Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

سەرۆک نێچیرڤان بارزانی پيرۆزبايى له‌ سەرۆکوەزیران ئه‌لزه‌يدى ده‌كات

2026-05-15T10:53:00.000000Z
هه‌واڵ په‌یوه‌ندیی ناوخۆیی

بە بۆنەی وەرگرتنی متمانەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و دەستبەکاربوونی كابينه‌كه‌يانه‌وه‌، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی براى ئازيزم به‌ڕێز عەلی فالح ئەلزەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراقى فيدراڵى دەکەم. هیوای ته‌واوى سەرکەوتن بۆ خۆیان و تیمی حکوومەتەکەیان دەخوازم لە ڕاپەڕاندنی ئەرکە گەورەکانیاندا.


هیوادارین دەستبەکاربوونی ئەم کابینە نوێیە، سەرەتای قۆناغێکی نوێی سەقامگیری و گەشەپێدان بێت بۆ هه‌موو عێراق. ئێمە لە هەرێمی کوردستان، ئامادەیيی تەواوی خۆمان دووپات دەکەینەوە بۆ کارکردنی هاوبەش لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی، لەسەر بنەمای دەستوور و هاوبەشیی ڕاستەقینە و هاوسەنگی، بەمەبەستی چارەسەرکردنی هەموو کێشە هەڵپەسێردراوەکان و دابینکردن و پاراستنی مافە دەستوورییەکانی هەموو پێکهاتەکان.

عێراق وڵاتێكى ده‌وڵه‌مه‌ند و خاوه‌ن توانايه‌، عێراقييه‌كان، به‌ هه‌موو پێكهاته‌كانييەوە، شایانی ژیانێکی شایستە و خزمەتگوزاریی باشتر و ئاسایش و سه‌قامگيريى بەردەوامن. متمانەمان هەیە کە بە هەوڵی هەموو لایەک و بە گیانی به‌رپرسانه‌ى تەبایی و هاريكاريى نیشتمانی، دەتوانین بەرەو داهاتوویەکی باشتر هەنگاو بنێین و پێکەوە ڕووبەڕووی هه‌موو كێشه‌ و ئاڵنگارییەکان ببینەوە.


نێچیرڤان بارزانی
سەرۆکی هەرێمی کوردستان
2026/5/15