
ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە 26/5/2025، بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، بەشداريی كۆنفرانسی ساڵانەی زانكۆی كاتۆلیكی لە هەولێر كرد.
لە ڕێوڕەسمەكەدا كە ژمارەیەك لە پياوانى ئایینيی مه‌سيحى و موسڵمان، ئەكادیمی و میوانانی ناوخۆی عێراق و هەرێمی كوردستان و دەرەوە ئامادەی بوون، سەرۆك نێچیرڤان بارزانی وتارێكى پێشكەش كرد، ئەمە دەقەكەیەتی:
ئێوارەتان باش
قەداسەتی پاتریارك مار ئاوا،
ئامادەبووانی بەڕێز،
ميوانانى خۆشەویست،
پياوانى به‌ڕێزى ئايينى،
هەموو لایەكتان به خێر بێن.
خۆشحاڵم كه هه‌موومان پێكه‌وه لێره‌ين بۆ به‌شداريى له ڕێوره‌سمى کردنەوەی کۆنفرانسی ساڵانەی زانکۆی کاتۆلیکی له هەولێر لەسەر بەڕێوەبردنی ئەوقاف و داراییيەکانی كه‌نيسه. به‌شدارى و ئامادەبوونی ئەمڕۆم لێره له‌گه‌ڵ ئێوه‌دا، گوزارشتە لە پابەنديی پتەومان بۆ پشتگیریکردنی هەموو پێکهاتەکان لە هەرێمی کوردستان، بەتایبەتيش هاووڵاتييانى مەسیحیمان کە بەشێکی ڕەسەن و سه‌ره‌كين له پێكهاته‌ى کۆمەڵگا و مێژووی هاوبەشمان له كوردستان.
ئامادەبووانی بەڕێز،
کوردستان نیشتمانی هەموومانە. بێ جياوازى، هەموومان لەژێر ئاسمانەکەی و لەسەر خاکەکەی، کۆدەکاتەوە. ئەو مافی لەسەر هەموومان هەیە و هەموومان مافمان تيايدا هەیە. پێویستە ئێمە پارێزگاری و بەرگری لێ بکەین. ئەم خاکە بە کۆکردنەوەی هەموو پێکهاتە ئایینی و نەتەوەیيیەکان، بە يه‌كترقبووڵكردن و بە پێکەوەژیانی ئاشتیانەى هه‌زاران ساڵه لەنێوان هەموو پێکهاتەکاندا، دەناسرێتەوە. هەموومان پێكەوە لە بنیاتنان و لە پاراستن و لە پێشخستنی ئەم بەشەدا، له ئه‌رك و به‌رپرسياريه‌تيدا، پێكەوە بەشدارین.
پاراستنی پێکهاتەکان و بەرگریکردن لە مافەکانیان، تەنها چه‌ند دروشمێك نین بەرزيان بکەینەوە، بەڵکو چه‌مك و بنه‌مايه‌كى چەسپاوی بڕوامانە كە دەبێت پێكەوە بژین. ئێمه هه‌ر له سه‌ره‌تاى دامه‌زراندنى په‌رله‌مان و حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستانه‌وه، داكۆكيمان له به‌شدارى و نوێنه‌رايه‌تيكردنى پێكهاته‌كان له كايه‌ى سياسى و كارگێڕيدا كردووه.
كوردستان به درێژایيی ساڵان و سەردەمەکان، ئه‌مه‌ى سەلماندووه، هه‌ر ئەمەش هێزی بە کوردستان بەخشیوە. فره‌يى و هه‌بوونى پێکهاتە ئايينى و نه‌ته‌وه‌يييه‌كانى، بووه‌ته سەرچاوەی هێز و دەوڵەمەندی و سەقامگیری بۆ كوردستان. بۆيه ئێمە بۆ هه‌ميشه وەفادار و دڵسۆز بۆ ئەم کولتوورە ڕەسەنە، ده‌مێنينه‌وه.
كاتێك دواى ساڵی 2003 به داخه‌وه توندوتيژى چه‌ندين ناوچه‌ى جياوازى له عێراق گرته‌وه، هه‌روه‌ها كه ڕێكخراوى تيرۆرستيى داعش هێرشى كرده سه‌ر ناوچه‌كانى شه‌نگاڵ و مووسڵ و ده‌شتى نه‌ينه‌وا، پێکهاتەی مەسیحيش وه‌ك ئێزدييان و هه‌موو پێكهاته‌كانى ديكه، بە بارودۆخێكی زۆر سەخت و به زۆر ئازار و مه‌ينه‌تيدا تێپەڕین.
لەو ساتە هەستیارانەدا، هەرێمی کوردستان، به سەرکردایەتی و خه‌ڵكه‌كەیەوه، وه‌ك ئه‌رك و به‌رپرسياريه‌تى، سەلماندیان کە پەناگەیەکی ئارامن بۆ هەموو ئەوانەی بەدوای ئازادی و کەرامەت و مرۆڤايه‌تيدا دەگەڕێن. بۆ هه‌موو ئه‌وانه‌ى له‌سه‌ر بيروباوه‌ڕ، له‌سه‌ر ئايين و نه‌ته‌وه، ڕووبه‌ڕووى مه‌ترسى بوونه‌تەوە، كوردستان بووه ماڵ و نيشتمانى دووه‌ميان. بووه شوێنێك بۆ ئومێد و به‌رده‌وامى. بۆيه ئەمڕۆش، پێکەوە دەوەستین و پێكه‌وه كار ده‌كه‌ين بۆ بنیاتنانی داهاتوویەک کە ڕێز لە فرەڕەنگی دەگرێت و مافی هەموو لایەك دەپارێزێت.
ئاماد‌ەبووانى به‌ڕێز..
بابەتی بەڕێوەبردنی ئەوقاف و داراییەکانی كه‌نيسه، کە لەم کۆنفرانسەدا گفتوگۆی لەسەر دەکرێت، گرنگییەکی زۆری هەیە. ئەوقافە مەسیحییەکان تەنها موڵک نین، بەڵکو بەشێکن لە میراتێكى گرنگ و به‌نرخ و ده‌وڵه‌مه‌ندی شارستانی و کولتووری و ڕۆحيی ئەم ناوچەیە، هه‌روه‌ها گەرەنتیەکن بۆ بەردەوامبوونی مەسیحیيان و ڕۆڵی زیندوويان لە کۆمەڵگاى كوردستانى و عێراق.
لەم ڕوانگەیەوە، ئێمه پشتگیريی تەواوی خۆمان بۆ خێراکردنی دەرکردنی یاسایەکی تایبەت بە ئەوقافی مەسیحی دووپات دەکەينەوە، بە شێوەیەک کە لەگەڵ ڕۆحی دەستووری عێراقدا بگونجێت و ئەم موڵکانە لە هەر پێشێلكارى و دەستدرێژیەک پارێزراو بن. ئەم یاسایە پەیامێکی ڕوون دەبێت کە موڵکی مەسیحیيان لە کوردستان و عێراق پارێزراون و بەشداريی نیشتمانیيان بە ئیرادەیەکی سیاسيی جێگیر و گەرەنتيی ياسايى و دەستووری، پارێزراوە.
ئێمه به پاراستنی ئەم میراتە، چ زەوی بێت چ موڵك و سامان، دڵنیایی دەربارەی داهاتوويان ده‌ده‌ين و پەیامی دڵنیایی بۆ مەسیحییەکان ده‌نێرين كه میراتی باب و باپیرانیان، لەم وڵاتەدا پارێزراوه.
ده‌بێته پشتگیریيه‌ك بۆ به‌رده‌واميى هه‌بوونى مەسیحييان، ئه‌مه‌ش لە ڕێگەی پاراستنی وەقفەکانەوە کە بۆ دابینکردنی خەرجيی چالاکییەکانی که‌نيسه و ژیانی کارمەندانی و یارمەتیدانی هەژاران و نەداران تەرخان کراون.
هه‌روه‌ها ده‌بێته جێگیرکردنی مافەکانی بەڕێوەبەرانی وەقفەکان و دەسەڵاتەکانيان، تا بتوانن وەقفەکان پەرەپێبده‌ن و گەشەيان پێ بكه‌ن، مافى خاوەنداريه‌تی و بەڕێوەبردنی وەقفەکانيش، ده‌داته كه‌نيسه.
هه‌موو ئه‌مانه گرنگن، چونكه دوای سەدەیەک لە گۆڕانکاريی سیاسی و چەوساندنەوە و ئازار و مه‌ينه‌تى، مانەوەی مەسیحیيان له وڵات و له‌سه‌ر زێدى خۆيان، بە پێشکەشکردنی دڵنیایيی ڕاسته‌قينه و به دڵنيابوون له‌وه‌ى داهاتوویان ئاسوودەيه، بەستراوەتەوە.
هه‌ر لێره‌وه زۆر به پێويست و گرنگى ده‌زانم بگه‌ڕێينه‌وه سه‌ر یاسای باری کەسێتيی مەسیحیيان كه بابه‌تى كۆنفرانسى پارساڵتان بوو. ده‌بێ زۆر به جددى له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته بوه‌ستين، چونكه بابه‌تێكى زۆر گرنگ و هه‌ستياره. سوپاسی هەوڵ و ڕه‌نج و ماندووبوونتان له‌مباره‌يه‌وه ده‌كه‌م.
داوا لە پياوانى به‌ڕێزى ئايينى و به‌ڕێزان سه‌رۆكى كه‌نيسه‌كان لە كوردستان و لە عێراق دەکەم، بە گيانێكى یەکگرتوویی، بەردەوام بن بۆ تەواوکردنی داڕشتنی ئەم یاسا گرنگە کە پێویستییەكی زۆرە بۆ مەسیحییەكان لە عێراقدا كە ڕێز لە تایبەتمەندییەکانى مه‌سيحييان دەگرێت و مافەکانيان بە تەواوەتی دەپارێزێت.
بەڕێزان،
دەمەوێت دووبارە جه‌خت له‌وه بكه‌مه‌وه کە مەسیحییەکان و پێكهاته‌كانى ديكه، له هه‌ر ئايين و نه‌ته‌وه‌يه‌كن بن، لە کوردستان میوان نین، بەڵکو خاوه‌ن و هاوبەش و به‌شێكى سه‌ره‌كى و ڕەسەنى ئه‌م خاکە و ئەم نيشتمانەن. هه‌مووان دڵنيا ده‌كه‌ينه‌وه کوردستان کە به درێژاييى مێژوو هەمووانى لەخۆگرتووه، بۆ هه‌ميشه به وڵات و نيشتمانى فرەڕەنگی و لێبوردەیی و ئازادی دەمێنێتەوە.
پاراستنی فره‌ڕه‌نگى و مافەکان تەنها بە نیازی باش بەدی نایەت، بەڵکو بە چوارچێوەیەكی یاسایيی ڕوون و بە دامەزراوەی کارا و هاوکاريی نزیک و پێكه‌وه‌ى هەموو پێکهاتەکانی کۆمەڵگا، بەدی دێت. هيوادارم دەرەنجامەکانی ئەم کۆنفرانسە یارمەتيی بەدیهێنانی ئەم ئامانجە باڵايانه بده‌ن و هاوكار بن بۆ باشتركردنى دۆخى مه‌سيحييەكان لە هەموو ڕوویەكەوە.
سوپاس و پێ‌زانین و ده‌ستخۆشى پێشکەش بە زانکۆی کاتۆلیکی له هەولێر و سه‌رۆكايه‌تيى زانكۆ، جه‌نابى مەتران بەشار مه‌تتی وەردە و هەموو ئەو به‌ڕێزانە ده‌كه‌م كه بەشدارییان لە ڕێکخستنی ئەم کۆنفرانسەدا کردووە.
پێکەوە، هەموومان پێكەوە به‌رده‌وام ده‌بين له به‌ره‌وپێشبردنى کوردستانی لێبوردەیی و پێکەوەژیانى ئاشتيانه و بەشداريی لە بنیاتنانی عێراقێکی دادپەروەر و فره‌ڕه‌نگدا ده‌كه‌ين کە تيايدا ژيان و شكۆ و مافی هەموو پێکهاتەکان لە هەر شوێنێكی ئەم وڵاتە بن، پارێزراو بێت.
زۆر سوپاس، هيواى ئێوارەیەكی خۆش بۆ هەمووتان ده‌خوازم.





