
ئەمڕۆ پێنجشەممە 2025/6/5 بەڕێز شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە بهڕێزان عەمید کێڤن هام، فەرماندەی سەربازیی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق و عەقید ڕۆبەرت براندستێتەر، فەرماندەی سەربازیی هێزەکانی هاوپەیمانان لە هەرێمی کوردستان و شاندێکی یاوەریان، کرد.
لە دیدارەکەدا، باس لە ڕەوشی سیاسی و دۆخی ئەمنیی عێراق کرا و ڕۆڵی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژ بە داعش و هاوکارییە سەربازییەکانیان بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان، بە کاریگەر لە قەڵەم درا.
لە تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکاندا بەڕێز جێگری سەرۆک، جەختی لە گرنگیی هەماهەنگیی زیاتری نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق و هێزی هاوپەیمانان کردەوە لەپێناو پاراستن و سەقامگیرکردنی ئەو ناوچانەی کە بۆشایی ئەمنییان تێدایە.
پرۆسەی چاکسازی و یەکخستنەوەی پێشمەرگە لە چوارچێوەی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە، پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و کێشەکانی هەولێرـ بەغدا، چەند تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکان بوون.



