Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی له‌ سه‌ركردایه‌تیی پارتی دیموكراتی كوردستان کرد‌

2019-07-22T13:52:01.000000Z
هه‌واڵ

له‌ دیدارێكی به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستاندا له‌گه‌ڵ ئه‌ندامانی سه‌ركردایه‌تیی پارتی دیموكراتی كوردستان كه‌ به‌مه‌به‌ستی پیرۆزباییكردن سه‌ردانی به‌ڕێزيان كردبوو، شاندی ميوان وێڕای پیرۆزباییکردن و دووپاتکرده‌وه‌ی پاڵپشتیی خۆیان بۆ به‌ڕێزیان، ڕۆڵی به‌ڕێز سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستانیان له‌ قۆناغه‌ جیاوازه‌كانی ڕابردوودا له‌ تێپه‌ڕاندنی قه‌یرانانه‌كان و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان، به‌رز نرخاند.

هه‌ر له‌ دیداره‌كه‌دا كه‌ ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 22/7/2019 له‌ هه‌ولێر به‌ڕ ێوه ‌چوو، به‌ڕێز سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان سوپاسی پاڵپشتی و هاوكاریی پارتی دیموكراتی كوردستانی كرد له‌ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ته‌حه‌ددی و تێپه‌ڕاندنی قه‌یرانه‌كان، هه‌روه‌ها جه‌ختی له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ یه‌كڕیزیی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی كوردستان و هاوكارییان له‌سه‌ر ئاستی هه‌رێمی كوردستان و عێراق، ڕۆڵ و پێگه‌ی هه‌رێمی كوردستان به‌هێزتر ده‌كات و له‌مباره‌یه‌وه‌ پێداگری له‌سه‌ر ڕۆڵی‌ پارتی دیموكراتی كوردستان كرد.