سهرلهبهيانيى زووى ئهمڕۆ سێشهممه 2025/11/11 بهڕێز نێچيرڤان بارزانى، سهرۆكى ههرێمى كوردستان، لهگهڵ يهكهم دهستپێكردنى پرۆسهى دهنگدان، له بنكهيهكى ههولێر دهنگى دا. دواتر لێدوانێكى بۆ ڕۆژنامهنووسان دا و وهڵامى چهند پرسيارێكى ئهوانى دايهوه، ئهمه دهقهكهيهتى:
زۆر سوپاس، هەموو لایەكتان بە خێر بێن.
ئەمڕۆ ڕۆژێكی دیكەی دەنگدانە بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بێگومان ئەم پرۆسەیە پرۆسەیەكی گرنگە و پێموایە ئەم هەڵبژاردنانە یەكێكە لە گرنگترین هەڵبژاردنەكانی كە تا ئێستا لە عێراق كراوە.
دوای ساڵی 2005 و ئەو قۆناغانەی كە بەسەر عێراقدا هاتن، هیوادارین ئەم هەڵبژاردنە سەرەتایەكی نوێ بێت بۆ عێراقێكی دیموكراتی فیدراڵ كە هەموو پێكهاتەكانی لە چوارچێوەی عێراقدا بە ماف و دەستكەوتەكانیان بگەن.
بێگومان پرسی دەنگدان ماف و بەرپرسیاریەتییەكی گەورەیە. هیوادارم هەموو لایەك لە عێراق ئەم پرسە بە گرنگییەوە وەربگرێت. عێراق لەسەر ڕێچكەیەكی دروستی دیموكراسی دەڕوات و گرنگە هاووڵاتیيانی عێراق، هاووڵاتیيانی هەرێمی كوردستان لەم ڕۆژەدا ئەركی خۆیان ئەنجام بدەن و بەرەو سندووقی دەنگدان بڕۆن.
خۆشحاڵین بەوەی كە قۆناغی یەكەمی دەنگدان بە ئارامی و ڕێكوپێكی بەڕێوەچوو، هیوادارم ئەمڕۆش كە ڕۆژی دەستپێكردنی دەنگدانێكی ترە، بە ئارامی بەڕێوە بچێت.
دەمەوێ سوپاسی هەموو هێزە ئەمنییەكانی عێراق و هێزە ئەمنییەكان لە هەرێمی كوردستان بكەم كە بە ڕاستی زۆر بە باشی ئەركی خۆیان جێبەجێ كرد. سوپاسیان دەكەم و دەستخۆشییان لێ دەكەم. سوپاسێكی تایبەتی كۆمسیۆنی باڵای سهربهخۆى هەڵبژاردن لە عێراق دەكەم بۆ ئەو ڕێكارانەی تا ئێستا گرتوویەتییە بەر. سوپاسی ماندووبوونیان دەكەین.
هیوادارین ئەم هەڵبژاردنە سەرەتای قوناغێكی نوێ بێت بۆ عێراق. گەلی عێراق شایستەی ژیانێكی باشتر و شایستەی ڕۆژی باشترن لە ژیانی خۆیاندا. هیوادارم ئەمە سەرەتایەك بێت بۆ ئەوەی خزمەتی زیاتر پێشكەش بە گەلی عێراق بكرێت، ژیانیان باشتر ببێت و پەنا بە خوا هەر له خۆشيدا و سەلامەت بن.
دواتر لە وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەنووساندا، سەرەتا دەربارەی جیاوازيی ئهم ههڵبژاردنه لهگهڵ هەڵبژاردنەكانی دیكەى عێراق و هەرێمی كوردستاندا، سەرۆك نێچیرڤان بارزانی گوتی: "جیاوازییەكەی یەك خاڵە، ئەویش پێمان وایە ئێستا عێراق لەڕووی ئەمنی و لەڕووی ئابووریشەوە گۆڕانكارییەكی باشی بەسەردا هاتووە. بۆ ئێمە مانای ئەو هەڵبژاردنە ئەوەیە كە سەرەتایەكی نوێ دەستپێدەكات لە قۆناغی جێبەجێكردنی دەستووری عێراق بۆ ئەوەی ببێتە زامنی ئارامی و ئاسایش بۆ هەموو گەلی عێراق. پێمانوایە ئەمە سەرەتای قۆناغێكی نوێیە بۆ جێبەجێكردنی دەستوور.
سەبارەت بە دانوستانەكانی نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و بڵاوكراوهيهكى پارتى لهمبارهيهوه، بەڕێز سەرۆكی هەرێمی كوردستان ئاشكرای كرد: "ئەوەی كە لەلایەن پارتییەوە بڵاو كرایەوە، ناوەڕۆكی ئهو دانوستان و كۆبوونەوانە بوون كە پارتى لەگەڵ یەكێتی ئەنجاميان دا. بێگومان هەڵبژاردن هەلومەرجی تایبەتیی خۆی هەیە، دوای هەڵبژاردنیش هەلومەرجی تایبەتی دێتە پێش، بەڵام ئێمە گفتوگۆ لەگەڵ هیچ لایەك ڕەت ناكەینەوە، بە پێچەوانەوە دەبێت ئەو كێشانە بە گفتوگۆ چارەسەر بكرێن. بێگومان با بزانین دوای ئەم هەڵبژاردنانە جارێكی دیكە دادەنیشین و گفتوگۆ دەكەین تا بزانین چۆن بتوانین ئەو كێشانەش چارەسەر بكەین".
دەربارەی ئەگەری ئەوەی ئەم هەڵبژاردنانە هێزی گۆڕانكاریی هەبێت لە ناوچەكەدا، هەروەها دهربارهى كاتی دەستپێكردنەوەی دانوستانی نێوان پارتی و یەكێتی بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بەڕێزیان ئاماژەی بەوە كرد: "هەروەك باسم كرد هەموو هەڵبژاردنێك گرنگە. گرنگيی ئەم هەڵبژاردنانە بۆ هەرێمی كوردستان ئەوەیە كە پێمانوایە سەرەتایەكی نوێ لە عێراق دەستیپێكردووە و هەرێمی كوردستان دەبێت زۆر بەهێزەوە لە بەغدا بێت، چونكە لە ئەنجامدا ئەوهی عێراق و هەرێمی كوردستان دەنگیان بۆی داوە، دەستووری عێراق بوو. تا ئێستا ئەو دەستوورە جێبەجێ نەكراوە، بێگومان گرنگترین كار كە دەبێت دوای ئەم هەڵبژاردنانە ئەنجام بدرێت، ئەوەیە هەوڵێكی جددی بدرێت بۆ ئەوەی دەستووری عێراق جێبەجێ بكرێت. با بزانین ئەم قۆناغە نوێیە چۆن دەستپێدەكات. یەكێتیی نیشتمانی و لایەنەكانی دیكەش هەر دوای هەڵبژاردن بێگومان دەچینە نێو قۆناغێكی نوێی دانوستان بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی هەرێمی كوردستان".
دواتر لە وەڵامی پرسیارێكدا سەبارەت بە پەیامی بەڕێزیان دەربارەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێكی ئارام و مانەوەی دۆخی ئارامی هەرێمی كوردستان دوای هەڵبژاردن، ههروهها وادەی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی عێراقی فیدراڵ، بەڕێز سەرۆكی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند: "پەیامی ئێمە ئەوەیە كە هەموو گەلی عێراق بە هەرێمی كوردستانیشەوە، پێكەوە هەموو لایەكمان بەشدار بین لەم هەڵبژاردنانەدا، چونكە پێمانوایە هەڵبژاردنی گرنگن. پرسی ئایا ئارامی دەمێنێتەوە؟ پێموایە بەڵێ دۆخەكە بە ئارامی دەمێنێتەوە و هیچ شتێك نییە. زۆر جار گوتوومانە بێگومان كێشە هەیە و قسە هەیە و نووسین هەیە دژی یەكتر، ئەمانە هەمووی هەن، بەڵام لە ئەنجامدا بە دانیشتن ئەو كێشانە چارەسەر دەكەین و لەوە دڵنيام."
"هەروەك باوە دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردن دەست بە دانوستان دەكرێت بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەتى فيدراڵ، بەڵام ئەوەی كە هەموو لایەنە سیاسییەكانی عێراق لەسەری كۆكن ئەوەیە كە بە ڕەچاوكردنی ئەو گۆڕانكارییانەی لە ناوچەكەدا هەن، هەموو لایەك بە هەموو پێكهاتە سیاسییەكانی عێراقەوە هەوڵ دەدەن كابینەی نوێی حكوومەتی عێراق ماوەیەكی زۆر نەخایەنێت و پێكبهێنرێت. وەك بنەما ئەمە هەیە، ئەمەش چەند جێبەجێ دەكرێت، ئەوا لەسەر دانوستانەكان دەمێنێتەوە".
سەبارەت بە پەیامی بەڕێزیان بۆ بەغدا، سەرۆك نێچیرڤان بارزانی گوتی: "پەیاممان بۆ ئەوان ئەوەیە، هەموومان لە وڵاتێكدا دەژین كە عێراقە. عێراق موڵكی هەموومانە و پێویستە ئەو كێشانەی لەنێوان هەرێمی كوردستان و بەغدادا هەیە، هەموویان لە چوارچێوەی عێراقێكی یەكگرتوو، بە دیالۆگ و بە ڕەچاوكردنی خێر و خۆشی بۆ هەموو گەلانی عێراق، بەپێی دەستوور و دانیشتن و دانوستان بگەینە چارەسەر. پێمانوایە كلیلی چارەسەری كێشەكان لە بەغدایە و پێویستە بۆ ئارامی و سهقامگيريى سیاسی و كۆمەڵایەتی و ئابووريی خەڵكی عێراق، زۆر گرنگە ئەو كێشانهی كە هەن لەنێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا بە دیالۆگ لەسەر مێزی دانوستان چارەسەر بكرێن. ئێمه له هەرێمی كوردستان خێری هەموو عێراقمان دەوێ و خۆشحاڵین بەوەی كە ببینین بەسراش پێشكەوتووە، زاخۆش پێشكەوتووە، ئەنباریش پێشكەوتووە، نەجەف و كەربەلا و بەغداش پێشكەوتوون. هیوای ئێمە ئەوەیە و دەخوازین هەموو عێراقییەك لە خێر و خۆشیدا بێت".
دەربارەی بیر و بۆچوونی بەڕێزیان سەبارەت بە بایكۆتكردنی هەڵبژاردنەكان لەلایەن هەندێك لایەنی عێراقییەوە چونكە پێیان وایە هیچ گۆڕانكارییەك دروست ناكات، بەڕێزیان گوتى: "هەر هەڵبژاردنێك بۆ ئەوەیە ئێمە گۆڕانێك دروست بكەین. سیستمی عێراق سیستمێكی دیموكراسییە و هەر چوار ساڵ جارێك سەرەڕای هەموو ئەو كێشانەی كە هاتۆتە پێشەوە، عێراق هەڵبژاردنی خۆی ئەنجامداوە. ئەمە پێوەرێكی سهرهكييه بۆ دیموكراسییەتی عێراق. بەڵام پرسیار ئەوەیە ئایا گەر سەیری دۆخی عێراق بكەین بەرەو باشتر ڕۆیشتووە یان خراپتر؟ پێموایە عێراق بەرەو باشتر چووە. گەر سەیری دۆخی ئەمڕۆی بەغدا بكەی و بەراوردی بكەی لەگەڵ پێنج ساڵی لەمەوبەر، دەبینین پێشكەوتنی باش لەڕووی ئابوورییەوە، لەڕووی ژیانی خەڵك و لەڕووی ئەمنییەتەوە لە زۆر شوێن هاتۆتە دی. بەڵام ئایا ئەم پێشكەوتنانە بەسن؟ نەخێر بەس نین. گەلی عێراق شایستەی ژیانێكی باشترە، هیوادارین قۆناغی دوای هەڵبژاردن عێراقییەكان بەگشتی بتوانن گۆڕانكاری لە ژیانی خەڵكدا دروست بكەن و زیاتر گرنگی بەو شتانە بدهن كە بۆ خەڵك گرنگن. پرسی خزمەتگوزاری و پێشكەشكردنیانە، پرسی ئاو و كارەبایە. عێراق وڵاتێكی دەوڵەمەندە و دەبێت دەوڵەمەندیی عێراق بەكار بێت بۆ ئاوەدانيی وڵات و خۆشگوزەرانیی خەڵكەكەی. ئەوی كە ئێمە دەمانەوێت ئەوەیە. گەلی عێراق شایستەی ژیانێكی باشتره، ئەو توانايايهش لە عێراق هەیە. ئەو سیستمەی ئێستا لە عێراق هەیە سەرەڕای هەموو كەموكوڕییەكانی، سیستمێكی دیموكراسییە و هەر چوار ساڵ جارێك دەبینين هەڵبژاردن ئەنجام دەدرێت و سەرۆكوەزیران و سەرۆككۆمار دەگۆڕدرێن و یەكێكی دیكە دێتە شوێنیان، ئەم ڕێچكەیە بەردەوام دەبێت".
لە كۆتاییدا سەبارەت بە سياسهتى ئهمهريكا بهرامبهر به ههرێمى كوردستان، سەرۆك نێچیرڤان بارزانی ڕایگەیاند: "سیاسەتی نێودەوڵەتی و ئەمەریكا بوونی هەرێمی كوردستانێكی بەهێزە لە چوارچێوەی عێراقێكی یەكگرتووی فیدراڵدا. ئەمە ڕوونە و ئێمە وەك هەرێمی كوردستان فاكتەری ئارامی و ئاسایشین لە ناوچەكەدا چ لە عێراق و چ لە دەرەوەی عێراق. ئەوهى كە دەكەوێتە سەر هەرێمی كوردستان بۆ ئەوەی ڕۆڵی خۆی ببینێت، بێگومان هەرێمی كوردستان ئەو ڕۆڵە دەبینێت لەگەڵ برایانمان لە بەغدا، هەروەها ئەو سەقامگیرییەی كە ئێستا لە عێراق هەیە، ڕۆڵی زۆرمان تێیدا هەبووە. ئەو ڕۆڵەمان بۆ سەقامگیريی عێراق بەردەوام دەبێت. هیوادارم دوای ئەم هەڵبژاردنانە عێراق بكەوێتە قۆناغێكی نوێی سەقامگیریی سیاسی، سەقامگیریی ئابووری و سەقامگیریی كۆمەڵایەتی".
زۆر سوپاس.