Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى پێشوازيى له‌ جێگرى سه‌رۆكى ئاك پارتى كرد

2025-08-25T12:25:00.000000Z
هه‌واڵ په‌یوه‌ندیی نێوده‌وڵه‌تی

نيوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 2025/8/25 به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، له‌ ديدارێكدا له‌گه‌ڵ به‌ڕێز زافه‌ر سراكايا، جێگرى سه‌رۆكى پارتى داد و گه‌شه‌پێدانى ده‌سه‌ڵاتدارى توركيا بۆ كاروبارى ده‌ره‌وه‌، په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌رێمى كوردستان و عێراق له‌گه‌ڵ توركيا و دۆخى ناوچه‌كه‌يان تاوتوێ كرد.

هه‌ردوولا جه‌ختيان له‌ گرنگيى په‌يوه‌ندييه‌كانى نێوانيان و هاريكاريى هاوبه‌شيان له‌ بواره‌ جياكاندا كرده‌وه‌ كه‌ خزمه‌ت به‌ به‌رژه‌وه‌نديى هه‌ردوولا و پاراستنى ئارامى و سه‌قامگيرى له‌ ناوچه‌كه‌دا ده‌كات.

سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى دووپاتى كرده‌وه‌ هه‌رێمى كوردستان وه‌ك دراوسێيه‌كى گرنگ له‌ توركيا ده‌ڕوانێت كه‌ به‌رژه‌وه‌نديى هاوبه‌ش و درێژخايه‌ن كۆيانده‌كاته‌وه‌، هه‌روه‌ها سوپاس و پێزانينى بۆ ڕۆڵى سه‌رۆك ئه‌ردۆغان و ئاك پارتى له‌ پته‌وكردنى په‌يوه‌ندييه‌كانى توركيا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستاندا ده‌ربڕى.

لاى خۆيه‌وه‌ به‌ڕێز سراكايا وێڕاى نيشاندانى خواستى به‌رده‌وامى توركيا بۆ فراوانكردنى په‌يوه‌ندييه‌كانى له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان له‌ هه‌موو بواره‌كاندا، ستايشى په‌يوه‌ندى و دۆستايه‌تيى سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانی له‌گه‌ڵ توركيا و ڕۆڵى ئه‌رێنيى به‌ڕێزيان له‌سه‌ر ئاستى ناوچه‌كه‌ كرد.

پرۆسه‌ى ئاشتى له‌ توركيا و چه‌ند پرسێكى جێى بايه‌خى هاوبه‌ش، ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى ديداره‌كه‌ بوو.