بە بۆنەی هەشتی ئادار، ڕۆژی جیهانیی ئافرەتانەوە، به گهرمى پیرۆزبایی لە ئافرەتانی کوردستان، عێراق و جیهان دەکەم. هیوای سەرکەوتنی بەردەوام و پێشەنگییان بۆ دەخوازم لە کاروانە پڕ لە شانازییەکەیاندا بۆ بەدیهێنانی دادپەروەری و یەکسانی.
ژن لە کوردستان بە درێژاییی مێژوو ڕۆڵی شۆڕشگێڕی و ئاشتیخوازانەی بینیوە و ئازایەتی و خۆڕاگریی بێوێنەی سەلماندووە. ئێستاش کە هەرێمی کوردستان لە قۆناغی بنیاتنان و پتەوکردنی دامەزراوەکاندایە، ئامادەیيی کارای ئافرەتان لە سەرجەم کایەکانی سیاسەت، پێشمەرگایەتی، ئابووری، بەڕێوەبردن و پەروەردەدا، جێگەی شانازیی گەورەی ئێمەیە.
لەم یادە پڕشکۆیەدا، ئێمە جەخت دەکەینەوە لەسەر ئەوەی کە بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی ئارام و سەقامگیر و پێشکەوتوو، بەبێ مسۆگەرکردنی تەواوی ماف و ئازادییەکانی ژن و بەهێزکردنی پێگەی لە هەموو کایەکانی بڕیارداندا، ناكرێت. وەک هەمیشە پابەندی چەسپاندنی کولتووری یەکسانی و دادوەری و بنبڕکردنی هەموو جۆرە جیاکاری و توندوتیژییەکين کە بەرامبەر بە ژنان دەکرێت، جا چ لەناو خێزان و چ لە شوێنە گشتییەکاندا بێت.
پاراستنی شکۆ و مافەکانی ئافرەت بەرپرسیاریەتییەکی هاوبەشی حكوومهت، خێزان، کۆمەڵگەی مەدەنی، میدیا و هەموو دامەزراوە کۆمەڵایەتی، پەروەردەیی و ئایینییەکانە. کار و ستراتیژیی نوێ پێويستن بۆ ئەوەی بوار و دەرفەتی یەکسان بۆ ژنان بڕەخسێنین تا ڕۆڵى كاراى زياتریان لە داڕشتنی داهاتووی وڵاتدا ههبێت. دەبێ کوردستان هەمیشە نموونەیەکی درەوشاوە بێت لە بواری یەکسانی و ڕێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ و پاراستنی ئافرهتان لە توندڕەوی و توندوتیژی.
لەم ڕۆژەدا، بە ڕێزهوه یادی هەموو ئەو ئافرەتە تێکۆشەرانە دەکەینەوە کە لەپێناو ئازادی و دادوەری و مافە ڕەواکانیاندا قوربانیی گەورەیان داوە. سڵاو بۆ گیانی پاکی هەموو ئەو خانمانەی بوونەتە قوربانیی توندوتیژی، یادیان هەمیشە بە خێر بێت.
نێچیرڤان بارزانی
سەرۆکی هەرێمی کوردستان
2026/3/8