Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ باڵيۆزى ئه‌مه‌ریكا كۆده‌بێته‌وه‌

2019-07-17T16:27:25.000000Z
په‌یوه‌ندیی نێوده‌وڵه‌تی

له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كی به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستاندا له‌گه‌ڵ به‌ڕێز ماتیۆ توله‌ر باڵیۆزی ئه‌مه‌ریكا له‌ عێراق و شاندی یاوه‌ری، به‌ڕێز توله‌ر پیرۆزبایی دامه‌زراندنی كابینه‌ی نوێی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی له‌ به‌ڕێز سه‌رۆكی هه‌رێم كرد و هیوای سه‌ركه‌وتنی بۆ خواست، هه‌روه‌ها نیگه‌رانیی خۆی بۆ ڕووداوه‌ تاوانكارييه‌كه‌ى ئه‌مڕۆی ته‌قه‌كردن له‌ ڕێستۆرانتێكی هه‌ولێر ده‌ربڕی و پشتگیریی خۆی بۆ ئارامی و سه‌قامگیریی هه‌رێمی كوردستان نیشان دا.

هه‌ر له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا كه‌ ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 17/7/2019 له‌ هه‌ولێر به‌ڕێوه‌ چوو، په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌ولێر ـ به‌غدا و چاره‌سه‌ركردنی ده‌ستووريى كێشه‌كان، په‌ره‌پێدانی زیاتری په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و ئه‌مه‌ریكا، به‌رده‌وامیی هاوكاریی نێوان هه‌رێمی كوردستان و عێراق و هاوپه‌یمانان بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى تیرۆر له‌و ناوچانه‌ی مه‌ترسیی سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌یان هه‌یه، هاندانی كۆمپانیاكان بۆ به‌شداریكردن له‌ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی ناوچه‌ زیانبه‌ركه‌وتووه‌كان، خرایه‌ به‌ر باس و گفتوگۆ.

لاى خۆيه‌وه‌ سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى، سوپاسى پشتگيرى و هاوكارييه‌كانى ئه‌مه‌ريكاى بۆ هه‌رێمى كوردستان و عێراق كرد و جه‌ختى له‌ خواست و ئاماده‌ييى هه‌رێمى كوردستان بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان له‌گه‌ڵ حكوومه‌تى فيدرالى عێراق له‌سه‌ر بنه‌ماى ده‌ستوور كرده‌وه‌.

تاوتوێكردنی دۆخی ناوچه‌كه‌ به‌ گشتی و پرۆگرامی داهاتووی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ به‌رده‌وامیدان به‌ چاكسازییه‌كان و ڕێكخستنه‌وه‌ی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌‌، لایه‌نێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو.