Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

سەرۆك نێچيرڤان بارزانى له‌گه‌ڵ نوێنەرى سەرۆك ترامپ بۆ كاروبارى سووريا كۆبووه‌وه‌

2026-02-23T19:32:00.000000Z
هه‌واڵ په‌یوه‌ندیی نێوده‌وڵه‌تی

ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە 2026/2/23 بەڕێز نێچيرڤان بارزانى، سەرۆكى هەرێمى كوردستان، پێشوازيى لە بەڕێز تۆم باراك، نوێنەرى سەرۆك ترامپ بۆ كاروبارى سووريا و باڵيۆزى ئەمه‌ريكا لە توركيا و شاندێكى ياوەرى كرد.

لە كۆبوونەوەيەكدا كە بەڕێز جۆشوا هاريس، كاربه‌ڕێكه‌رى باڵيۆزخانه‌ى ئه‌مه‌ريكا له‌ عێراق ئامادەی بوو، پەيوەندييەكانى ئەمه‌ريكا لەگەڵ عێراق و هەرێمى كوردستان، دواپێشهاتەكانى بارودۆخى سووريا و پرۆسەى سياسى لە عێراق و هه‌رێمى كوردستان تاوتوێ كران.

شاندى ميوان پێزانينيان بۆ ڕۆڵى سەرۆك نێچيرڤان بارزانى لە هەوڵە ديپلۆماسييەكانى بۆ سەقامگيريى ناوچەكە و هێوركردنەوەى ئاڵۆزييەكان و ڕێككه‌وتنى نێوان ديمه‌شق و هه‌سه‌ده‌دا دەربڕى. لاى خۆيه‌وه‌ سەرۆك نێچيرڤان بارزانى دووپاتى كردەوە كە هەرێمى كوردستان وەك هەميشە فاكتەرى ئارامى و سەقامگيرى دەبێت.

دوايين پێشهاته‌كانى ناوچه‌كه‌، تەوەرێكى ديكەى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو؛ له‌مباره‌يه‌وه‌ سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى جه‌ختى له‌ گرنگيى چاره‌سه‌ركردنى ئاشتيیانه‌ى كێشه‌كان و پاراستنى ئارامى و سه‌قامگيرى له‌ ناوچه‌كه‌دا، كرده‌وه‌.