Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى له‌گه‌ڵ به‌ڕێز هادى ئه‌لعامرى كۆبووه‌وه‌

2025-01-13T17:14:00.000000Z
هه‌واڵ په‌یوه‌ندیی ناوخۆیی

هه‌ر لە چوارچێوەی سەردانەکەیدا بۆ بەغدا، ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 2025/1/13 به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ بەڕێز هادی ئه‌لعامری، ئه‌مینداری گشتیی ڕێکخراوی بەدر، کۆبووەوە.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، هاوکاريی سیاسی و ئەمنيی نێوان هەولێر و بەغدا تاوتوێ کرا و تيشك خرايه‌ سه‌ر گرنگيى کاری هاوبەش بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو ئاڵنگارييانه‌ى بۆ عێراق پێشهاتوون، له‌مباره‌يه‌وه‌ جەختيان لەسەر بەهێزکردنی گفتوگۆى نێوان هەموو لایەنە سیاسییەکان کرده‌وە بۆ بەدیهێنانی دیدگایەکی نیشتمانيی هاوبەش کە خزمەتی سەقامگیری و پێشکەوتنی وڵات بکات.

هه‌روه‌ها هه‌ردوولا هاوڕا بوون له‌سه‌ر گرنگيى بەردەواميی هاريكاريى هاوبه‌ش و هەماهەنگيی نێوان لایەنە عێراقییەکان بۆ دەستەبەرکردنی ته‌بايى و پته‌وكردنى گيانى نیشتمانی و تێپەڕاندنی ناکۆکییەکان بە شێوەیەک کە بەرژەوەنديی گەلی عێراق به‌ هه‌موو پێكهاته‌كانييه‌وه‌ بپارێزێت.

دوايين پێشهات و پەرەسەندنەکانی دۆخی ناوچەکە، بەتایبەتى گۆڕانگارييه‌كانی سووریا و کاریگەرى لێكه‌وته‌كانى، له‌گه‌ڵ چه‌ند پرسێكى ديكه‌ى جێى بايه‌خى هاوبه‌ش، ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو.