Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ شاندێكی باڵای حكوومه‌تی عێراق كۆبووه‌وه‌

2019-07-25T15:48:01.000000Z
هه‌واڵ

له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كی به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ لیژنه‌ی باڵای هاوبه‌شی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و حكوومه‌تی فیدرالی عێراق، هه‌ردوولا هه‌نگاوه‌كانی لیژنه‌كه‌یان به‌ ده‌رفه‌تێكی باش زانی تا بتوانن چاره‌سه‌ر بۆ كێشه‌ هه‌ڵواسراوه‌كان له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌ستووری عێراق بدۆزنه‌وه‌، هه‌روه‌ها له‌سه‌ر به‌رده‌وامیی كۆبوونه‌وه‌كان بۆ لابردنی ئاسته‌نگه‌كان و گه‌یشتن به‌ لێكگه‌یشتن و دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌ر كه‌ له‌ به‌رژوه‌ندیی هه‌رێمی كوردستان و عێراقدا بێت، كۆك بوون.

هه‌ر له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا كه‌ ئێواره‌ی ئه‌مرۆ پێنجشه‌ممه‌ 25/7/2019 له‌ هه‌ولێر به‌ڕێوه‌ چوو، به‌ڕێز سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان سوپاسی هه‌ڵوێستی به‌ڕێز عادل عه‌بدولمه‌هدی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراقی فیدرال و لیژنه‌ی باڵای هاوبەشی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌تی فیدرالى كرد كه‌ هه‌وڵه‌كانیان به‌مه‌به‌ستی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانه‌ و له‌مباره‌یه‌وه‌ پاڵپشتیی خۆی بۆ هه‌نگاوه‌كانی هه‌ردوولا نیشان دا و وێڕای جه‌ختکردنه‌وه‌ له‌سه‌ر كاری هاوبه‌ش و یه‌كتیمی‌، هه‌روه‌ها دووپاتی كرده‌وه‌ كه‌ تێڕوانین و بڕیاری هه‌رێمی كوردستان دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌ره‌ له ‌چوارچێوه‌ی عێراق و له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌ستوور كه‌ ببێته‌ هۆكاری سه‌قامگیری و به‌روپێشبردنی په‌یوه‌ندیی هه‌ردوولا.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا شاندی میوان خۆشحاڵیی خۆیان به‌ تێڕوانینی هه‌رێمی كوردستان بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان نیشان دا و پوخته‌یه‌كیشیان له‌سه‌ر كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆی لیژنه‌ی باڵای هاوبه‌شی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و حكوومه‌تی فیدرال و تێڕوانینی به‌غدا بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان، خسته‌ڕوو.