ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه 2025/10/30 به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، به‌شداريى له ڕێوڕه‌سمى ئاهه‌نگى ده‌رچوونى 2025ى زانكۆى كوردستان ـ هه‌ولێر كرد كه تيايدا (526) ده‌رچوو له به‌شه جياكانى چوار كۆلێژ، بڕوانامه‌ى زانكۆيييان به‌ده‌ستهێنا.
له وته‌يه‌كدا وێڕاى پيرۆزبايى له ده‌رچووان، دايكوباوك و كه‌سوكار و مامۆستاكانيان، سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى، تيشكى خسته ڕوانگه و ئه‌و بنه‌مايانه‌ى زانكۆى كوردستان ـ هه‌ولێريان له‌سه‌ر دامه‌زراوه، هه‌روه‌ها باسى له گرنگيى زانست و زانين له پێشخستنى كۆمه‌ڵگه‌كاندا كرد.
به‌ڕێز سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان هه‌روه‌ها ڕۆڵى گه‌نجانى پێگه‌يشتوو و گۆشكراوى كوردستانى به زانست و ته‌كنه‌لۆژيا بۆ بنياتنانى ئێستا و داهاتووی وڵات به گرنگ له قه‌ڵه‌مدا و هانى دان كه بوێرانه بچنه بواره‌كانى خزمه‌تكردن به گه‌ل و وڵاته‌كه‌يان.
ئه‌مه ده‌قه‌كه‌يه‌تى:
ده‌رچووانى خۆشه‌ويست،
دايكوباوك و كه‌سوكارى ئازيزيان،
مامۆستايان و ئاماده‌بووانى به‌ڕێز..
ئێواره‌تان باش،
خۆشحاڵم كه پێكه‌وه به‌شداريى له ڕێوڕه‌سمى خولى ده‌رچوونى 2025ى زانكۆى كوردستان ـ هه‌ولێر ده‌كه‌ين.
له دڵه‌وه، زۆر به گه‌رمى پيرۆزبايى له ئێوه‌ى ده‌رچووانى ئازيز، پيرۆزبايى له دايكوباوكتان، له كه‌سوكار و له مامۆستاكانتان ده‌كه‌م. هه‌موويان له‌گه‌ڵ ئێوه ماندوو بوون. ئه‌وانيش به‌شێكن له‌م سه‌ركه‌وتنه‌ی ئەمڕۆ. هه‌موومان شانازيتان پێوه ده‌كه‌ين.
ده‌رچووانى خۆشه‌ويست،
ئه‌مڕۆ بۆ ئێوه و بۆ كوردستان ڕۆژێكى گرنگه. چونكه ئێوه ته‌نيا (526) ده‌رچوو نين كه له به‌شه جياكانى چوار كۆلێژى زانكۆدا، بڕوانامه‌تان بەدەستهێناوە، به‌ڵكوو ئێوه توانايه‌كى به‌هێز و گرنگن بۆ خزمه‌ت و پێشخستنى كوردستان. ئێوه داهاتووى گه‌له‌كه‌تانن.
نۆزده ساڵ به‌رله ئێستا، دامه‌زراندنى زانكۆى كوردستان ـ هه‌ولێر له‌سه‌ر ڕوانگه‌يه‌كى ڕوون بوو:
به كواڵيتييه‌كى باڵا و ئاستێكى به‌رزى زانستى، دامه‌زراوه‌يه‌كى فێركاريمان هه‌بێت، له‌گه‌ڵ پێشكه‌وتنى ته‌كنه‌لۆژى و ئابوورى و سياسى له جيهاندا بڕوات. به‌شدار و هاوبه‌ش بێت له پێشخستنى هه‌رێمى كوردستان. له‌سه‌ر ئه‌و بڕوايه دامه‌زرا كه داهاتووى كوردستان له مێشكى گه‌نجه‌كانيدايه.
ئامانج دامه‌زراندنى باش‌ترين بوو، نه‌ك گه‌وره‌ترين. له ته‌ك دامه‌زراوه زانستييه‌كان و زانكۆكانى تر كوردستاندا، زانكۆيه‌ك به زمانى ئينگليزى هه‌بێت، تيايدا زانست و زانين له‌گه‌ڵ داهێنان يه‌ك بگرن. شوێنێك بۆ بير‌ى ئازاد، بۆ كراوه‌يى و بيركردنه‌وه‌ى ڕه‌خنه‌يى. بۆ دروستكردنى گه‌نجێك كه سه‌ركردايه‌تى ده‌كات لە ئایندەدا، جورئه‌تى بڕياردانى ده‌بێت و خاوه‌ن ده‌ستپێشخه‌رييه.
ئه‌و گه‌نجانه‌ى هه‌ميشه داهاتووى كوردستانێكى به‌هێز و گه‌شاوه، له چاوه‌كانياندا ده‌بينین. ئه‌و گه‌نجانه‌ى جێى ئومێد و شانازيى هه‌موومانن. زۆر سوپاس و ئێوە هەمووتان جێی شانازین. ئەو گەنجانەی گه‌ل و وڵاتى خۆيان خۆش ده‌وێت و ده‌يانه‌وێت وڵاته‌كه‌يان ببه‌نه ئاستى وڵاتانى پێشكه‌وتووى جيهان.
زانكۆيه‌ك، ئامانجى يه‌كه‌م و كۆتاييى، فێربوون و زانين و زانست بێت. باش‌ترين توانا زانستييه‌كانى ئه‌و گه‌نجه ژيرانه‌ى كوردستان كۆبكاته‌وه كه به خوێندن و فێربوون، به زانست و زانين، ده‌توانن داهاتوويه‌كى گه‌ش بۆ خۆيان و بۆ گه‌ل و بۆ نيشتمانه‌كه‌يان، بنيات بنێن.
بۆيه ده‌رچووانى ئازيز، ئه‌مڕۆ كۆتاييى كاروانه‌كه نييه. ئه‌مڕۆ سه‌ره‌تاى ڕێگه‌يه‌كى دوور و درێژتانه بۆ ژيانى كردارى، بۆ خزمه‌ت و كار و به‌شدارييه‌كى كارا له بنياتنانى كوردستاندا.
جێى شانازييه كه ناوى زانكۆى كوردستان ـ هه‌ولێر، هه‌ميشه هاوتاى باش‌ترين زانكۆكان بووه. ده‌رچووانى، له ناودارترين زانكۆكانى وه‌ك كۆلۆمبيا، هارڤارد له ئه‌مه‌ريكا، ئۆكسفۆرد و كۆلێژى شاهانه له به‌ريتانيا، نه‌ك هه‌ر به‌رده‌وامييان به خوێندن داوه، به‌ڵكوو دره‌وشاونه‌ته‌وه و هەندێكیشیان گەڕاونەتەوە وڵات و ئەمڕۆ خزمەتی وڵاتەكەیان دەكەن. به ڕێژه‌ى (90) بۆ (95) له سه‌د، له هه‌ندێ به‌شيش تا (99) له سه‌د، ده‌رچووانى له كه‌رتى گشتى، يان كەرتی تايبه‌تدا دامەزراون، ده‌بنه خاوه‌ن كار، يان كار ده‌دۆزنه‌وه.
هه‌ميشه بڕوام وابووه كه بنياتنانى مرۆڤ، مرۆڤسازى، مه‌زنترين بنياتنانه. ئێمه هه‌ميشه ده‌توانين به‌رد له‌سه‌ر به‌رد دابنێين و بينا بكه‌ين، به‌ڵام ئه‌وه‌ى وڵات و كۆمه‌ڵگه‌ى پێشكه‌وتوو بنيات ده‌نێت و به زيندوويى ده‌يانهێڵێته‌وه، مرۆڤه.
به‌ڕێزان،
له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌و سه‌ختييانه‌ى ده‌يه‌كانى ڕابردوو ڕووبه‌ڕوويان بووينه‌وه، ئێمه كارێكى زۆرمان له كوردستان ئه‌نجام داوه. ده‌رچووانى ئه‌مڕۆ، نه‌وه‌يه‌كى خۆشبه‌ختن كه له ئازاديدا له دايك بوون، به‌ڵام ئه‌وانه‌ى سه‌رده‌مى دكتاتۆرى ژياون، باش ده‌زانن كوردستان له چ خه‌راباتێكه‌وه، به چ قوربانيدان و سه‌ختييه‌ك، گه‌يشتووه‌ته ئه‌مڕۆ!
به ڕوانگه‌يه‌كى ڕوون بۆ داهاتوو، به ئيراده‌يه‌كى به‌هێز، ژێرخانێكى پته‌وى په‌روه‌رده و فكریمان له كوردستان داناوه. به‌ڵام ئه‌وه‌ش ده‌زانين كه هێشتا ڕێگه‌يه‌كى درێژمان له‌پێشە. ئێمه له كوردستان پێويستيمان به سيستمێكى په‌روه‌رده‌يى و فێركارى هه‌يه، كه تواناى هه‌بێت به‌رده‌وام له‌گه‌ڵ پێويستى و پێشكه‌وتنه‌كانى سه‌رده‌مدا، خۆى نوێ بكاته‌وه.
سيستمێك كه بير و بناغه و ئامانجه‌كه‌ى، فێربوون و فێركردن بێت، نه‌ك به‌ده‌ستهێنانى بڕوانامه. تێگه‌يشتن بێت، نه‌ك له‌به‌ركردن. داهێنان بێت، نه‌ك دووباره‌كردنه‌وه.
نه‌وه‌ى تازه‌ى كوردستان پێويسته بيركردنه‌وه‌ى ڕه‌خنه‌يى و بابه‌تيانه‌ى هه‌بێت، پرسيار بكه‌ن، لێكۆڵينه‌وه بكه‌ن، گفتوگۆى ئازادانه بكه‌ن. چونكه عه‌قڵى كراوه، بنه‌ماى پێشكه‌وتنی هەر كۆمەڵگەیەكە. ته‌نيا كۆمه‌ڵگه‌ى پێشكه‌وتوو له يه‌ك كاتدا تواناى ڕه‌خنه و چاكسازى و بنياتنانى هه‌يه.
ده‌رچووانى ئازيز،
گه‌نجانى خۆشه‌ويستى كوردستان،
ئێوه، ئه‌و نه‌وه‌يه‌ن كه له كاتى دامه‌زراندنى زانكۆدا، ئێمەمانان خه‌ونمان پێوه ده‌بينين. ئه‌وانه‌ى ده‌توانن چاره‌نووسى گه‌لێك بگۆڕن. ئێوه وه‌ڵامده‌ره‌وه‌ى كرده‌يين بۆ ئه‌و ئاڵنگارييانه‌ى ڕووبه‌ڕوومان ده‌بنه‌وه. ئێوه ماندوو بوون، زانكۆتان ته‌واو كرد. به‌ڵام په‌يامى زانكۆ ته‌واو نەبووە تا به واقعى ژيان و پێويستييه‌كانى كۆمه‌ڵگه و بازاڕى كاره‌وه نه‌به‌سترێته‌وه.
سه‌ركه‌وتنى هه‌ر زانكۆيه‌ك به‌وه ده‌بێت: ئاخۆ چه‌ند كاريگه‌ريى له‌سه‌ر كۆمه‌ڵگه هه‌يه؟ چه‌ند بير و به‌رهه‌م و مرۆڤايه‌تى، پێشكه‌ش ده‌كات؟
زانكۆ ئه‌وه‌يه نه‌وه‌يه‌ك ده‌ربچوێنێت كه بڕواى به ئاشتى هه‌بێت. بۆ چاكسازى و باشتربوون كار بكات. چاره‌سه‌ر بۆ كێشه‌كانى كۆمه‌ڵگه بدۆزێته‌وه. زانكۆيه‌ك كه به‌مه‌ده‌نييه‌تبوونى ڕاسته‌قينه، بنيات ده‌نێت.
ده‌مانه‌وێت زانكۆكانمان لە كوردستان، داينه‌مۆى په‌ره‌پێدانى كوردستان بن. هه‌ميشه سه‌كۆى زانست و بير و ڕۆشنگه‌رى بن. چونكه گه‌لان، به زانست و زانين بنيات ده‌نرێن. به زانكۆ، بير نوێ ده‌بێته‌وه. به مرۆڤى به‌ئاگا، ئازادى و پێشكه‌وتن دروست ده‌بن.
ده‌رچووانى ئازيز،
هێزى ڕاسته‌قينه‌ى وڵاتان، ته‌نيا له سوپا و ئابووريى به‌هێزدا نييه، به‌ڵكوو له هێزى نه‌رم و له زانست و زانين و له كولتوور و كرانه‌وه و له تواناياندايه بۆ بنياتنانى پردى په‌يوه‌ندى و هاوبه‌شى له‌گه‌ڵ ئه‌وانى دى. ئه‌وانه ئامرازى ئێمه‌ن بۆ بنياتنانى وڵاتێكى ئارام و خۆشگوزه‌ران و به‌هێز. وڵاتێك، كه پێشخستن و داهاتووى، ئه‌مانه‌تێكه له ئه‌ستۆى ئێوه‌ی خۆشەویستدا.
ئێوه نه‌وه‌ى ئه‌و بير و فه‌لسه‌فه‌يه‌ن كه ئێمە زانكۆمان له‌سه‌ری دامه‌زراندووە:
نه‌وه‌يه‌ك كه ئاڵاى پێشكه‌وتن و فێربوونى به‌رده‌وامى هه‌ڵگرتووه.
نه‌وه‌يه‌ك كه هيواى دواڕۆژه و كاروانى بنياتنان به متمانه و به‌رپرسياريه‌تييه‌وه ته‌واو ده‌كات.
له‌بيرتان بێت، بڕوانامه‌كانتان گرێبه‌ستى به‌رپرسياريه‌تيیه.
له‌بيرتان بێت كه گه‌وره‌يى نادرێت، به‌ڵكوو به‌ده‌ست ده‌هێنرێت.
بۆيه په‌يامم بۆ ئێوه‌ى ده‌رچوو، بۆ هه‌موو گه‌نجانى سه‌ركه‌وتووى كوردستان ئه‌وه‌يه:
ببنه نه‌وه‌ى ديجيتاڵيى كوردستان، نه‌وه‌ى زانين و ئاشتى. نه‌وه‌يه‌ك كه ته‌كنه‌لۆژيا و مرۆڤايه‌تى، وڵات و جيهان، بير و كردار، پێكه‌وه ده‌به‌ستێته‌وه. به‌رده‌وام بن، چونكه فێربوون كاروانێكه، به درێژاييى ژيان به‌رده‌وامه.
به‌وپه‌ڕى جورئه‌ته‌وه بچنه ناو ژيان و جيهان، پردى نێوان ڕه‌سه‌نايه‌تى و پێشكه‌وتن، نێوان خه‌ون و كردار بن. داهاتووى خۆتان و وڵاته‌كه‌تان له‌سه‌ر به‌هاكانى زانست، ئازادى و هيوا بنيات بنێن.
بڕۆن له كاره‌كانتاندا سه‌ركرده بن. وه‌فادارى به‌هاكانتان بن، دڵسۆزى په‌يامه‌كه‌تان بن. كوردستانتان خۆش بوێت، وڵاتی ئێوەیە. به ئومێده‌وه له داهاتووی وڵاتەكەتان بڕوانن.
پيرۆزبايى له ده‌رچووان ده‌كه‌م، به‌ره‌و پێش بڕۆن و داهاتوو بنيات بنێن. له ئاستى پيرۆزيى نيشتمانه‌كه‌تاندا بن، له ئاستى چاوه‌ڕوانيى گه‌له‌كه‌تاندا بن.
هه‌ر سه‌ركه‌وتوو بن. دیسانەوە پیرۆزبایی لە هەر هەمووتان دەكەم، هەر سەركەوتوو بن.
زۆر سوپاس