Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى له‌گه‌ڵ شاندێكى ئاشوورييه‌كانى ئه‌مه‌ريكا كۆبووه‌وه‌

2025-09-14T11:12:00.000000Z
هه‌واڵ په‌یوه‌ندیی نێوده‌وڵه‌تی

پێشنيوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ يه‌كشه‌ممه‌ 2025/9/14 به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان پێشوازيى له‌ شاندێكى ئاشوورييه‌كانى ئه‌مه‌ريكا به‌ سه‌رۆكايه‌تيى به‌ڕێز سام ده‌رمۆ، سه‌رۆكى دامه‌زراوه‌ى ئاشوورييه‌كان له‌پێناو دادوه‌ريدا كرد كه‌ له‌ ژماره‌يه‌ك له‌ كه‌سايه‌تييه‌ دياره‌كانى كۆمه‌ڵگه‌ى ئاشووريى عێراق و هه‌رێمى كوردستان له‌ ئه‌مه‌ريكا، پێكهاتبوو‌.

له‌ ديدارێكدا دۆخى ئاشوورييان و پێكهاته‌كان له‌ عێراق به‌گشتى و هه‌رێمى كوردستان به‌تايبه‌تى تاوتوێ كرا و ده‌رباره‌ى ڕۆڵ و پێگه‌ و ئاماده‌يى و ئێستا و داهاتووى ئاشوورييان و پێكهاته‌كان له‌ هه‌رێمى كوردستان، بيروڕايان گۆڕييه‌وه‌.

شاندى ميوان ستايش و پێزانينى خۆى بۆ پێكه‌وه‌ژيان و يه‌كترقبووڵكردنى نێوان پێكهاته‌كان له‌ هه‌رێمى كوردستان دووپات كرده‌وه‌، هه‌روه‌ها سوپاسى هه‌رێمى كوردستانيان كرد بۆ ئه‌و پشتيوانى و هاوكارييه‌ى له‌دواى ساڵى 2003ـه‌وه‌ له‌ هه‌رێمى كوردستان وه‌ك په‌ناگه‌يه‌كى ئارام بۆ ئاشوورييه‌كان و پێكهاته‌كان به‌گشتى، پێشكه‌شى كردووه‌.

لاى خۆيه‌وه‌ سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى وێڕاى نيشاندانى خۆشحاڵى، سه‌ردانى شانده‌كه‌ى بۆ هه‌رێمى كوردستان به‌ گرنگ و پێويست بۆ كارى هاوبه‌ش له‌ قه‌ڵه‌م دا و جه‌ختى له‌ سياسه‌ت و هه‌ڵوێستى نه‌گۆڕى هه‌رێمى كوردستان له‌ پاراستنى پێكهاته‌كان و كولتوورى پێكه‌وه‌ژيان كرده‌وه‌، هه‌روه‌ها ستايشى ڕۆڵ و هاوبه‌شيى ئاشوورييان و پێكهاته‌كانى له‌ هه‌موو كايه‌كانى ژياندا له‌ هه‌رێمى كوردستان، كرد.

ئامادەیی و بەشداریی ڕه‌وه‌ندى ئاشوورى و پێكهاته‌كان له‌ ئه‌مه‌ريكا و ده‌ره‌وه‌ى وڵات به‌گشتى، ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو.