
بەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە 23/4/2025 بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەشداريی لە ڕێوڕەسمی نزاى نیشتمانیدا كرد كە بە ئامادەبوونی بەڕێزان سەرۆك مەسعوود بارزانی، مەسروور بارزانی سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان و ژمارەیەكی بەرچاو لە بەرپرسانی باڵا و كەسایەتیيه ئایینیيه‌كان و ميوانان له هەرێمی كوردستان و عێراق و ئەمەریكا و ئەورووپا و وڵاتانی دیكەی جیهانه‌وه، هه‌روه‌ها ديپلۆماتكار و نوێنەرانى وڵاتان له هه‌رێمى كوردستان، ڕێوڕەسمی نوێژی نیشتمانی بە ناونیشانی بەرەو یەكبوون لە باوەڕدا، بەڕێوەچوو.
لە ڕێوڕەسمەكەدا سەرۆك نێچیرڤان بارزانی وتارێكی پێشكەش كرد، ئەمە دەقەكەیەتی:
جه‌نابى سه‌رۆك بارزانى
به‌ڕێزان كه‌سايه‌تيى ئايينى له هه‌موو ئايينه‌كان،
ئاماده‌بووانى به‌ڕێز،
میوانانی ئازيز له هه‌ر كوێ هاتبن،
ڕۆژتان باش و هەموو لایەكتان بە خێر بێن
هه‌مووتان به خێر بێن بۆ هه‌ولێر، بە خێر بێن بۆ كوردستان، بۆ سه‌رزه‌مينى ئاشتی و پێکەوەژیان. زۆر خۆشحاڵم لە ڕێوڕه‌سمى ڕۆژی نوێژی نیشتمانیدا پێكه‌وه‌ين كه يه‌كه‌مجاره له کوردستان به‌ڕێوه ده‌چێت و ئه‌و ڕێژه گه‌وره‌يه له سەرکردەى ئايينى و کەسایەتيی فکرى لە ئایین و کولتوورە جياوازه‌كان، به‌شداريى ئەم ڕێوڕه‌سمه ده‌كه‌ن.
هه‌ر لێره‌وه، دووباره به‌گه‌رمى و له دڵه‌وه، پيرۆزبايى جه‌ژنى قيامه‌ت، (ئيسته‌ر) له ته‌واوى هاووڵاتييانى مه‌سيحی له هه‌رێمى كوردستان و عێراق و له هه‌موو جيهانى مه‌سيحییەت به‌گشتى ده‌كه‌م. هيوادارم جه‌ژنێكى ئارام و ئاسووده، به‌سه‌ر به‌رن.
ئەمڕۆش ئه‌مه دەستپێشخەرییەکی گرنگه کە لەگەڵ ڕوانگه‌ى هەرێمی کوردستاندا بۆ چەسپاندنی کولتووری پێکەوەژیان و لێكگەییشتن دەگونجێت، دوور لە گرژی و دابەشبوونيش، زه‌مينه‌يه‌كى گشتگیر بۆ گفتوگۆی ڕۆحی و مرۆیی، لەنێوان گەلاندا، ده‌ڕه‌خسێنێت.
فرەیيی ئایینی و کولتووری لە کوردستان، هەرگیز بارقورسى نەبووە، بەڵکوو سەرچاوەی هێز و سەقامگیری و هه‌ميشه جێى شانازيمان بووه. به درێژاييى ساڵان، هەرێمى كوردستان سەلماندوویەتی کە نموونەیەکی واقیعییە لە ڕێزگرتن لە فرەیی و پاراستنی ئازادییە ئایینیيەکان و دروستکردنی ژینگەیەکی ئارام بۆ هه‌موو پێکهاتە جیاوازەکان له هه‌ر ئايين و نه‌ته‌وه‌يه‌ك بن لە هەرێمی كوردستان.
وه‌ك ئه‌م به‌يانييه گوێمان لە قسەكانی به‌ڕێز مه‌لا عه‌بدوڵڵا وه‌يسى، سه‌رۆكى يه‌كێتيى زانايانى ئايينى ئيسلام له كوردستان بوو كە باسى كرد، زيندووترين نموونه‌ى كولتوورى و فره‌يى و پێكه‌وه‌ژيان و لێبورده‌يى له كوردستان، ئه‌وه بوو كاتێك 2014 هاووڵاتييانى ئێزدی و مەسیحیمان له‌سه‌ر ده‌ستى تيرۆرستانى داعش ڕووبه‌ڕووى جينۆسايد بوونه‌وه، له بادينان به‌تايبه‌تى و له زۆر شوێنى ديكه‌ى كوردستانيش، ده‌رگاى مزگه‌وت و قوتابخانه‌كان بۆ ئاواره‌كان كرانه‌وه و هه‌موو يارمه‌تى و هاريكارييه‌كیان پێشكه‌ش كرا.
كه سه‌ره‌تاى دوو هه‌زاره‌كان، به‌داخه‌وه شه‌پۆلى توندوتيژى به‌رامبه‌ر به هاووڵاتييان له مه‌سيحى و خه‌ڵكى سوننه له شوێنه‌كانى ديكه‌ى عيراق ده‌ستى پێكرد، ئه‌وان هاتن له هه‌رێمى كوردستان، گيرسانه‌وه. لێره له هه‌رێمى كوردستان، له لانكه‌ى لێبورده‌يى و پێكه‌وه‌ژيان، پێشوازييان لێكرا و حه‌وێنرانه‌وه.
هه‌موو ئه‌مانه له‌سه‌ر فه‌رمانى ڕاسته‌وخۆى جه‌نابى سه‌رۆك مەسعوود بارزانى ئه‌نجام دران. وايلێهات هه‌رێمى كوردستان پێشوازى له سه‌رووى دوو مليۆن ئاواره و په‌نابه‌ر بكات. ڕێژه‌ى دانيشتوانى هه‌رێمى كوردستان زياتر له سه‌تا سى و سێ زيادى كرد. ئێستاش نزيكه‌ى يه‌ك مليۆن ئاواره و په‌نابه‌ر هه‌يه.
خۆشبه‌ختانه نه ئه‌وسا و نه ئێستا هيچ كێشه و ڕووداوێكى ئه‌منى و كۆمه‌ڵايه‌تى ڕووينه‌دا. ئێستاش ئه‌وانه‌ى گه‌ڕاونه‌ته‌وه شوێنى خۆيان، يادگاريى خۆشيان له هه‌رێمى كوردستان هه‌يه و به‌رده‌وام به سه‌ردان دێنه‌وه بۆ ئێره.
ئێمە باوەڕمان وایە کە بەهێزکردنی ئاشتی لە باوەڕی قووڵەوە بە بەهای مرۆڤ و به ڕێزگرتن لە شكۆى مرۆڤایەتی بەبێ جیاوازی، سه‌رچاوه ده‌گرێت. ئەم بەهایانە كاتێك ته‌واو جێ‌گير ده‌بن كه لە سیاسەتە گشتییەکان، پەروەردە، دادپەروەری و هاوکاريی نێوان ئایین و کولتوورەکاندا، پشتگيرییان هەبێت و به بڕوا كاريان پێ بكرێت. ئێمه‌ش له هه‌رێمى كوردستان، به جددى و بێ ڕاوه‌ستان، كاريان بۆ ده‌كه‌ين.
ئەزموونەکان و مێژوو سەلماندوویەتی: گفتوگۆی ڕاستگۆیانە، باشترین ڕێگەیە بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان و بەهێزکردنی متمانە لەنێوان خەڵکدا. لێرەوە، ئێمە ئەم چالاکییەی كە ئەمڕۆ لە هەولێر ئەنجام دەدرێت، بە هەنگاوێکی جددی دەزانین بەرەو چەسپاندنی زياترى کولتووری لێكگەییشتن و ڕێز له يه‌ك گرتن، هه‌روه‌ها پەیامێکه لە کوردستانەوە، لە هەولێرەوە بۆ جیهان کە دەڵێت: فرەیی هەڕەشە نییە، بەڵکوو سەرچاوەی دەوڵەمەندییە و کۆمەڵگەکان دەتوانن بەئارامی و شکۆوە، پێکەوە بژین کاتێک لەسەر متمانە و کرانەوە، بنیات دەنرێن.
هه‌ر لەم ده‌رفه‌ته‌دا، جارێكى تر هاوخەميی قووڵی خۆمان بۆ كۆچى دواييى قه‌داسه‌تى پاپا فرانسیس دەردەبڕین کە نموونە بوو لە خاكه‌ڕايى و کرانەوەی ڕاستەقینە. هه‌موومان نزاى بۆ ده‌كه‌ين و خوای مەزن گيانى شاد بكات.
قه‌داسه‌تى ئه‌و، بە سەردانێك بۆ هەرێمی کوردستان لە ساڵی ٢٠٢١دا، شەرەفمەندی کردین. ئەو سەردانە وەک ڕووداوێکی مێژوویی لە بیرەوەريی هه‌موو پێكهاته‌كانى گه‌لى كوردستان و عێراق بێ جیاوازی دەمێنێتەوە و هه‌ميشه جێى شانازيمان ده‌بێت. میراتی ئەو، وەک چرايه‌ك بۆ ئاشتی و لێبورده‌يى بەردەوام له‌نێو ئێمه و له هه‌موو جيهاندا، ئامادە دەبێت.
ئومێدەوارین ئەم ڕۆژە ببێتە نەریتێکی ساڵانە کە کولتووری گوێگرتن و لێبورده‌يى و يه‌كترقبووڵكردن و پێكه‌وه‌ژيانى ئاشتيانه بەهێز بکات و هاوكار و به‌شدار بێت له فراوانکردنی پردەکانی متمانە لەنێوان کۆمەڵگەدا، هه‌روه‌ها ببێته ده‌نگى هه‌موو ئه‌وانه‌ى باوەڕيان بە ئاشتی هه‌يه وەک هاوبەشی و بەرپرسیاريه‌تی.
زۆر سوپاسی هەموو ئەو كه‌س و لایەنانە دەکەم كه به‌شدارييان له ڕێکخستنی ئەم چالاکییە كرد. سوپاس بۆ هه‌موو ئه‌و بەشدار و به‌ڕێزانه‌ى لە ناوەوە و لە دەرەوەی کوردستان هاتوون. پشتگیری و بەشداریکردنیان، گرنگيی ئەم پەیامە دەردەخات و هیوامان پێدەبەخشێت بۆ داهاتوویەکی سەقامگیر و دادپەروەرتر، هه‌روه‌ها لە هەرێمی كوردستان زياتر هانمان ده‌دات و كوردستان بۆ هه‌ميشه به نيشمانى فره‌يى، پێكه‌وه‌ژيان، يه‌كترقبووڵكردن، لێبورده‌يى، لێكگه‌يیشتن و ئاشتى ده‌مێنێته‌وه.
هەموو لایەكتان بە خێر بێن بۆ هەولێر،
بە خێر بێن بۆ كوردستان،
زۆر سوپاس بۆ ئامادەبوونتان.
هيواى ڕۆژێكى خۆشتان بۆ ده‌خوازم،
دیسان بەخێر بێن،
زۆر سوپاس..







