ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه 30/10/2024 به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، به‌شداری له پانێڵێكی دیداری ساڵانه‌ی ئینستیتیوتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ توێژینەوە (مێری)دا كرد كه ژماره‌یه‌ك له به‌رپرسانی حكوومی و حزبی و نوێنه‌رانی وڵاتانی بیانی و مامۆستایانی زانكۆ و كه‌سایه‌تیی ناوخۆ و ده‌ره‌وه تیایدا ئاماده بوون.
له پانێڵه‌كه‌دا سه‌ره‌تا له وه‌ڵامی پرسیارێكدا سه‌باره‌ت به هه‌وڵه‌كانی به‌ڕێزیان بۆ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی خولی شه‌شه‌می په‌رله‌مانی كوردستان و گرنگیی هه‌ڵبژاردنه‌كه، به‌ڕێزیان گوتی:
"خۆشحاڵم جارێكی تر له دیداری مێری به دیداری هه‌مووتان شاد ده‌بم و به‌خێر بێن. پرسی هه‌ڵبژاردن پرسێكی گرنگ بوو بۆ هه‌رێمی كوردستان، ئێوه ده‌زانن هه‌ڵبژاردن سه‌رچاوه‌ی ڕه‌وایه‌تیدانه به ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێمی كوردستان و دواكه‌وتنی هه‌ڵبژاردن به‌ڕاستى بۆ هه‌رێمی كوردستان زۆر خراپ بوو. بێگومان به هه‌وڵ و كۆششێكی زۆر له‌گه‌ڵ به‌غدا كه ده‌توانم لێره‌وه ئاماژه به‌وه بده‌م به‌ڕاستی یارمه‌تیده‌ری ئێ‌كجار زۆر بوون له به‌غدا، خودی جه‌نابی سه‌رۆكوه‌زیران به‌ڕێز سوودانی و سه‌رۆكی ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری به‌ڕێز فایه‌ق زێدان و سه‌رۆكی دادگای فیدراڵی به‌رێز جاسم محه‌مه‌د عه‌ببوود، هه‌روه‌ها په‌رله‌مانی عێراقیش به شێوه‌یه‌كی گشتی هه‌موویان یارمه‌تیده‌ر بوون. جێی خۆیه‌تی سوپاسێكی تایبه‌تی كۆمسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنی عێراق بكه‌م كه به‌ڕاستی زۆر به شێوه‌یه‌كی پيشه‌يى و زۆر به شێوه‌یه‌كی بێلایه‌نانه كاره‌كه‌یان جێبه‌جێ كرد. هه‌ڵبژاردن گرنگه له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردن ڕه‌وایه‌تیی ده‌سه‌ڵات ده‌دات به هه‌ر كه‌سێك كه له هه‌ڵبژاردن بباته‌وه و هه‌رێمی كوردستان له چوارچێوه‌ی عێراقدا ئه‌م مۆدێله‌ی هه‌ڵبژاردووه، عێراقیش ئه‌م مۆدێله‌ی هه‌ڵبژاردووه، ئه‌ويش دیموكراسی و پرسی یه‌كلاكردنه‌وه‌ی بابه‌تی ده‌سه‌ڵاته له ڕێگه‌ی سه‌ندوقی ده‌نگدانه‌وه. بۆیه ئه‌م هه‌ڵبژاردنانه بۆ هه‌رێمی كوردستان گرنگ بوون. ئه‌وه‌ی كه جێی خۆیه‌تی بڵێم، براوه‌ی گه‌وره له‌م هه‌ڵبژاردنه گه‌لی كوردستان و عێراق بوو، من وا ده‌یبینم. كه‌م نییه، نزیكه‌ی حه‌فتا و دوو له‌سه‌دی خه‌ڵك به‌شدارییان له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا كرد. هه‌ندێك شتی بچووك ڕوویدا، بێگومان وه‌كو هه‌ر هه‌ڵبژاردنێك له جیهان له‌وانه‌یه هه‌ندێك كێشه‌ش ڕووبدات، به‌ڵام ئه‌گه‌ر سه‌یری بكه‌ن به شێوه‌یه‌كی گشتی و به‌راوردی بكه‌ن له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژاردنه‌كانی دیكه، خۆشبه‌ختانه ده‌بینین پرۆسه‌ی دیموكراسی له كوردستان به شێوه‌یه‌كی باش له‌سه‌ر ڕێچكه‌یه‌كی دروست خه‌ریكه گه‌شه ده‌كات. ناڵێم هه‌موو شتێك ته‌واوه و هیچ كێشه‌یه‌ك نییه، به‌ڵام له چوارچێوه‌ی پرۆسه‌یه‌كی دیموكراسیدا گه‌لی كوردستان سه‌لماندی شایسته‌ی ئه‌وه‌یه كه له‌مه زیاتری بۆ بكرێت. ئه‌م گه‌له شایسته‌ی ئه‌وه‌یه كه سوپاس بكرێت. بێننه به‌ر چاوتان دوو حزبی ڕكابه‌ر له یه‌ك كاتدا، له یه‌ك كاتژمێردا له هه‌ولێر له دوو شوێنی جیاواز بانگه‌شه‌یه‌كی گه‌وره‌ی هه‌ڵبژاردنیان ده‌كرد و هه‌ر یه‌ك بۆ حزبی خۆی و هیچ كێشه‌یه‌كیش ڕووینه‌دا. ئه‌مه نیشانه‌ی ئه‌وه‌یه كه گه‌لی ئێمه به‌و هۆشیارییه‌ی ئێستا پێی گه‌یشتووه، پێى وايه ده‌بێت كێشه‌كان به شێوه‌یه‌كی دیموكراسی چاره‌سه‌ر بكرێت. گه‌شه‌یه‌كی زۆری كردووه، جێی خۆیه‌تی پیرۆزبایی له هه‌موو گه‌لی كوردستان بكه‌م بۆ ئه‌م هه‌ڵبژاردنانه كه به هه‌موو پێوه‌رێك هه‌ڵبژاردنێكی زۆر سه‌ركه‌وتوو بوو".
سه‌باره‌ت به گلهیيی هه‌ندێك حزبی ئۆپۆزسیۆن له پرۆسه‌كه و ئه‌نجامی ده‌نگدان، له به‌رامبه‌ریشدا به خاوێن وه‌سفكردنی هه‌ڵبژاردن له‌لایه‌ن یوونامی و چه‌ند لایه‌نێكی دیكه‌ی نێودهوڵهتيیهوه، هه‌روه‌ها ده‌رباره‌ى بهكۆتانههاتنی نه‌فه‌سی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن و ترسی دروستبوونی ئاسته‌نگ له‌به‌رده‌م پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكوومه‌تی هه‌رێمى كوردستان و ڕۆڵی به‌رێزیان له‌مباره‌یه‌وه، سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانی ڕایگه‌یاند:
"له‌م پرۆسه‌یه‌دا گه‌لی كوردستان سه‌ركه‌وت و ئه‌وانه‌ی كه ئۆپۆزسیۆنیشن، ئه‌وانیش به‌شێكن له‌م ميللهته و له‌م هێزه سیاسییانه‌ی كه ئه‌مڕۆ له هه‌رێمی كوردستان هه‌ن. ئه‌م هه‌ڵبژاردنه تازه ته‌واو و ئێمه هه‌ڵبژاردنمان ئه‌نجام داوه و ناتوانین جارێكی دیكه هه‌ر له كه‌شوهه‌وای هه‌ڵبژاردندا بین و دژی یه‌كتر قسه بكه‌ین. ئێمه ده‌بێت پێكه‌وه كار بكه‌ین و ئه‌وه‌ی كه له به‌رده‌م ئێمه‌یه، زۆر زۆر گه‌وره‌تره له‌وه‌ی كه ڕۆیشتووه. ئۆپۆزسیۆن ده‌توانێت ڕۆڵی خۆی له په‌رله‌مان ببینێت ئه‌گه‌ر ئۆپۆزسیۆن هه‌یه. خۆی بوونی ئۆپۆزسیۆن له هه‌ر سیسته‌مێكی سیاسی‌دا ده‌توانێت یارمه‌تیده‌ر بێت بۆ چاودێریكردنی حكوومه‌ت و ئه‌دای حكوومه‌ت، ئێمه‌ش وا سه‌یری ده‌كه‌ین و هه‌ندێك له‌م حزبانه دێنه ده‌سه‌ڵات، هه‌ندێكیشیان وه‌ك ئۆپۆزسیۆن له په‌رله‌مان ده‌مێننه‌وه، به‌ڵام ئه‌مانه دوژمنی یه‌كتر نین، نه ئه‌وه‌ی له ده‌سه‌ڵاته دوژمنی ئۆپۆزسیۆنه و نه ئۆپۆزسيۆن دوژمنی ده‌سه‌ڵاته. دوژمنداری نییه، ڕكابه‌رییه‌كی سیاسی هه‌یه، به‌ڵام وه‌ك دوژمن ئێمه دوژمنی یه‌كتر نین زۆر ئاسایيیه. پێموایه هێزه سیاسییه‌كانی كوردستان به هه‌ر هه‌موویانه‌وه له به‌رده‌م تاقیكردنه‌وه‌یه‌كی زۆر گه‌وره‌دان. حه‌فتا و دوو له سه‌دی خه‌ڵكی كوردستان به‌شداری كردووه له هه‌ڵبژاردن، ئه‌مه په‌یامه، چ په‌یامێكه؟ په‌یامێكه به ئێمه ده‌ڵێت و به هێزه سیاسییه‌كان ده‌ڵێت كه ئێمه ئه‌و باوه‌ڕه‌مان به ئێوه دا، به‌ڵام ئێوه‌ش ده‌بێت له ئاستی چاوه‌ڕوانيی ئه‌و باوه‌ڕه‌دا بن ئه‌وه‌ی كه ئێمه به ئێوه‌مان داوه. هێزه سیاسییه‌كان ده‌بێت د‌رك به‌وه بكه‌ن كه تا ئێستا له كه‌شوهه‌وای هه‌ڵبژاردن ده‌رنه‌چوون. كاكه، ته‌واو بوو و قسه‌كانمان كرد و هه‌ریه‌ك به‌ش به حاڵی خۆی هه‌وڵی دا به بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن خه‌ڵك ڕازی بكات، خه‌ڵكیش ده‌نگی خۆی دا به‌و لایه‌نه‌ی كه مه‌به‌ستی بوو و ده‌یه‌وێ. تازه ته‌واو، به مانه‌وه له‌و كه‌شوهه‌وایه زیان ده‌كه‌ین. بۆ زیان ده‌كه‌ین؟ زیان ده‌كه‌ین چونكه گۆڕانكاریی گه‌وره له ناوچه‌كه‌دا خه‌ریكه ڕووده‌دات. ناكرێت جارێكی دیكه ميلله‌تی خۆمان بێ هیوا بكه‌ین. ده‌بێت به زووترین كات، نازانم ئه‌و زووترین كاته چه‌نده، به‌ڵام ده‌بێت به زووترین كات هه‌وڵ بده‌ین حكوومه‌تێك دروست بكه‌ین و لایه‌نه‌كان ده‌ست پێبكه‌ن له‌گه‌ڵ یه‌كتری قسه بكه‌ن، ئه‌مه‌ش هه‌مووی خۆی پرۆسه‌یه‌كه و ئه‌مڕۆ به‌یانی كۆمسیۆن ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنی به شێوه‌یه‌كی فه‌رمی ڕاگه‌یاند و دوای ئه‌وه پرۆسه‌ی دیكه هه‌یه، سكاڵا و سكاڵاكاری و ئه‌وانه. له‌گه‌ڵ ڕێزم بۆ هه‌موو ئه‌و هێزانه‌ی كه باس له هه‌ندێك كێشه ده‌كه‌ن، پێموایه یه‌كێك بووه له پرۆسه هه‌ره پاكهكان له هه‌ڵبژاردنه‌كان كه تا ئێستا له هه‌رێمی كوردستان ئه‌نجام درابێت و ئێستا كاتی ئه‌وه هاتووه به دڵێكی فراوانه‌وه لایه‌نه سیاسییه‌كان له‌گه‌ڵ یه‌كتر دابنیشن. بێگومان هه‌ندێك ڕێكاری پرۆتۆكۆڵی هه‌یه، دوای ئه‌وه‌ی كه سه‌یری تانه‌كان ده‌كرێت، به‌پێی یاسا سه‌رۆكی هه‌رێمى كوردستان ده‌بێت داوای كۆبوونه‌وه‌ی په‌رله‌مان بكات كه ئه‌م پرۆسه‌یه هه‌موو ئه‌نجام ده‌ده‌ین و له پاڵ ئه‌وه‌دا پێموایه هێزه سیاسییه‌كان هه‌ر له ئێستاوه ده‌ستیانكردووه بەوەی له‌گه‌ڵ یه‌كتری گفتوگۆ بكه‌ن و ئینجا نازانم بۆ هاوپه‌یمانی به ته‌واوی، به‌ڵام له ئه‌نجامدا خۆ ژماره‌كان ئاشكران كه كێ ده‌توانێت له‌گه‌ڵ كێ قسه بكات و كێ ده‌توانێت چی بكات؟ خۆ ئه‌مانه كورسییه و ژماره‌یه و له‌وه زیاتر هیچی دیكه‌ت به‌ده‌سته‌وه نییه و به‌پێی ئه‌و ژمارانه ده‌بێت حكوومه‌تێكی هاوپه‌یمانێتی بێت، ئینجا ئه‌و هاوپه‌یمانێتییه چۆن دروست ده‌كرێت؟ پێموایه هێزه سیاسییه‌كان ده‌بێت زیاتر ته‌ركیز له‌سه‌ر ئه‌م خاڵه بكه‌ن، چونكه هیچ هێزێك له كوردستان ئه‌وه‌نده كورسی نییه بتوانێت خۆی به ته‌نیا ئه‌م كاره بكات. بێگومان ده‌بێت له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی دیكه هه‌وڵ بدات هاوپه‌یمانی دروست بكات. ئه‌وه‌ی كه گرنگه به زووترین كات ده‌بێت حكوومه‌تێك دروست بكرێت بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و حكوومه‌ته‌ی كه گه‌لی كوردستان به هه‌موو پێكهاته‌كانییه‌وه چاوه‌ڕێی ده‌كات و ئه‌مه ئه‌مڕۆ گرنگه بۆ كوردستان و بۆ پێگه‌ی هه‌رێمی كوردستانیش له به‌غدا گرنگه".
هه‌ر سه‌باره‌ت به‌و ترسه‌ی له ڕاگه‌یاندن و گفتوگۆ سیاسییه‌كانەوە باس ده‌كرێت كه پێچه‌وانه‌ی گه‌شبینیی به‌ڕێزیانه، به‌تایبه‌ت كه یه‌كێتی و پارتی سازش بۆ یه‌كتری ناكه‌ن و زۆر جار بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان په‌نا بۆ ده‌زگا یاساییيهكانی به‌غدا ده‌به‌ن، هه‌روه‌ها ده‌رباره‌ى ڕۆڵی سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێم به‌تایبه‌ت به‌ڕێز سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان بۆ قۆناغی داهاتوو، به‌ڕێزیان ئاشكرای كرد:
"ئه‌گه‌ر سه‌یری پرۆسه‌كه بكه‌ین، سه‌یری هه‌ڵبژاردن بكه، چه‌ند جار هه‌ڵبژاردنمان دواخست؟ پێموایه سێ چوار جار، چوار جار، به‌ڵام له ئه‌نجامدا هه‌مان شت باس ده‌كرا و ده‌یانگوت هه‌ڵبژاردن ناكرێت چونكه پارتی و یه‌كێتی ناهێڵن بكرێت، خۆ هه‌ڵبژاردن كرا، ده‌یانگوت ئه‌گه‌ر هه‌ڵبژاردن كرا، كێشه دروست ده‌بێت، كێشه‌یه‌كی گه‌وره دروست ده‌بێت، بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنیش بوو و كێشه‌ش دروست نه‌بوو، ئێمه ئه‌م قۆناغه‌مان جێهێشتووه. سه‌باره‌ت به پرسی دوو ئیداره‌ییش من له قسه‌كانی پێشتریش گوتوومه، نابین به دوو ئیداره، ده‌بین به سفر ئیداره. واته نابینه دوو ئیداره، دوو ئیداره‌ی چی؟ هه‌رێمی كوردستان چوارچێوه‌یه‌كی ده‌ستووریی هه‌یه، هه‌رێمی كوردستان به‌پێی ده‌ستووری عێراق كه نزیكه‌ی سه‌دا هه‌شتای گه‌لی عێراق ده‌نگی بۆ داوه، به‌پێی ئه‌وه دروست بووه، هه‌رێمی كوردستان قه‌واره‌یه‌كی سیاسییه له چوارچێوه‌ی عێراقدا و به‌پێی ده‌ستووری عێراق. ڕێكاری دروستبوونی هه‌رێمیش ڕوونه به‌پێی ده‌ستوو كه ده‌بێت به چ شێوه‌یه‌ك بێت. ئه‌وه‌ی كه ئاماژه پێده‌ده‌ی له پرسی سه‌قفه‌كه، پێموایه ئێستا كاتیه‌تی، بۆ؟ هه‌ڵبژاردنێكی سهركهوتوومان به‌ڕێكرد، زۆر سه‌ركه‌وتوو بوو، پرسی ڕه‌وایه‌تیدان به داموده‌زگاكانی هه‌رێمی كوردستان ئه‌مڕۆ له ده‌ره‌وه و له ناوه‌وه گۆڕانكاری به‌سه‌ردا هاتووه. پێموایه له ساڵی 1991ه‌وه ئه‌مه گرنگترین هه‌ڵبژاردنی هه‌رێمی كوردستان بووه، ئێستا ڕێك كاتیه‌تی دوای ئه‌و هه‌موو كێشانه‌ی دروست بوون، ئینجا له دادگای فیدراڵی بگره ئه‌وه‌ی كه ئاماژه‌تان پێكرد، هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی په‌رله‌مان و هه‌ر شتێك، ئێستا كاتیه‌تی دووباره ده‌ست به‌وه بكه‌ین مۆدێلێكی ڕێك‌وپێك بدۆزینه‌وه كه چۆن له‌گه‌ڵ به‌غدا بتوانین كێشه‌كان چاره‌سه‌ر بكه‌ین. به‌ڵام ئه‌م كێشانه چۆن چاره‌سه‌ر ده‌كرێن؟ ئه‌م كێشانه وا چاره‌سه‌ر ده‌بن سه‌ره‌تا ده‌بێت ناوماڵی خۆت ڕێكخهی و بزانیت چیت ده‌وێت و حكوومهتێكت هه‌بێت، حكوومه‌تێكی كارات هه‌بێت، حكوومه‌تێكی به‌هێزت هه‌بێت، به‌هێز به مانای ئه‌وه‌ی بتوانێت وه‌ڵامگۆی داواكاریی خه‌ڵك بێت به‌و مانایه به‌هێز. ده‌بێت هه‌وڵ بدات ڕێگه‌ی لێكتێگه‌یشتن و ڕێگه‌ی چاره‌سه‌ری كێشه‌كان له‌گه‌ڵ به‌غدا بدۆزێته‌وه. با ڕاشكاو بین له‌م بابه‌ته‌دا، مامه‌ڵه‌ی به‌غدا له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان مامه‌ڵه‌یه‌كی فیدراڵی نییه، هیچ فیدراڵی نییه و زۆر زۆریش ناوه‌ندییه. به سیسته‌م له عێراقدا شتێكمان هه‌یه واته به سیستم ده‌ڵێین فیدراڵی، به‌ڵام له ڕاستیدا له ناوه‌ڕۆكدا هه‌موو شتێكه ته‌نیا فیدراڵی نییه.
بێگومان ئەم قسانەم لەگەڵ بەغداش کردووە بە بەردەوامی، ئەوە نییە کە تەنیا لێرە بیڵیم. لەگەڵ برایانی خۆمان لە بەغدا، لەگەڵ سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی بەغدا زۆر ڕاشکاوانە قسەم کردووە. گوتوومە ئەگەر ئێمە بمانەوێت عێراق لە ئاشتەوایی بێت لەگەڵ گەلی خۆی و لەڕووی سیاسییەوە لە دۆخێکی ئارام‌دا بێت، کلیلی چارەسەر ئەوەیە کە دەبێ لەگەڵ هەرێمی کوردستان کێشەکان چارەسەر بکات. لە ساڵی 2003ـوە قسەکانی ئێمە لە هەردوولا ئەوەیە، دەستوور نێوبژیوانە، بەڵام لە ڕاستیدا ئێمە نابینین بەو شێوەیە بێت. بێگومان ئەم گلەییيە ئەوە نییە کە تەنیا لە بەغدای بکەم، باسی هەرێمی کوردستانیش دەکەم. بەڵام پێم وایە ئەم هەڵبژاردنە دەرفەتێکی گەورەی ڕەخساندووە، دەرفەتێکی نوێی ڕەخساندووە بۆ ئەوەی لەگەڵ بەغدا بگەینە چارەسەرێک کە جێگەی ڕەزامەندیی هەرێمی کوردستان و بەغدا بێت و خێری هەموو عێراقی تێدا بێت. ئەم هەڵبژاردنە گرنگە و دەبێ ئێمە حکوومەتێکی کارا و بەهێز بە زووترین کات دروست بکەین و بکەوینە گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا بۆ هەموو ئەو کێشانەی کە ئێمە ئەمڕۆ هەمانن. مەسەلەی بودجەیە، مەسەلەی مادەی 140ـە، واتا کێشەکان هەر ئەوە نین کە ئەم دووانە بن، زۆر کێشەی دیکە هەن.
ساڵی 2003 کورد بەشداریی پرۆسەی سیاسی بوو لە عێراق، بەو هیوایەی ئەو عێراقە ببێتە عێراقێکی دیموکراسی و فیدراڵ. ئێمە بەر لە ساڵی 2003 هەمان ئەو دۆخەی ئێستامان هەبوو، زۆر جیاواز نەبوو، بەڵام ئێمە بەو هیوایە چووین و بەشداریمان لە پرۆسەی سیاسيدا کرد زۆر كارا، بۆ ئەوەی ئەو سیستمە جێگیر بێت. ئەمڕۆ پرسیارەکە ئەوەیە بەرەو کوێ؟ تا کەی ئێمە هەر بڵێین دەستوور، دەستوور، دەستوور کە تائێستاش نابینین هیچ هەنگاوێک بۆ جێبەجێکردنی دەستوور بنرێت. زۆرجار دەڵێم ئەم وڵاتانەی دەرەوە، ئەورووپا، ئەمه‌ریکا گەورەترین یارمەتییان بۆ کوردستان و عێراق یەک شتە؛ یارمەتیمان بدەن چۆن دەستووری عێراق جێبەجێ بکرێت له به‌غدا. دیدگای من وایه و به برایانی خۆشم گوتووه له به‌غدا، ئه‌وان ده‌ڵێن ئێوه له هه‌رێمی كوردستان گرنگيی ناده‌ن به به‌غدا و ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی كه به خۆتان داوه نه‌ك فیدراڵی، به‌ڵكو له فیدراڵییش زیاتره. ئه‌وان وا هه‌رێم ده‌بينن، ئه‌وان وا هه‌رێم ده‌بينن و ده‌ڵێن ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی كه به خۆتان داوه له كۆنفيدراڵيیش زیاتره. ئه‌ى ئێمه له هه‌ولێر چۆن به‌غدا ده‌بینین؟ ده‌ڵێین شێوه‌ی مامه‌ڵه‌ی ئێوه له‌گه‌ڵ ئێمه، نه‌ك هه‌ر فیدراڵی نییه، به‌ڵكو له ناوه‌ندیيش ناوهندیتره! باشه له‌نێوان ئه‌م دوو بۆچوونه‌دا، ناوه‌ڕاسته‌كه‌ی له كوێیه؟ ئه‌و ناوه‌ڕاسته له كوێیه كه ده‌بێت هه‌وڵ بده‌ین چاره‌سه‌ری كێشه‌كان بكه‌ین. بۆ ئێمە ستراتیژیی هەرێمی کوردستان ڕوونە و دەمانەوێت کێشەکانی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی عێراقدا چارەسەر بکەین بەپێی دەستوور، ئەمە ڕوونە. ئینجا ئەوەی کە لە ڕابردوو ڕوویداوە، چی ڕوویداوە و کێ لە کوێ هەڵەی کردووە؟ پێم وایە هەردوولا کەمتەرخەمیمان کردووە؛ هەم لایەنی هەرێمی کوردستان، هەم لایەنی بەغدا، تاکلایانە نییە. ئەوە نییە من هەموو لۆمەیەک لە بەغدا بکەم، یان هەموو لۆمەیەک لە هەرێمی کوردستان، بەڵام پێموایە لە ئەنجامدا داهاتووی ئەم وڵاتە وەک عیراق وا دەکات ئێمە بتوانین مۆدێلێك بدۆزینەوە کە جێگەی ڕەزامەندیی هەردوولامان بێت و بتوانین پێکەوە کار بکەین. بەبێ ئەوەی لەنێو هەرێمی کوردستاندا حکوومەتێکی بەهێز هەبێت، بەبێ ئەوەی لایەنە سیاسییەکان دابنیشین و هێشتا لە کەشوهەوای بانگەشەدا بن. ئەمە تەواو، بانگەشەی چی، تەواو بوو. ئەم خەڵکە دەنگی خۆی دا و ڕوون بووەوە کێ چەند دەنگی هەیە، ئاشکراشە کێ دەنگی بە کێ داوە. دەبێ ئەم بابەتە کۆتایی پێبێت. ئێمە دوژمنی یەکدی نین، ڕکابەری سیاسیين، بەڵام ئێمە نە ئۆپۆزیسیۆن، نە دەسەڵات، کەسمان لێ کەم نییە. ئێمە هەموومان لە یەک کەشتیداین و دەبێ یارمەتیی یەکدی بدەین بۆ ئەوەی ئەم پرۆسەیە په‌نا به‌خوا بە زووترین کات جێبەجێ بکرێت، کە من دەڵێم بە زووترین کات، ئەگەر جەنابت پرسیارت کرد من چی دەکەم؟ من هەندێک بەرپرسیارێتیم لەسەر شانە وەک ئەرکی یاسایی و ئەخلاقی، وەک سەرۆکی هەرێمی کوردستان، ئەو دەسەڵاتەی خۆم ده‌كه‌م و هەوڵێکی جددیش دەدەم کە بە زووترین کات حکوومەت پێکبهێنرێت، هەموو لایەکیشمان دەبێ بە واقیعی سەیری ژمارەکان بکەین. سەیری کورسییەکان بکەین، ئەو حاڵەتەی پێشتری حوکمڕانی لە کوردستاندا، پێموایە ناکرێت بەردەوام بین بەو شێوەیە. کاتێکی نوێیە و دەبێ بە شێوەیەکی جیاواز هەڵسوکەوت لەگەڵ ئەو پێشهاتانە بکەین.
سه‌باره‌ت به‌وه‌ی كه ده‌كرێ حكوومه‌تێك له هه‌رێمى كوردستان بێ پارتی یان یه‌كێتی دابمه‌زرێت، به‌ڕێزیان گوتی:
"نه‌خێر، فاكته‌ری هێز له هه‌رێمی كوردستان دیاره، یه‌كێك چه‌ند كورسییه‌كی زیاد كردووه یان كه‌می كردووه، ئه‌مه بابه‌تێكی دیكه‌یه، به‌ڵام له ئه‌نجامدا ئاماژه‌م پێكرد و زۆر به دیپلۆماسی پێم گوتی، به‌ڵام جه‌نابت هه‌ر حه‌ز ده‌كه‌ی زیاتر قسه بكه‌م، كێشه‌كه ئه‌وه‌یه، ئه‌گه‌ر نا پێمگوتی، گوتم ژماره، گوتم كورسی، گوتم ده‌نگ، نازانم جه‌نابت چی دیكه‌ت ده‌وێ، به ڕاستی نازانم چیتر قسه بكه‌م"
ده‌رباره‌ی ئه‌وه‌ی ئه‌گه‌ر حكوومه‌ت پێكبهێنرێت به به‌شداریی یه‌كێتی و پارتی، به‌رنامه‌ی دۆسیەی نه‌وت له‌گه‌ڵ به‌غدا چی ده‌بێت، سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانی گوتی:
"جەنابت باست لەوە کرد کە لە بەغدا ئەولەوییەت چییە؟ بەڵێ مەسەلەی مووچە و بژێویی خەڵکی کوردستان ئەولەوییەتێکی گرنگە، زۆریش گرنگە، بە سوپاسیشەوە تاوەکوو ئێستا له‌گه‌ڵ سەرۆکوەزیران و دادگەی فیدراڵی و سەرۆکی دادگەش، کۆبوونەوەیەکی سێ قۆڵیم لەگەڵ کردن، لەسەر ئەم بابەتانە، لەسەر مەسەلەی مووچە. بە جەنابی سەرۆکوەزیران سوودانیم گوت: باشترین چارەسەر ئەوەیە کۆبوونەوەیەکی سێقۆڵی بکەین. ئێمە دەچینە لای سەرۆکی دادگەی فیدراڵی بۆ قسەیەک و لاى لایەنەکانی دیکە بۆ قسەیەک، با دابنیشین، هەموومان پێکەوە دابنیشین بەبێ ڕاگەیاندن. دواتر وامان کرد، ته‌واویش وامان كرد و لە کۆبوونەوەیەکدا جەنابی دکتۆر عەلیش ئاگادارە کە ئەو لێرە تەشریفی هەیە، کۆبوونەوەیەکمان کرد، لە بەغدا لەوێ زۆر ڕوون بوو، هەم بڕیاری دادگەی فیدراڵی لەسەر مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دیار بوو، هەم سەرۆکوەزیران پابەندیی خۆی زۆر بە ڕوونی دەربڕی. بە سوپاسیشەوە پێموایە دەبێ ئێمە ئەوە بڵێین تائێستاش لەو چوارچێوەیەدا هەوڵێکی جددی داوە بۆ ئەوەی ئەو کێشانە چارەسەر بکرێن، واتە خۆی بەڕاستی هەوڵی جددی داوە.
هەندێک لایەن پێیانوایە مەسەلەی نەوت مەسەلەیەکی سیاسییە، ئێمە هیچ کات سەیری نەوتمان نەکردووە وەک بابەتێکی سیاسی، سیاسی نییە، سیاسیی چییە؟ نەوت بابەتێکی ئابوورییە. ئێمە وای نابینین کە مەسەلەی نەوت مەسەلەیەکی سیاسی بێت، چونکە ئەگەر واقیعی سەیری تەنانەت جوگرافیای کوردستان بکرێت، ئێمە ناتوانین نەوت بەو شێوەیە ببینین کە مەسەلەیەکی سیاسییە، بەڵکو کاڵایەکی بازرگانییە و ئێمە بەو شێوەیە دەیبینین. بە سوپاسەوە تورکیا، ڕێگەی دا ئێمە ئەو نەوتە بنێرین بۆ دەرەوە. تورکیا هیچ قازانجیشی نەکرد لەو بابەتە، زیاتر یارمەتیدانی عێراق و هەرێمی کوردستان بوو، نە ئێمە نەوتمان بە تورکیا فرۆشتووە، نە تورکیا هیچ کات گوشاری لە ئێمە کردووە کە دەبێ نەوت بە ئەوان بفرۆشین. نەوتەکە فرۆشراوە بە کۆمپانیا جیهانییەکان. جەنابیشت شارەزای، چەند کۆمپانیایەک لە جیهان هەن کە نەوتەکە دەکڕن. نەوتەکە فرۆشرا، ئەو حاڵەتەی ئێستا هەیە کە ئەم نەوتە لە ڕێگەی بۆڕییەوە هەناردە ناکرێت، زەرەرمەندی گەورە خودی عێراقە، عێراق بە هەموویەوە. تائێستا عێراق ئەگەر ژمارەکەم هەڵە نەبێت، لانیکەم نزیکەی (15) ملیار دۆلار زیانی پێگەیشتووە. دوای داخستنی بۆریی نەوتی هەرێمی کوردستان، عێراق لەوانەیە زیاتر لە (15) ملیار دۆلار زەرەری بەرکەوتووه. باشە مەعقوولە؟ بەغدا بۆ بیر لەوە ناکاتەوە؟ ئەوان کە خۆیان باس دەکەن، دەڵێن گرێبەستی هەرێمی کوردستان جیاوازە لەگەڵ عێراق. گرێبەستی ئێمە گرێبەستی هاوبەشییە، کۆمپانیاکان دەبێ ڕازی بن بەوەی کە وەریدەگرن، ئەوەی کە لە عێراق هەیە زیاتر گرێبەستی خزمەتگوزارییە، هەندێک شوێنیش وەک لای ئێمەیە، بۆ نموونە شوێنێکی وەکو گەیارە، بۆ بەرهەمهێنانی هەر بەرمیلێک نزیکەی (26) بۆ (27) دۆلاریان تەرخان کردووە. باشە بۆچی بۆ هەرێمی کوردستان کۆمپانیاکان داوای (20) دۆلاریان کردووە و بابەتەکە لەسەر ئەوە وەستاوە. ئێستا بە دەرفەتی دەبینم لەم دانیشتنە به‌رێزه داوا لە بەغدا بکەم بە شێوەیەکی دروست و عاقڵانە بیر لەو بابەتە بکاتەوە، بە شێوەیەکی ئابووری نەک سیاسی. بە شێوەیەکی ئابووری لە کوێ عێراق زيانى به‌ركه‌وتووه لە کوێ عێراق قازانج دەکات؟ دەبێ بەو شێوەیە سەیری بابەتەکە بکات. بە بۆچوونی من چارەسەری دروست ئەوەیە جارێکی دیکە دەبێ نەوتی هەرێمی کوردستان وەک نەوتی عێراق بچێتە نێو بۆری و هەناردە بکرێتەوە. تورکیا کێشەی نییە، کێشەکە تورکیا نییە، بەڵکو کێشەکە ئەوەیە کە ئێستا لە بەغدا هەیە، لە پەرلەمانیش هەیە. لێرەوە دووبارە دەڵێم لەم پرۆسەیەدا زەرەرمەندی هەرە گەورە عێراقە و دەبێت ئەمە چارەسەر بکرێت".
دواتر له وه‌ڵامی پرسیاری دۆخی ناوچه‌كه و كاریگه‌رییه ئه‌رێنی و نهرێنییهكانيدا له‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستان، هه‌روه‌ها ده‌رباره‌ى گفتوگۆی نێوان ئه‌مه‌ریكا و عێراق سه‌باره‌ت به كۆتاییهێنانی بوونی هێزه‌كانیان له عێراق و ڕای جه‌نابیان له‌م باره‌یه‌وه، به‌رێز سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان ئاشكرای كرد:
"سه‌باره‌ت به پرسیاری یه‌كه‌م، له ڕاستیدا لە ناوچەکە شەڕێکی گەورە هەیە، بەڵام ئەوەی بۆ کوردستان گرنگە، بە هه‌ماهەنگی لەگەڵ بەغدا، دەبێ هەوڵمان بۆ ئەوەبێ عێراق نەکەوێتە ناو ئەو ئاژاوهيەوە، چونکە عێراق خۆی کێشەی یەکجار زۆرە، دۆخی عێراق دۆخێکی تایبەتە، سەبارەت بە ئێمە وەک هەرێمی کوردستان وەک بەشێک لە عێراق، گرنگترین شت ئەوەیە نەکەوینە ناو ئەو ئاژاوەیەی کە ئەمڕۆ لەم ناوچەیە هەیە، بەرژەوەنديی عێراق و هەرێمی کوردستانیش لەم چوارچێوەدایە."
پێشكه‌شكار: یەک دوو گرووپ خەریکن بە دارلاستیک و درۆن شەڕەکە دەهێننە ناو عێراقەوە، کەسیش نییە وەک پێویست دەستیان بگرێ:
"ئەوە ڕاستە، بەڵام سەیرکە! ئەم گرووپانەی کە جەنابت باسیان دەکەی پێشتر چەند بوون؟ (12) بوون، ئێستا دوون. واتە ئێمە لەمەشدا وەک عێڕاق پێشکەوتنمان بەدەستهێناوە. پێشتر نزیكه‌ی (12) گرووپی چه‌كدار ئه‌م كاره‌یان ده‌كرد، ئێستا جەنابت خۆت گوتت (12)، ئێستا لەم (12) گرووپە دوو یان سێ گرووپ ماون کە ئەم ئیشانە دەکەن، بەڵام پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە کە ئايا ئەمە لە بەرژەوەندیی عێراقدايە؟ بۆچوونی ئێمە لە هەرێمی کوردستان ئەمەیە کە بە هیچ شێوەیەک ئه‌مه لە بەرژەوەندیی عێراقدا نییە، عێراق ده‌بێت دووره‌په‌رێز بێت و ده‌بێت خۆی دوور بگرێ لەو ئاگرەی کە ئێستا لە ناوچەکە هەیە، چونکە دۆخی عێراق ئەو دۆخە نییە، نە دامەزراوەکانی عێراق ئەوەندە بەهێزن. عێراق هێشتا لە قۆناخێکی ڕاگوزەردايە، هەندێک خەڵک دەڵێن لە 2003ەوە چۆن دەبێ تائێستا له قۆناغى ڕاگوزه‌ردا بێت؟ به‌ڵێ، بەڵام پرۆسەی بە دامەزراوەییکردنی وڵات پرۆسەیە! بە زۆر ناکرێ، بە شەو و ڕۆژێکیش ناکرێ! دەبێت خۆشمان بیکەین، بۆمان دروست ناکرێ، بەڵام با ئێمە بێین بەراوردێک بکەین لەسەر دۆخی عێراق، ئایا دۆخی ئەمنیی عێراق وەک شەش ساڵ لەمەوبەرە؟ سوپاس بۆ خوا دەبینین لەم چوارچێوەیەدا گۆڕانکاریی گەورە کراوە، هیچ لە بەرژەوەندیی عێراقدا نییە کە بکەوێتە ناو ئەو ئاژاوەیە. بە ڕای من ئەرکی سەرۆکوەزیرانی عێراقە وەک فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان (بەڵام ئەو بە تەنیا نا) دەبێ هەموو هێزە سیاسییەکان یارمەتیی سەرۆکوەزیران بدەن کە ناکرێت ئێمە قبووڵی بکەین عێراق بکرێتە شوێنێک ئەم ئاژاوەی بۆ بێت. دەبێ ئێمە یارمەتیی سەرۆکوەزیران بدەین و هەموو هێزە سیاسییەکان لە پشتی سەرۆكوهزیران بین، چونکە ئەوەی دەبینین سه‌رۆكوه‌زیران وه‌ك به‌رپرسیارێتیی خۆی و وه‌ك فه‌رمانده‌ی گشتیی هێزی چه‌كدار، ئەو هەموو هەوڵێک دەدا کە عێراق دووربخاتەوە لەو بابەتە. مەسەلەی هاوپەیمانان! با من لەوە دەست پێ بکەم، هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بە سەرۆکایەتیی ئەمه‌ریکا یارمەتیی گەورهى عێراقی داوە لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆردا، دیسانەوە جێی خۆیەتی ئێمە بە سوپاسەوە سەیری هێزەکانی هاوپەیمانان بکەین کە لە ڕۆژە سەختەکاندا یارمەتيی عێراقیان داوە بە هەرێمی کوردستانیشەوە. ئەم هێزانە کە هاتوون لەسەر داوای عێراق هاتوون نەک بە زۆر، عێراق بە شێوه‌یه‌كی فه‌رمی بانگهێشتى كردوون بۆ ئەوەی یارمەتيی عێراق بدەن لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا و یارمه‌تیی زۆری عێراقیان داوه. ئەمڕۆ له 2014ه‌وه تائێستا ده‌بێته (10) ساڵ، زۆر ئاسایيیە ئەمڕۆ عێراق پێداچوونەوە بکات و وەک وڵاتێکی خاوەن سەروەری بڵێ لەم قۆناغەدا چیمان پێویستە؟ گومان لەوەدا نییە کە دۆخی عێراق هەمان دۆخی ساڵی 2014 نییە و باشتره، لەڕووی ئەمنییەوە باشترە، لەڕووی ئابوورییەوە باشترە، سوپاس بۆ خوا نابینین لە بەغدا کێشەی ئەمنی هەبێت و هۆتێل و چێشتخانە و پرۆژە و ئه‌مانه زۆر زۆرن. ئەمانە پێشکەوتنێکی گەورەیە بۆ عێراق، عێراقیش وەک وڵاتێکی خاوەن سەروەری، مافی خۆیەتی ئێستا پرسیار لەوە بکات و هەڵسەنگاندنێکی ئەم چەند ساڵە بکات و بڵێت ئێستا ئێمە بەرەو کوێ؟ ئەمە ئاساییە.
ئەوەی کە ڕەنگە ئێمە لە هەرێمی کوردستان بە جیاواز سەیری بکەین، خاڵێكی سەرەکییە، ئەویش ئەوەیە کە پێمانوانییە داعش تەواو بووە. لەگەڵ ڕێزم بۆ ئەو فکرەی لە عێراق، هیوادارین هه‌ڵه بین، به‌ڵام هەڵسەنگاندنی خۆمان ئەمەیە کە تائێستاش داعش سەرچاوەیەکی هەڕەشەیە بۆ ئاسايشى عێراق و بۆ هەرێمیش. کاتێک ساڵی 2014 داعش هێرشی کردە سەر عێراق، نەیگوت ئەمە سونییه و ئه‌مه شیعه‌یه یان ئه‌مه کوردە! ئێمە هەموومان یەک تۆمەتمان لەسەر بوو کە عێراقی بووین و هات ئەوەی پێیکرا کردی. لە بەرەکانیشدا خوێنی هەمووان تێکەڵ بوو، پێشمەرگە، سەربازی عێراق و حەشد، ئەمانە پێکەوە لەپێناو بەرگری کردن لە عێراق شەهید کران، هیچ جیاوازییەک نەبوو لەو بابەتە. پێمانوایه ئێستاش عێراق پێویستیی بە پشتگیری و پشتیوانیی دەرەوە هەیە، بەتایبەتی ئەمه‌ریکا کە سەرۆکایەتیی ئەم هاوپەیمانێتییەی کردووە، بەڵام ئەوەی کە عێراق ئێستا ئاره‌زوو دەکات ئەمه‌ش ببێتە دوولایەنە، ئەمیش پێموایە ئاساییە، واته په‌یوه‌ندیی دوولایه‌نه به حه‌ق و حساب چۆن ده‌كرێ و چۆن ناكرێت. ئەوەی کە پەیوەندیی بە هەرێمی کوردستانەوە هەیە، وه‌ك هه‌رێمی كوردستان نەچووین داوا بکەین و بڵێین ئەمه‌ریکا دوای ساڵی 2026 وەرە له هه‌ولێر به، بڕیارەکە لە چوارچێوەی ئەم لێکگەیشتنە دەکرێ کە لەگەڵ عێراقدا هەیە. ئەو دیالۆگە ستراتیژییەی کە ئەمڕۆ ئەمه‌ریکا و عێراق هەیانە؛ هەرێمی کوردستانیش بەشێکە لەو پرۆسەیە. ئه‌وه نییه هه‌رێمی كوردستان یه‌ك لایه‌نه باس له‌وه بكات با هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا بمێننه‌وه، وه‌ك عێراق و وڵاتێكی خاوه‌ن سه‌روه‌ری، له‌م دایالۆگه‌ی كه ئێستا هه‌یه، هه‌رێمی كوردستان له‌و چوارچێوه‌یه‌دایه. ئەوەی کە گرنگە دەبێ ڕوون بێ کە ئەم هێزانە چۆن دەمێننەوە؟ بە چ شێوەیەک دەمێننەوە؟ دەبێ ئەرک و کاریان ئاشکرا ببێ، تائێستا دایالۆگەکە دەستی پێ نەکردووە، بەڵام جێی بایەخێکی جددیی هەرێمی کوردستانه، هەرچییەک هەیە ئێمە لە چوارچێوەی عێراقدا بڕیاری لەسەر دەدەین و لەو چوارچێوەیەدا ئێمە هەڵسوکەوت دەکەین، نه‌ك هه‌رێمی كوردستان به شێوه‌یه‌كی جیا له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا یان له‌گه‌ڵ هاوپه‌يمانيى نێوده‌وڵه‌تی بیكات. له چوارچێوه‌ی عێراقدا ده‌بین، ئێمە لەگەڵ عێراقیش ئەو مەترسییانەی هەمانە لەگەڵ عێراق و له‌گه‌ڵ به‌غدا و لەگەڵ هێزە سیاسییەکانی عێراقدا هه‌مووی زۆر بە ڕوونی قسەیان لەسەر دەکەین، هەر بڕیارێک هەیە دەبێ لە چوارچێوەی عێراق و هێزە سیاسییەکانی عێراقدا بێت".
سه‌باره‌ت به‌وه‌ی كه هاتنی ئه‌و هێزانه‌ی هاوپه‌یمانان بۆ هه‌رێمی كوردستان لە ساڵی 2026دا دەرفەتە یان مەترسی، سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانی ڕایگه‌یاند:
"گرنگترین شت ئەوەیە کە ئەرکی ئەم هێزە چییە؟ ئەوەی ئێمە دەیبینین ئەرکی یارمەتیدانی عێراقه بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش، ئەگەر لە چوارچێوەی عێراقدا سەیری بکەین؛ به مەترسی نابینین، بەڵام دەبێ ڕوونيی زیاتریش هەبێ لەو بابەتەدا".
دواتر ده‌رباره‌ی په‌یامی سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانی بۆ گەنجانی کوردستان لەم کاتە هه‌ستیاره‌دا و چۆنییه‌تی گوێگرتن لێیان، به‌رێز سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان گوتی:
"سه‌ره‌تا پیرۆزبایی له جه‌نابت ده‌كه‌م بۆ وه‌رگرتنی سه‌رۆكی زانكۆی ئه‌مه‌ریكی و هیوادارم سه‌ركه‌وتوو بیت. دڵنیام ده‌توانیت ئه‌و كاره به‌باشی ئه‌نجام بده‌ی به‌پێی ئه‌وه‌ی كه چه‌ندین ساڵه جه‌نابت ده‌ناسم. بەو گەنجانە دەڵێم، باب و باپیرانی ئێمە ئەمڕۆ لە کوردستان لە هەر دەرگایەک بدەیت، چیرۆکێکی هەیە دەتوانێت بۆ ئێمه‌مانان باس بکات لە به‌دبه‌ختی و دەربەدەری و ئه‌نفال و گرتن. گەلی کوردستان به شێوه‌یه‌كی گشتی هەموویان لەم بابەتەدا بە زۆر و کەم تووشی کێشە بوون. ئەوانە ئەوەی لەسەر شانیان بووە بۆ ئەوەی ئێمە ئەم ڕۆژە ببینین کردیان، قوربانییان دا و خەباتیان کرد، ماندوو نەبوون و شەهیدیان دا. ئەم گەنجانە زۆر گرنگە یەک شت بزانن، ئەوەی ئێستا ئێمە هەمانە لە سایەی خەباتی نەوەی پێشترە. ئەوان خەباتیان کرد و قوربانییان دا بۆ ئەوەی ئێمە ئەم ڕۆژە ببینین. ئەمڕۆ دۆخەکە لە دنیاش گۆڕاوە نەک تەنیا له هەرێمی کوردستان. بێگومان پرسی پەروەردە کلیلە. سه‌یری وڵاتان بكه، ئەو وڵاتانەی کە پەروەردە بوو بە پێشینە و یەکەمین کاریان، زۆر پێشکەوتن، چونکە کلیلی هەر گۆڕینێک لە هەر کۆمەڵگەیەک به بۆچوونی من لە پەروەردە دەست پێ دەکات. زۆر نموونه‌مان هه‌یه و کۆریا یەکێک لەو نموونانەیه، سه‌نگاپورا یه‌كێك له‌و نموونانه‌یه. چەندین جار سەردانی كۆریام کردووە و پرسیارم کردووە: ئەم پێشکەوتنە چۆن بووە؟ وەڵامیان داوەتەوە: ئێمە لە پەروەردەوە دەستمان پێ کردووە. نە نەوتیان هەیە و نە غازیان هەیە و هیچیان نییە، بەڵام سەرنجیان خستە سەر پەروەردە. لە وڵاتێکی زۆر هەژارەوە، ئێستا بوونەتە وڵاتێکی زۆر پێشکەوتوو. دەبێ ئەم گەنجانە بێ‌ئومێد نەبن، یەکەم شت دەبێ وڵاتی خۆیانیان خۆشبوێ، دەبێ پەروەردەیان بە جۆرێک بێت کە ئەمانە وڵاتی خۆیان خۆشبوێ، ئاماده بن وه‌ك گه‌نج له‌و پرۆسه‌یه‌ی كه ئێستا هاتووته پێشه‌وه، چونكه به‌هه‌رحاڵ پاشه‌ڕۆژ له‌ده‌ست ئه‌و گه‌نجانه‌دایه ئێمه بمانه‌وێت یان نه‌مانه‌وێت. داهاتوو لەدەست ئەواندايە، هەر وڵاتێک و هه‌ر ميلله‌تێك توانی گەنجەکانی خۆی ڕابکێشێت بۆ ئەم پرۆسە سیاسییە، ئەو وڵاتە دەتوانێت سەرکەوتوو بێت. ئێمە گەنجی زۆر بە توانا‌مان هەیە، خۆم چاودێریی پرسی خوێندنیان دەکەم، زۆریان دەبینم لەڕووی داراییەوە ناتوانن؛ بەڵام لێهاتوون. بەڵام یارمەتییان دەدەم بۆ ئەوەی زەمالە وەربگرن و لە دەرەوە بخوێنن. دەبینم بوارێکی زۆر گەورە هەیە لە کوردستان و گەنجی ئێمە زۆر بە توانان. پەیامی من هەر وەک بهرپرسياريهتيى خۆشم پێیان دەڵێم: سەرنج بخەنە سەر خوێندن و وڵاتی خۆتان خۆشبوێ، ئاوەدانی بکەنەوە، چاکی بکەن، ئەو هەڵانەی کە هەن دەبێ ڕاستیان بکەنەوە، ئەوان ئومێدی داهاتووی ئەم میللەتەن، به‌وه‌ی كه ده‌چن له وڵاتێكی دیكه ژیان به‌سه‌ر ده‌بەن و ده‌ڵێن ئێمه حه‌قمان چییه چی به‌سه‌ر ئه‌م وڵاته دێت، ئه‌مه خراپترین شته بۆ هه‌ر ميلله‌تێك. دەبێ بەشدار بن و خۆشەویستیی وڵات لە سەرووی هەموو شتێکەوە بێت. مەبەستم ئەوەیە وا پەروەردە بکرێن، جه‌نابیشت له زانكۆ ده‌بێت ئه‌و ڕۆڵه ببینیت، وڵاتیان خۆشبوێ و هەوڵی جددی بدەن وڵاتیان پێشبکەوێت. لە هەمووشی گرنگتر ئەوەیە کە بابەتی پێکەوەژیان لەم هەرێمە زۆر گەورەیە، داعش ساڵی 2014 هات؛ لە دهۆک بووم، خەڵکی موسڵمان مزگەوتیان کردەوە بۆ برا مەسیحی و ئێزدییەکانی خۆیان. ئەمە تابلۆیەکی زۆر جوانە و نابێ ڕێگە بدرێ ئەمە تێک‌بچێ، نابێ ڕێگە بدرێ به هه‌ر هۆكار و ناوێك، ئەم پێکەوەژیان و یەکدی قبووڵکردنەی هەرێمی کوردستان تێکبچێت کە بەردەوام شانازیی پێوە دەکات. لە ڕابردوو و ئێستا و داهاتووش شانازیی پێوە دەکات. کاتێك ڕژێمی پێشوو گوندەکانی ئێمەی ڕووخاند، پرسیاری نەکرد کام گوند مەسیحی، ئێزدی، موسڵمان یان شیعەیە یان سوننە؛ هەمووی تێکدا، ئەوەی کە بەسەرمان هاتووە دەبێ دەرسێک بێت بۆ ئەوەی لە داهاتوودا ئەو نەوەیەی کە هەمانە بۆ پێکەوەژیان بۆ یەکتر قبووڵکردن بۆ هاوڵاتیبوون. خۆ مەرج نییە ئینتیمای سیاسی هەبێ بۆ ئەم حیزب و ئەو حیزب، دەبێ بابەتی هاووڵاتیبوون هەر فکرێکی سیاسی‌یان هەبێ، دەبێ ڕێزیان لێ بگیرێت، هیوادارم ئەو گەنجانە بەردەوامی بەو ڕێچکەیە بدەن و په‌نا به‌خوا سه‌ركه‌وتوو ده‌بن".
دواتر له وه‌ڵامی پرسیاری ئاماده‌بوواندا ده‌رباره‌ی هه‌وڵی جه‌نابیان بۆ سه‌رخستنی پرۆسه‌ی ئاشتی له توركیا و جددییه‌تی حكوومه‌تی توركیا له‌مباره‌یه‌وه، هه‌روه‌ها ده‌رباره‌ى هه‌ڵسه‌نگاندنی به‌ڕێزیان بۆ دۆزی كورد له چوارچێوه‌ی هه‌موو ئه‌و گۆڕانكارییانه‌ی له ناوچه‌كه‌دا ده‌گوزه‌رێن، سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانی گوتى:
"هه‌ر له پرسی ئاشتی له توركیا ده‌ست پێ ده‌كه‌م، یه‌كه‌م شت ئه‌گه‌ر ئێمه به واقعی سه‌یری بابه‌ته‌كه بكه‌ین، له‌وه‌ته‌ی كه ئه‌م حكوومه‌ته له توركیا هه‌یه، پێشكه‌وتنی به‌رچاو له پرسی كورددا ڕوویداوه. ناكرێ ئه‌و شتانه‌ی كه ڕوویداوه به كه‌م وه‌ربگرین، پێشتر زۆر ئه‌سته‌م بوو تۆ بڵێی كوردم، ئێستا ته‌له‌ڤزیۆنی كوردی هه‌یه، هه‌ندێك شت كراوه له‌وانه‌یه بۆ ئێمه له هه‌رێمی كوردستان ئه‌م شتانه زۆر ساده بن، به‌ڵام بۆ دۆخی توركیا گه‌وره‌ن، ئه‌وه نییه گه‌وره نه‌بن. هه‌رێمی كوردستان پێشتریش له ساڵه‌كانی 2011 و ئه‌وانه‌وه ئه‌وه‌ی له‌سه‌رمان بوو هه‌وڵمان دا، ئێستاش خۆشحاڵین ئه‌گه‌ر پرۆسه‌یه‌كی ئاشتی له توركیا ده‌ست پێ بكرێت، خۆشحاڵ ده‌بین ببینین ئه‌م پرۆسه‌یه بگاته ئه‌نجام، پرسه‌كه بابه‌تی میلله‌تێكه. له كۆتا سه‌فه‌رمدا كه له توركیا بووم، له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته هه‌ڵوێستمان ڕوونه و خۆشحاڵین به‌وه‌ی ئه‌گه‌ر پرۆسه‌كه به هه‌ر جۆرێك بێت ده‌ست پێ بكرێت و پێموایه چاره‌سه‌ری ئه‌م بابه‌ته نه‌ك ته‌نیا یارمه‌تيی توركیا، به‌ڵكو یارمه‌تیی ناوچه‌كه‌ش ده‌دات به شێوه‌یه‌كی گشتی، به‌ڵام ده‌بێت ڕێ بگیرێت له‌وانه‌ی ده‌یانه‌وێت نه‌هێڵن ئه‌م پرۆسه‌یه بگاته ئه‌نجام. ئه‌وه‌ی كه له ئه‌نقه‌ره ڕوویدا، ئه‌م كرده‌وه تیرۆریستییه هه‌ر هیچ نه‌بێت بۆ تێكدانی ئه‌م قسانه بوو، ئه‌و هه‌واڵانه بوو كه پرۆسه‌یه‌ك و شتێك هه‌یه، به‌ڵام ئه‌م كرده‌وه‌یه زیانێكی زۆری دا و كه‌م نه‌بوو، زیانێكی زۆر گه‌وره‌ی دا. هیوادارین ئه‌م پرۆسه‌یه پرۆسه‌یه‌كی جددی بێت، هیوادارین و تا ئێستا ئه‌وه‌ی كه ڕوویداوه كه‌م نییه و خۆتان گوێتان لێ‌بوو سه‌رۆكی مه‌هه‌په له په‌رله‌مان چۆن قسه‌ی كرد، ئه‌مڕۆش قسه‌كانی جه‌نابی سه‌رۆككۆمار و ئه‌مانه هه‌مووی دڵخۆشكه‌رن كه ببینین پرۆسه‌یه‌ك هه‌یه و كێشه‌كان چاره‌سه‌ر ده‌بن. په‌كه‌كه كێشه‌یه‌كی گه‌وره‌یه نه‌ك ته‌نها بۆ توركیا به‌ڵكو بۆ ئێمه‌ش، په‌كه‌كه هیچ حساب و ڕێزێكی نه بۆ ده‌زگاكانی ئێمه و نه بۆ ئێمه نییه، واته حساب و ڕێزی بۆ ده‌زگاكانی هه‌رێم نییه. په‌كه‌كه ده‌بێت واز له‌مه بهێنێت ئه‌گه‌ر به ڕاستی ده‌یه‌وێ پشتیوان بێت بۆ چاره‌سه‌رێكی سیاسی له توركیا، ده‌بێت واز له‌و كرده‌وانه‌ی بهێنێت، ئه‌وانه‌ی كه ئێستا ئه‌نجامی ده‌دات. ده‌بێت سیاسه‌تێكی نوێ پێڕه‌و بكات. ناوچه‌كه هه‌مووی گۆڕاوه و به دیدی من ده‌رفه‌تیش هه‌یه كه بتوانن كێشه‌كان چاره‌سه‌ر بكه‌ن. ئه‌وه‌ی كه جه‌نابت باست كرد، پرسی كورد له هه‌رێمی كوردستان زیاتر حهیهوییه و جیاوازه له ئێران، جیاوازه له توركیا و جیاوازه له سووریاش و بابه‌تێكی ئاسانیش نییه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی كه پشتیوانین چییه؟ پشتیوانی چاره‌سه‌ری كێشه‌كانین له چوارچێوه‌ی ئه‌و وڵاتانه‌دا كه له چوارچێوه‌ی ئه‌و وڵاتانه‌دا كه كورد تیایدا ده‌ژین به مافه‌كانیان بگه‌ن چ له سووریا، چ له توركیا و چ له ئێران. پشتگیری له‌وه ده‌كه‌ین و پێمانخۆشه كێشه‌كان به شێوه‌یه‌كی ئاشتییانه و به دیالۆگ له‌گه‌ڵ ئه‌و وڵاتانه چاره‌سه‌ر بكرێت. پێمانوانییه بابه‌تی هه‌ڵگرتنی چه‌ك و كرده‌وه‌ی سه‌ربازی له‌و وڵاتانه ئه‌م كێشانه چاره‌سه‌ر ده‌كه‌ن. له ئه‌نجامدا ده‌بێت به برایه‌تی و كورد له هه‌ر شوێنێك بێت له چوارچێوه‌ی ئه‌و وڵاته هه‌وڵ بدات كێشه‌كانی خۆی چاره‌سه‌ر بكات".
ده‌رباره‌ی ئه‌وه‌ی كێشه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا وابه‌سته‌ن به سه‌رۆك حكوومه‌تێك و وڵاتێك و هاوپه‌یمانێتییه‌ك، یاخود جهوههریترن و له‌وه فراوانترن؟ سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانی گوتی:
"به بۆچوونی من له‌وانه‌یه كێشه‌كه به‌شێكی ئه‌وه بێت تا ئێستا به ته‌واوه‌تی دانه‌نیشتووین بزانین شێوه‌ی ئه‌و كێشانه‌ی كه هه‌یه چییه؟ له به‌غدا من گفتوگۆیه‌كی زۆر ڕوون و ڕاشكاوانهم له‌گه‌ڵ چوارچێوه‌ی هاوئاهه‌نگی ئه‌نجام دا و شه‌وێك زۆر به دوورودرێژی له‌گه‌ڵیان دانیشتم، له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی دادگای فیدراڵيیش دانیشتم. ئه‌گه‌ر جه‌نابت گوێ له قسه‌كانی ئه‌وان بگری، به ڕاستی پێیان ده‌ڵێی به زووترین كات فه‌رموون وه‌رنه هه‌ولێر قسه له‌گه‌ڵ زانكۆكانی ئێمه بكه‌ن، چونكه زۆر په‌رۆشتر دیار بوون له ئێمه بۆ جێبه‌جێكردنی ده‌ستوور. ئه‌وه‌ی گوێم لێ‌بوو له‌سه‌ر پرسی فیدراڵى، خۆشمان نازانین ئاوا قسه‌ی له‌سه‌ر بكه‌ین و له‌سه‌ر پرسی چۆنییه‌تیی چاره‌سه‌ر، به‌ڵام كێشه‌كه ئه‌وه‌یه هیچ لایه‌نێك نییه یان هیچ میكانیزمێك نییه، هه‌ردوولامان ئه‌وه‌نده سه‌رقاڵی شتی بچووك و تاكتیكی ڕۆژانه‌ین، ئه‌و شته گه‌ورانه‌مان له‌بیرچووه. ئه‌و شته گه‌ورانه‌ی كه له ئه‌نجامدا ده‌بێته هۆی سه‌قامگیریی سیاسیی گه‌وره له عێراقدا كه له به‌رژوه‌ندیی هه‌موو عێراقدایه. دۆزی كورد پرسێكی جدییه له‌م وڵاته، با نموونه‌یه‌ك بهێنمه‌وه كه پێشتریش ئاماژه‌م پێكردووه، ساڵی 1970 له‌و كاته‌دا ڕژێم له‌گه‌ڵ خوالێخۆشبوو مه‌لا مسته‌فای بارزانی به‌ڵگه‌نامه‌يه‌كى ئیمزا كرد كه به ڕێككه‌وتنی یازده‌ی ئازار به‌ناوبانگ بوو. چونكه باوه‌ڕی به‌و ڕێككه‌وتنه نه‌بوو، بۆیه ساڵی 1974 شه‌ڕی ده‌ست پێ كرد بۆ تێكدانی شۆڕشی كوردی. نه‌یتوانی شۆڕش تێكبدات، ناچار بوو سازشى بۆ شای ئێران كرد و نیوه‌ی شه‌تولعه‌ره‌بی دایه شای ئێران. هه‌شت ساڵ شه‌ڕی كۆمارى ئیسلامیی ئێرانی كرد بۆ وه‌رگرتنه‌وه‌ی ئه‌و نیوه‌یه. ئه‌مه مێژوویه‌كی دوێنێ و پێرێیه و ملیۆنێك كه‌سیش كوژران و به هه‌زاران خه‌ڵكیش ئاواره بوون، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ڕۆژی یه‌كه‌م ده‌سه‌ڵاتدارانی عێراق له‌وه تێگه‌یشتبان كه دۆزی كورد دۆزێكی جددیه و ده‌بێت چاره‌سه‌رێكی بنه‌ڕه‌تیشی بۆ بدۆزرێته‌وه، عێراق ئه‌و شتانه‌ی دیكه‌شی نه‌ده‌دیت. هه‌شت ساڵ شه‌ڕی كرد و قه‌ردار بوو، به ناچاری چوو بۆ كوه‌یت. قسه‌كه‌ی من ئه‌وه نییه باسی مێژوو بكه‌ین، به‌ڵكو باسی مێژوو ده‌كه‌ین كه وه‌ك وانه‌یه‌ك لێی فێرببین، نه‌ك وه‌ك چیرۆكێك بیڵێینه‌وه. ئه‌وه‌ی من په‌رۆشم بۆی ئه‌وه‌یه كه ده‌بێت هه‌وڵ بده‌ین هه‌ردوو لامان به شێوه‌یه‌كی ستراتیژی بیر له چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و كێشانه بكه‌ینه‌وه. ئه‌وه‌ی ئێستا هه‌یه چاره‌سه‌ر نییه، ئێستا عێراق چۆنه؟ له‌گه‌ڵ سوننه قسه ده‌كه‌ی، هه‌ر ترسیان له داهاتووه كه داهاتوویان چۆن ده‌بێت؟ له‌گه‌ڵ برایانی شیعه قسه ده‌كه‌ی، هه‌ر باسی كۆنه كه چی‌یان به‌سه‌ر هاتووه، له‌گه‌ڵ كورد قسه ده‌كه‌ی ترسی له ڕابردوو و ئێستا و داهاتوو هه‌یه. خۆ ده‌بێت ئه‌مه ڕۆژێك چاره‌سه‌ر ببێت و ناكرێت ئه‌مه به‌رده‌وام بێت. ئه‌مه چۆن چاره‌سه‌ر ده‌بێت، من هێزم هه‌یه و تۆ هێزت نییه و من به هێزم و تۆ بێهێزی، به‌وه چاره‌سه‌ر نابێت. ئه‌مه به گفتوگۆ و دانیشتن و سازش و نه‌رمی نواندن چاره‌سه‌ر ده‌بێت. ئه‌گه‌ر ئه‌مه چاره‌سه‌ر بوو، دڵنیا به كاریگه‌ریی له‌سه‌ر وڵاتانی دیكه‌ش ده‌بێت به ئه‌رێنی و دۆخی عێراقیش گۆڕانكارییه‌كی گه‌وره‌ی به‌سه‌ردا دێت. له ئه‌نجامدا ستراتیژی هه‌رێم ئه‌مه‌یه ئه‌گه‌ر بۆ ئێستا بێ و ئه‌گه‌ر بۆ دوای هه‌ڵبژاردنیش بێت، ئه‌گه‌ر دوای ئه‌وه‌ش بێت، هه‌روه‌ها ڕاستییه‌كیش هه‌یه كه ته‌نیا بابه‌ته‌كه سه‌رۆكوه‌زیران نییه. سیسته‌می عێراق به شێوه‌یه‌كه و سه‌رۆكوه‌زیران به‌شێكه له بابه‌ته‌كه، به‌ڵام هێزی سیاسی هه‌یه و شتی تر هه‌یه و ئاسان نییه و زۆر زه‌حمه‌ته. واته مه‌سه‌له ئه‌وه نییه تۆ له‌گه‌ڵ سه‌رۆكوه‌زیران گه‌یشتییه ڕێككه‌وتن، واته ته‌واو، به‌ڵكو ئه‌و كاته كێشه ده‌ست پێ ده‌كات و ده‌بێت له‌گه‌ڵ هێزه‌كان قسه بكه‌ی، ده‌بێت له‌گه‌ڵ لایه‌نه سیاسییه‌كان قسه بكه‌یت و ده‌بێت لۆبی بكه‌یت. به‌ڕاستی ئه‌م مۆدێله له هیچ شوێنێكی جیهان نییه له لای خۆمان نه‌بێت له عێراق و هه‌رێمیش".
با ئه‌وه‌ش بڵێم هه‌رێمی كوردستان ڕوونه له یه‌ك شت‌دا و ده‌مانه‌وێ فاكته‌رێكی سه‌ره‌كيی سه‌قامگیریی بین له ناوچه‌كه‌دا و له‌گه‌ڵ توركیا و ئێران، بێگومان له چوارچێوه‌ی یارمه‌تیدانی عێراقدا. بۆ نموونه په‌یوه‌ندیمان ئێستا له‌گه‌ڵ توركیا زۆر باشن و بازرگانيی توركیا له‌گه‌ڵ عێراق نزیكه‌ی (12) ملیار دۆلاره ئه‌گه‌ر هه‌ڵه نه‌بم، له‌گه‌ڵ ئێرانیش هه‌ر به‌م شێوه‌یه‌ك كه‌متر ـ زۆرتر هه‌ر ئه‌وه‌یه. له ساڵی ڕابردووه‌وه توانیمان ئه‌و كێشانه‌ی كه هه‌یه له‌گه‌ڵ ئێرانیش تا ڕاده‌یه‌كی زۆر چاره‌سه‌ریان بكه‌ین. پێموایه دوای ئه‌و سه‌ردانانه‌ی به‌نده بۆ تاران ئه‌نجامم دا و هه‌روه‌ها بینینی ڕێبه‌ری كۆماری ئیسلامیی ئێران ئایه‌توڵڵا خامه‌نه‌ئی و دواتر سه‌رۆككۆمار و هاتنی سه‌رۆككۆماری ئێران بۆ هه‌ولێر و به‌غدا، هه‌روه‌ها به سوپاسه‌وه سه‌رۆككۆماری توركیا كه پێشتریش سه‌ردانی هه‌ولێری كرد، ئیسپات بوو كه له قۆناغێكی نوێی ئه‌م پهیوهندییهداین، زۆریش لامان مه‌به‌سته بمێنینه‌وه به فاكته‌رێكی ئه‌من و ئاسایش له‌گه‌ڵ دراوسێكانمان، یارمهتییدهریش بین بۆ به‌غدا و هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی كه كردوومانه به هه‌ماهه‌نگی و نزیكییه‌كی زۆر له‌گه‌ڵ به‌غدا ئه‌نجاممان داوه و هیچ سه‌فه‌رێكمان بێ ئاگاداری به‌غدا نه‌بووه، كه چووین و كه هاتووینه‌ته‌وه هه‌موومان به هه‌ماهه‌نگی ئه‌نجام داوه. هه‌رێمی كوردستان ده‌توانێت یارمه‌تیده‌رێكی زۆر گه‌وره بێت بۆ به‌غدا له ئێستا و له ئاینده‌شدا."
ده‌رباره‌ی هاوكێشه‌ی سیاسی و چۆنیه‌تى و قورسی و ئاسانیی دامه‌زراندنی كابینه‌ی نوێی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانی گوتی:
"پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكوومه‌ت ئاسان نابێت، با ڕاشكاو بین و چاوه‌ڕوانيی خه‌ڵك به‌رزكه‌ینه‌وه و بڵێین به زووترین كات كابینه‌ی نوێی حكوومه‌ت پێكده‌هێنین؟ ئاسان نابێت، به‌ڵام باوه‌ڕیش ناكه‌م مه‌حاڵ بێت و نه‌توانین بگه‌ینه ڕێككه‌وتن. له ئه‌نجامدا واقعێكی سیاسی له هه‌رێمی كوردستان هه‌یه و ده‌بێت دان به‌و واقعه سیاسییه‌دا بنێین. خاڵی دووه‌م ئه‌وه‌یه كه ده‌بێت له كه‌شوهه‌وای هه‌ڵبژاردن ده‌رچین، ته‌واو و تا كه‌ی؟ هه‌ڵبژاردنێك بووه، بانگه‌شه كراوه و مایك فڕێدراوه و زۆر شت كراوه، به‌ڵام ئه‌مه ته‌واو و ئه‌و قۆناغه ته‌واو بوو. ده‌بێت ئه‌م قۆناغه نوێیه وه‌ك خۆی بخوێنرێته‌وه و هه‌موو لایه‌كمان هه‌وڵ بده‌ین په‌نا به‌خوا چاره‌سه‌ری بكه‌ین".
هه‌ر له وه‌ڵامی پرسیارێكی دیكه‌ی ئاماده‌بوواندا له‌سه‌ر پرسی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان، به‌ڕێز سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان ڕایگه‌یاند:
"پێشتر ئاماژه‌م پێ كرد، بۆچوونی ئێمه له‌سه‌ر پرسی نه‌وت ئه‌وه‌یه كه نه‌وت كاڵایه‌كی بازرگانییه و سیاسی نییه، به‌ڵام خودی پرۆسه‌ی نه‌وت به ملیاره‌ها دۆلاری هێنایه هه‌رێمی كوردستان، ئه‌و ژێرخانه‌ی كه له هه‌رێمی كوردستان دروست بوو له‌و ماوه‌یه‌دا به دڵنیاییه‌وه حه‌ز ده‌كه‌م بزانن و بۆ مێژوو، ئه‌وه زیاتری له پرۆسه‌ی نه‌وت بوو. ده‌رباره‌ی ئه‌وه‌ی كه ئایا ئێمه سه‌ركه‌وتین یان سه‌رنه‌كه‌وتین له‌و بابه‌ته‌دا، نامه‌وێ بكه‌وینه ئه‌و گفتوگۆیه، ده‌توانم گفتوگۆ بكه‌م كه له كوێ بووین و ئایا سه‌ركه‌وتین یان نا؟ به‌ڵام به‌هه‌رحاڵ نه‌وت به‌پێی ده‌ستووریش موڵكی هه‌موو گه‌لی عێراق بووه، كاتی خۆیشی كه پرسی هه‌نارده‌كردنی نه‌وتمان ده‌ست پێ كرد، له‌و كاته بوو كه به‌غدا بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستانی بڕی. بۆ مێژوو ده‌بێت ئه‌وه‌مان بیربێته‌وه، له‌سه‌ر ئه‌وه له‌گه‌ڵ به‌غدا ڕێككه‌وتین كه ئه‌گه‌ر ئێوه پابه‌ندييه‌كانى خۆتان به‌رامبه‌ر به هه‌رێمی كوردستان جێبه‌جێ نه‌كه‌ن، ناچار ده‌بین ئه‌و كاره بكه‌ین، هیچ كاتێكیش نه‌مانویستووه له ده‌ره‌وه‌ی به‌غدا ئه‌و كاره بكه‌ین، چونكه پرسی كورد پرسێكی ئاڵۆزه. له ئه‌نجامدا بۆڕییه‌كی نه‌وتت دروست كرد و به ڕێگه‌ی توركیا هه‌نارده‌ی ده‌ره‌وه‌ت كرد، خودی ئه‌وه شتێكی كه‌م نه‌بوو، به‌ڵكو زۆریش گه‌وره بوو بۆ گۆڕینی ئه‌و فكره‌یه، به‌ڵام ئه‌مه ته‌نيا بۆ كوردستان نه‌بوو، بۆ عێراقیشه. ئه‌وه‌ی گرنگه ئێستا ده‌بێت له به‌غدا ئه‌م پرسه به جددی وه‌ربگیرێت و ئه‌و زیانه‌ی له عێراق ده‌درێت كه ناهێڵن بۆڕییه‌كه بكرێته‌وه، زیانێكی زۆر گه‌وره‌یه. هیوادارم ئه‌و كێشه‌یه‌ش به زووترین كات چاره‌سه‌ر ببێت".
له كۆتاییدا سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانی سوپاسی ڕێكخه‌رانی دیداری ساڵانه‌ی (مێری)ی كرد، به‌تایبه‌ت دكتۆر دلاوه‌ر عه‌لائه‌ددين كه ئه‌و هه‌موو كهسایهتييهى له عێراق و كوردستان و ده‌ره‌وه‌ی وڵاته‌وه بانگهێشت كردووه و ده‌توانن بیروبۆچوونی خۆیان له‌و سهكۆیەدا بخه‌نه ڕوو و گفتوگۆی زانستی له‌سه‌ر بابه‌ته جیاوازه‌كان بكه‌ن.