ئەمڕۆ هەینی، 2026/3/13 بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ بەڕێز ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا، بە توندی سەرکۆنەی هێرشی تیرۆریستیی شەوی ڕابردووی سنووری مەخمووری بۆ سەر سەربازگەیەکی هاوبەشی پێشمەرگە و هێزەکانی فەرەنسا لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیدا کرد کە لە ئەنجامدا سەربازێکی پلەداری فەرەنسی گیانی لەدەست دا و ژمارەیەکی دیکەشیان بریندار بوون.
سەرۆک نێچیرڤان بارزانی، سەرەخۆشی و هاوخەمیی قووڵی خۆی و گەلی کوردستانی ئاراستەی سەرۆک ماکرۆن و گەل و حکوومەتی فەرەنسا و خێزان و هاوڕێیانی ئەو سەربازە فەرەنسییە کرد کە لەپێناو پاراستنی ئاسایش و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا لە هەرێمی کوردستان گیانی بەخشی. هەروەها دووپاتی کردەوە کە بیر و دڵمان لای ئەوانە و هیوای زوو چاکبوونەوەی بۆ بریندارەکان خواست.
سەرۆک نێچیرڤان بارزانی سوپاس و پێزانینی بۆ پشتگیری و هاوکاریی فەرەنسا لە عێراق و هەرێمی کوردستان و قوربانیدانی هێزە سەربازییەکانی فەرەنسا لە هەرێمی کوردستان دەربڕی. هەروەها دووپاتی کردەوە کە پێویستە حکوومەتی عێراق ئەرکی خۆی جێبەجێ بکات بۆ ڕێگەگرتن لە هێرشی ئەو گرووپانە و سزادانیان، تاکوو چیتر بەرژەوەندییەکانی وڵات و پەیوەندییەکان لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی نەکەونە مەترسییەوە.
لای خۆیەوە سەرۆک ماکرۆن، سوپاس و پێزانینی بۆ پەیوەندی و هاوخەمیی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی و گەلی کوردستان دەربڕی و دووپاتی کردەوە کە فەرەنسا لە پشتگیری و هاوکاریکردنی عێراق و هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت.
تاوتوێکردنی دوایین پێشهاتەکانی شەڕ و لێکەوتەکانی لەسەر ناوچەکە، تەوەرێکی دیکەی پەیوەندییەکە بوو. تيایدا هەردوولا جەختیان لە چڕکردنەوەی هەوڵەکان بۆ ڕاگرتنی شەڕ و چارەسەری کێشەکان بە شێوەیەکی ئاشتییانە کردەوە.