌كان و ته‌واوى گه‌لى كوردستان، به‌ هه‌موو پێكهاته‌كانييه‌وه‌ پيرۆز ده‌كه‌م. به‌ ڕێز و شكۆوه‌ يادى شه‌هيدان ده‌كه‌ينه‌وه،‌ سڵاو و دروود بۆ گيانى پاكيان ده‌نێرين.

ڕاپه‌ڕين هه‌ستانێكى مێژوويى و يه‌كلاكه‌ره‌وه‌ى جه‌ماوه‌ريى سه‌رتاسه‌ريى گه‌لى كوردستان بوو به‌ هه‌موو چين و توێژ و پێكهاته‌كانييه‌وه‌ كه‌ به‌ پشتگيريى پێشمه‌رگه‌ و به‌ره‌ى كوردستانى، له‌ دژى سته‌م و زۆردارى ڕاپه‌ڕى. پێشمه‌رگه‌ و ڕۆڵه‌كانى كوردستان بۆ ئازادى، بۆ ژيان و داهاتوويه‌كى باشتر بۆ گه‌لى كوردستان، گيانيان خسته‌ سه‌ر ده‌ست و به‌ره‌نگارى مه‌رگ بوونه‌وه‌.

يه‌كڕيزى و ته‌بايى، هه‌وێنى سه‌ركه‌وتنى ڕاپه‌رين بوو كه‌ هه‌موو ده‌ستكه‌وته‌كانى گه‌لى كوردستانى له‌ ئازادى، په‌رله‌مان، حكوومه‌ت، فيدراڵى و چه‌سپاندنى مافه‌كانى له‌ ده‌ستوورى عێراقى فيدراڵدا به‌ديهێنا. ئێستاش گه‌لى كوردستان به‌ هه‌موو پێكهاته‌ و هێز و لايه‌نه‌ سياسييه‌كانييه‌وه،‌ ده‌بێ وانه‌ى سه‌ركه‌وتن له‌ ڕاپه‌ڕين وه‌ربگرن. ده‌بێ يه‌كڕيزى و ته‌بايى و يه‌كترقبووڵكردن و پێكه‌وه‌كاركردن، بكه‌نه‌ هه‌وێنى سه‌ركه‌وتن و داهاتوويه‌كى باشتر بۆ گه‌له‌كه‌مان.

له‌م ياده‌ شكۆداره‌دا، دووپاتى ده‌كه‌ينه‌وه‌ كه‌ هه‌موو هه‌وڵ و توانامان بۆ ئه‌وه‌ ده‌بێت هه‌موو پێكه‌وه‌ كار بكه‌ين بۆ به‌ديهێنانى ئامانجه پيرۆزه‌‌كانى ڕاپه‌ڕين و ئه‌و خه‌ونانه‌ى شه‌هيدان له‌پێناوياندا گيانیان به‌خشى. وه‌ك چۆن له‌ ڕاپه‌ڕيندا پێكه‌وه‌ سه‌ركه‌وتين، گه‌لى كوردستان به‌ هه‌موو ڕه‌نگ و پێكهاته‌كانيه‌وه‌ سه‌ركه‌وت، ئێستاش سه‌ركه‌وتن و مسۆگه‌ركردنى داهاتوويه‌كى باشتر بۆ گه‌لى كوردستان، ته‌نيا و ته‌نيا يه‌كڕيزى و ته‌بايى و پێكه‌وه‌يى و يه‌كترقبووڵكردنه‌.

به‌رز و شكۆدار بێت يادى ڕاپه‌ڕين.

شاد و ئارام بێت گيانى شه‌هيدان.

نێچيرڤان بارزانى

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان

3023/3/5