Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى: ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ بۆ عێراق و هه‌رێمى كوردستان زۆر گرنگه‌

2025-10-08T19:30:00.000000Z
هه‌واڵ دیدار

ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 2025/10/8 به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان به‌شداريى له‌ پانێلێكى ديدارى ساڵانه‌ى ئینستیتیوتی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست بۆ توێژینەوەدا كرد كه‌ به‌ ناونيشانى (داڕشتنى داهاتوو، ديدگاكان بۆ ئاشتى و خۆشگوزه‌رانى) به‌ڕێوه‌ چوو.

به‌ڕێزيان له‌ گفتوگۆيه‌كدا تيشكى خسته‌ سه‌ر په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا و هه‌ڵبژاردنى داهاتووى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق و په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌رێمى كوردستان له‌سه‌ر ئاستى ناوچه‌كه‌ و جيهان. ئه‌مه‌ ده‌قى گفتوگۆكه‌يه‌:


پرسیار: دید و ستراتیژی سەرکردایەتیی کورد بۆ عێراق و ناوچەکە چییە؟

سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانی: سوپاس بۆ جەنابت و ئامادەبووانی بەڕێز، ئێمە لە هەرێمی کوردستان پێش ساڵی 2003، دۆخێكى نزيك له‌مه‌ى ئێستامان هەبوو، لەڕووی ئابوورییەوە وەکو ئێستا باش نەبووین، بەڵام بە نزیکەیی وەک ئێستا بووین، ئەمه‌ریکییەکان هاتن بە ئێمەیان گوت و ڕازییان کردین کە عێراقێکی نوێمان لەپێشە کە بنه‌ماكه‌ى دیموکراسی و فیدراڵییە، ئێمە وەکو کورد، بەتایبەتی سەرکردایەتیی کورد، خوا لێى خۆش بێ مام جەلال و تەمەندرێژ بێت جەنابی سەرۆک بارزانی، ئەوەی کە پێویستبوو بۆ عێراقی نوێ، هیچ كه‌مته‌رخه‌مييان نەکرد.

ئێمە بەو هیوایە بووین عێراقێک دابمەزرێت کۆتایی بەو نەهامەتی و ماڵوێرانییە بێنێت کە بەسەر کورددا هاتووە. ئەگەر پرسیارەکە ئەوەیە دوای 20 ساڵ چ دەستکەوتێکمان بەدەستهێناوە؟ بە ڕای من خودی دەستووری عێراق وەکو به‌ڵگه‌نامه‌يه‌ك دەستکەوتێکی گەورە بوو بۆ هەرێمی کوردستان، نابێ ئێمە بە کەم سەیری بکەین.

ئەو بەڵگەیەی کە دان بە هەندێک لە مافەکانی کورد و هەموو پێکهاتەکاندا دەنێت نەک تەنیا کورد، نابێ ئەوە بە کەم بزانین، دەبێ بە دەستکەوتێکی گەورەی بزانین، بەڵام کێشەی گەورە ئەوەیە کە ئایا ئەم دەستوورە جێبەجێ کراوە؟ دەتوانم بە "نەخێر" وەڵامی ئەو پرسیارە بدەمەوە.

هەموو ئەم کێشانەی کە ئەمڕۆ ئێمە لە کوردستان دەیانبینین لەگەڵ بەغدا لەسەر نەوت، بودجە و مادەی 140 و پێشمەرگە، هەمووی سەرچاوەی یەک شتە، ئەویش ئەوەیە کە تا ئێستا دەستووری عێراق وەک خۆی جێبەجێ نەکراوە. دۆخى عێراق بەو شێوه‌يەیە؛ ئەگەر تۆ پرسیار لە شیعەکانی عێراق بکەیت، هەمیشە ترسیان لە ڕابردوو هەبووە، ڕابردوو وابوو و وایان بەسەرهێناین. پرسیار لە سوننە بکەیت دەڵێن، داهاتوو ڕوون نییە. پرسیار لە کوردیش بکەیت دەڵێ: نە ڕابردوو، نە ئێستا و نە داهاتووش! ترسی هەیە، ترسی هەیە ئەمە بەرەو کوێ دەڕوات؟!

پێموایە ئەگەر بمانەوێ عێراقێکی خۆشگوزەران لەڕووی سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابوورییەوە ببینین، مەرجی یەکەم پابەندبوونە بە دەستووری عێراقه‌وه‌. 80٪ی گەلی عێراق دەنگیان بە دەستوور داوە، ئێمەش دەنگمان بۆی داوە. زۆر باش بە بیرم دێ ئەوکاتەی دەستوور نووسرا، جەنابی سەرۆک بارزانی لە بەغدا گەڕایەوە، گوتی: "هەموو مافەکانی ئێمەی تێدا نییە، بەڵام دەستکەوتی گەورەشی تێدایە".
گەورەترین کێشەی عێراق ئەوەیە کە تا ئێستا کەس نازانێت سیستمی عێراق فیدراڵییە یان ناوەندییە. لەڕووی پراکتیزەکردنی ڕۆژانه‌وە زۆر زۆر ناوه‌ندييه‌، لە سەرەوە پێی دەگوترێت عێراقی فیدراڵی، بەڵام لە ناوەڕۆکدا عێراق هەموو شتێکە بەس فیدراڵی نییە.

ئەوەی لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەیکەن، لە هیچ سیستمێکی فیدراڵی نابینرێت، ئەوەی عێراق لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەیکات، مەرکەزییەتێکی زۆر بەهێزە. جارێکیان لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ (چوارچێوەی هاوئاهەنگی) کە لە هێزە شیعییەکان پێکهاتووە، گوتم: برایان با ڕاشکاوبم لەگەڵتان، ئێوە کە سەیری هەرێمی کوردستان دەکەن، نەک پێتان وایە هه‌ڵسوكه‌وتى هەرێمی کوردستان هی وڵاتێکی فیدراڵ نییە، بەڵکو خۆتان بە دەوڵەتێکی خاوەن سەروەری دەزانن، بەڵام ئەوەی کە ئێمەش لە هەولێرەوە سەیری ئێوە دەکەین، ڕەفتاری ئێوە لەگەڵ هەرێمی کوردستان ئەوەندە ناوه‌ندييه‌، هەموو شتێکە بەس فیدراڵی نییە. با دابنیشین پێکەوە بزانین لە کوێ ئێمە یەکتر دەگرینەوە. هەرێمی کوردستان ئێستاش خوازیاری ئەوەیە (من ئەو قسەیەم چەندین جار گوتووە، ئێستاش دووبارەی دەکەمەوە) بە باوەڕبەخۆبوونەوە ئەو قسەیە دەکەم کە هەرێمی کوردستان پێیوایە قووڵاييى ستراتیژی هەرێمی کوردستان؛ بەغدايه‌.

ئەمە نە بۆ سیاسەتە و نە بۆ موجامەلەشە، دەبێ ئێمە لەگەڵ بەغدا بگەینە ئه‌نجام. جەنابت باسی هەڵبژاردنەکانت کرد، ساڵی 2005 قۆناخێک بوو لە عێراق کە سیستمی دیموکراسی لەم وڵاتە گيرايه‌به‌ر، دیموکراسی هەر ئەوە نییە چوار ساڵ جارێک بچیت لە هەڵبژاردندا بەشدار بیت، لەگەڵ ئەوەشدا پرۆسەیەکی کەم نییە. ئەمڕۆ سەرۆکوەزیرانی پێشووم وەک کەسێکی ئاسایی بینی، ئەمە گۆڕانێکی زۆر گەورەیە لە عێراق، عێراقییەکان ئەمەیان نەدیوە، هەر بینیویانە یەک کەس حوکمیانی کردووە.

پرۆسەیەکی دیموکراتی لە عێراقدا هەیە، بە ڕاستی دەبێ ئێمە دەستخۆشی بکەین بۆ ئەمە، بەس ئايا ئه‌مه‌ به‌س، يان به‌س نييه‌؟ ئه‌وه‌ بابەتێکی دیکەیە.

دیموکراسی پاکێجێک نییە بە دیاری بیبەیت بۆ وڵاتێک، هه‌ڵه‌ی گەورە کە 2003 کرا، پێیان وابوو دیموکراسی ديارييه‌، دیموکراسی ژیانی ڕۆژانەیە. ئایا دیموکراسیی کوردستان تەواوە و هیچ کێشەی نییە؟ به‌ڵێ هەیەتی. بەڵام ئێمە پێمانوایە لەسەر ڕێچکەیەکی دروستین، لەگەڵ هەموو ئەو کەموکووڕییانەی کە هەمانە. دیموکراسی ديارى نییە بە میللەتێکی بدەیت، پراکتیزەکردنی ژیانی ڕۆژانەیە، بۆ گەیشتنی میللەتان بەو قۆناخە کاتێکی یەکجار زۆری دەوێ.

پێموایە ئەم هەڵبژاردنەی لەپێشـمانە یەکجار زۆر گرنگە، دوای 2005 ئەمە گرنگترین هەڵبژاردنە لە عێراقدا، ئەمە بانگەشەی هەڵبژاردن نییە، دەمەوێ گرنگیی هەڵبژاردنەکە باس بکەم، هەڵبژاردنی 2005 چەند گرنگ بوو بۆ دیموکراسیی عێراق، ئەم هەڵبژاردنەش قۆناخێکی نوێیە لەم وڵاتە کە دەبێ هەموو عێراقییەکان ئەم پرسە زۆر زۆر بە گرنگ بزانن و هەست بەو بەرپرسیاريه‌تییەش بکەن.

زۆرجار لە کوردستان دەڵێن، بۆ لە هەڵبژاردن بەشدار بین؟! کاکە دەبێ بیسەلمێنین سەنگی کورد و پێکەوەبوونی کورد لە بەغدا سەرچاوەی هێزە بۆ هەرێمی کوردستان. دەبێ لە هەرێمی کوردستان چەند گرنگی بە هەڵبژاردنەکانی نێوخۆیی دەدرێت، دەبێ ئەوەندەش بە گرنگییەوە سەیری هەڵبژاردنەکانی عێراق بکات. دەستوور جێبەجێ نەکراوە. ئەم قۆناخانەی لە دوای 2005 بەسەر عێراقدا هات، شەڕی نێوخۆ، پرسی داعش و کێشەکانی دیکە. عێراق بە قۆناخێکی ڕاگوزەردا دەڕوات، ڕاستە ئەو ماوەیە زۆرە و 22 ساڵە، بەڵام بۆ دەوڵەتسازی، پرۆسەیەکی زۆر زۆر نوێیە. دەوڵەتسازی بە ڕۆژ و دووان یان بڵێی دەبێ لەم کاتەدا جێبەجێ بکرێت، وانییە. ئەمە دەخایه‌نێت.

ئەم هەڵبژاردنەی ئێستای عێراق ئێمە دەباتە قۆناخێکی نوێ، ئەو قۆناخە چییە؟ قۆناخی جێبەجێکردنی دەستووری عێراقە. لەبەر ئەوەیە ئەم قۆناخە بۆ هەرێمی کوردستان گرنگە. پێموایە ئێستا بەغدا بە هەموو پێکهاتەکانییەوە درک بەوە دەکات کە دەبێ ئەم قۆناخە دەستپێبکات و بۆ سەقامگیريی سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابووریی لە عێراق؛ جێبەجێکردنی ئەو دەستوورە زۆر گرنگه‌.

پرسیار: بۆچی پەرلەمانی کوردستان کۆنابێتەوە، بۆچی حکوومەت پێکناهێنرێت، بۆچی کوردستان ئەم گرفتەی هەیە؟

سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانی: پرسیارێکی زۆر بەجێیە. یەکەم، با بێمە سەر ئەو هەڵبژاردنەی کە کرا. ئێمە لە هەرێمی کوردستان هەڵبژاردنێکی زۆر سەرکەوتووانەمان ئەنجام دا، بەشداریی خەڵک نزیکەی 72٪ بوو، ئەگەر سەیری ئەوکاتە بکەین کە هەڵبژاردن کرا، هەر لەم شاری هەولێرە لە ڕۆژێکدا دوو گردبوونەوەی زۆر گەورە ڕوویدا، یەکێکیان پارتی، ئەوی دیکەیان یەکێتی، بەڵام یەک کێشە لەنێوان ئەم دووانەدا ڕووینەدا، ئەمەش بە دەستکەوتێکی گەورە دەزانم بۆ چۆنيه‌تيی بیرکردنەوەی خەڵکی ئێمە لەسەر هەڵبژاردن و دیموکراسی. لە یەک شاردا ئەم دوو حیزبە گەورەیە بانگەشەی هەڵبژاردن بکەن و یەک كێشه‌ش لەنێوانیان ڕوونەدات.

پرۆسەی دروستکردنی حکوومەت زۆری خایاند، بەڵام ئەوەی کە گرنگه‌ ئێمە لەگەڵ برایانی خۆمان لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ئێستا پەیوەندیی نێوان ئەم دوو هێزە زۆر باشترە لە جاران، ڕاستە نەگەیشتووینەتە قۆناخی پێکهێنانی حکوومەت، بەڵام ئێمە قۆناخی زۆر گرنگمان بڕیوە لەگەڵ یەکتر.

ئێمە ڕوانگه‌ى سیاسیی خۆمان بۆ داهاتووی ئەم وڵاتە و چۆنيه‌تيی ئیدارەدانی لەگەڵ بەغدا، وەرەقەیەکی هاوبەشمان ئاماده‌ کردووە. ئەوەی کە ماوەتەوە ئەوەیە؛ چ پۆستێک بۆ کێ؟ من نامەوێ هیچ پاساوێك بۆ ئەوە بێنمەوە، بەڵام لەسەر ئەوە زۆری خایاند و نامەوێ به‌رگرى لەمە بکەم.

پێموایە دەبوو زووتر حکوومەت پێکبهێنین، بەڵام هەندێ واقیع هەیە دەبێ ئەوانەش ببینین، من هیوام دەخواست هەر مانگی دووەم و سێیەم حکوومەت پێکهێنرابا، بەڵام هەندێک ئاستەنگ و بێمتمانەیی هەیە دەبێ ئەمانە چاره‌سه‌ر بکرێن، بەڵام لەگەڵ ئەمە هەر هەموویاندا، لە زۆر شت کە پەیوەندیی بە دەستکەوتی هەرێمی کوردستانەوە هەیە، ئێمە کۆدەنگین لە بەغدا.

ئەوەی کە کاک بافڵ گوتوویەتی، کاکە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هاوبەشی سەرەکیی ئەم حکوومەتەیە، چاودێر نییە، بۆ چاودێرە؟ بەم قسەیە یەکێتی ناتوانێت لە به‌رپرسياريه‌تى ڕابکات. یەکێتیش بەشدارە لەم حکوومەتە، ئەم حکوومەتە کە پێشتریش پێکهاتووە، یەکێتی و پارتی و ئەوانەی بەشدار بوون به‌رپرسياريه‌تیيان هەیە. پێشموایە پارتی هەست بەوە دەکات کە یەکێتی هاوبەشی سەرەکیی خۆیەتی.

پرسیار: کەواتە ئەوەی من تێگەیشتم ستراتیژیی کورد بۆ قۆناخی داهاتووی عێراق ئەوەیە کە دەستووری عێراق پێویستی بە جێبەجێکردنە.

سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانی: ئێمە لەو دەستوورە زیاتر هیچ بەڵگەیەکی ديكه‌ى یاساییمان بە دەستەوە نییە. ئێمە ئەو دەستوورەمان بە دەستەوەیە و ئەوەی ئێستا هەرێمی کوردستان دەیەوێت، جێبەجێکردنی ئەو دەستوورەیە، ئێمە گوتمان قۆناخی 2005 تێدەگەین، عێراق تا ئێستا لە قۆناخێکی ڕاگوزەردا بووە، کێشەی زۆر بووە، بەڵام دڵنیات دەکەمەوە دوای ئەم هەڵبژاردنانە هیچ پاساوێک نییە بۆ جێبەجێنەکردنی دەستوور. کاری ئێمە بووەتە ئەوەی کە ئەرێ کەی مووچە لە بەغدا دێت، بە ڕاستی نابێ ئەوە ببێتە کێشەی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و بەغدا. ئەگەر هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستانیش بەشێکن لە هاووڵاتییانی عێراق و مووچەخۆرانی عێراق بە هیچ شێوەیەک نابێت ئەم بابەتە ببێتە کێشە لەنێوان ئێمەدا. بەڵێ ئێمە دەڵێین دوای ئەم قۆناخە، دوای ئەم هەڵبژاردنە هەرێمی کوردستان بە هەموو پێکهاتەکانییەوە داوای جێبەجێکردنی دەستوور دەکات. دەیەوێت ئەو دەستوورەی هەیە جێبەجێ بکرێت. هەستیش بەوە دەکات به‌پێى ئەو دەستوورە ئێمە مافمان هەیە و ئەرکیشمان لەسەرە. هەردووکیمان هەیە، لەوە تێدەگەین. پێموایە ئەم قۆناخە، ئێمە بەو شێوەیە دەمانەوێت.

پرسیار: لە ئاستی هەرێمی کوردستان پێکهێنانی حکوومەت دەبینین بەر لە هەڵبژاردنی عێراق؟

سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانی: باوەڕ ناکەم.

پرسیار: گۆڕانکاری دەبینین لە ئەنجامی ئەو هەڵبژاردنەی کە بەڕێوەیە؟

سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانی: پرۆسەی هەڵبژاردن و دیموکراسی لە عێراق، لە قۆناخێکی ڕاگوزەردایە، بەڵام ئەگەر دۆخی عێراق بەراورد بکەین و ئێمە واقیعبین بین، بۆ نموونە ئایا دۆخی ئێستای عێراق وەک شەش ساڵ لەمەوپێشە؟ ئەگەر سەیری بکەین لە هەموو ڕوویەکەوە بەرەو باشتربوون ڕۆیشتووە. ئێستا لەنێو شاری بەغدا، وەک نموونە بەغدا کێشەی ئەمنیی نییە. شەش ساڵ لەمەوپێش زۆر زەحمەت بوو ئێمە باسی ئەوە بکەین. ئێستا گەورەترین کێشەی بەغدا ترافیکە. کەواتە لەوانەیە پێشکەوتنەکان زۆر هێمن و لەسەرخۆ بن، بەڵام ئێمە دەبینین، نابێ ئەو شتانەی کە بەدی هاتوون و بەدی دێن، بە کەمیان ببینین. خەڵک مافی خۆیەتی داوای شتی زیاتر بکەن، گەنجان مافی خۆیانە داوای شت بکەن. ئەمە شتێکی زۆر ئاساییە، بەڵام پێموایە پرۆسەی عێراق کە پرۆسەیەکی زۆر ئاڵۆز بووە، ئێستا ئەگەر بەراورد بکرێت بە چەند ساڵ لەمەوپێش، دەبینین کە بەرەو باشتربوونە. سەرۆکوەزیرانی ئێستای عێراق زۆر جەختی لەوە کردەوە کە دەبێ خزمەتگوزاری پێشکێش بکرێت و ئێستا دەبینین لە هەموو شوێنەکانی عێراق پرسی خزمەتگوزاری زۆر باشترە لە چەند ساڵ لەمەوپێش.

لەڕووی سیاسییەوە باوەڕ ناکەم گۆڕانکارییەکی زۆر گەورە بکرێت، بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە ئەگەر هەڵبژاردن نەکەین، جێگرەوەی چی دەبێت؟ عێراق تازە ناگەڕێتەوە بۆ حوکمی دیکتاتۆری و بگەڕێتەوە بۆ حوکمی تاکەکەسی، ئەمە تەواو بووە لە عێراق. ئەوەی کە هەیە میکانیزمی گۆڕان ئێستا لە عێراق هەڵبژاردنە. هەڵبژاردنیش ماف بە هەموو کەسێک دەدات بەشدار بێت بۆ ئەو گۆڕینەی کە خۆی مەبەستیەتی. بە ڕای من، پرۆسەی هەڵبژاردنیش لە عێراق بۆ دیموکراسییەتی ئەم وڵاتە و جێگیربوونی زیاتری دیموکراسی زۆر گرنگە بکرێت. لەنێو عێراقیشدا دووبارە دەبێت ئێمە بڵێین ئێستا و بەر لە ئێستا.

من پێموایە گەورەترین کێشە ئەوەیە کە ئێمە دامەزراوەی زۆر ڕێکوپێکمان نییە. لە عێراق دامەزراوە نییە. لە نەبوونی دامەزراوەکان ئەوەی هەیە و نییە ئەو میدیا سەقەتەیە. بۆ نموونە بێهوایی بڵاودەکەنه‌وە، خەڵک بێئومێد دەکەن لە داهاتوو و عێراقیش بە شێوەیەکی گشتیی هەر هەموو دامەزراوەی نییە کە بتوانن وەڵامدەرەوە بن. پێموایە فۆكه‌سى گەورە لە عێراق دەبێت لەسەر بە دامەزراوەییکردنی ئەم وڵاتە بکرێت، نەوەک بەشەخسیکردن. واتە ئێستا هەموو فۆكه‌سه‌كه‌ لەسەر ئەوەیە و باسه‌ لە هەیبەت و شکڵی فڵان کەس و کاریزمای فڵان کەس، ئەمانە دەبێت کۆتاییان پێ بێت. عێراقیش کە بەرەو دیموکراسی دەڕوات لە بەغدا و هەولێر و تا دەگاتە هەموو شوێنەکانی عێراق، دەبێ دامەزراوەی دەوڵەت بەهێز بن. لە نەبوونی دامەزراوەکانی دەوڵەت، ئەو بێ هیواییانە دروست دەبن، ئەوانەی کە ئێستا جەنابت ئاماژەت پێدان. لە هەموو ڕوویەکەوە پرۆسەی عێراق پرۆسەیەکی ئاڵۆزە، هەموو کات دەبێت بەراورد بکرێت لەگەڵ پێشتر کە بەراوردی دەکەیت، ڕێچکەی چوون بەرەو چارەسەری کێشەکان باشترە لە پاشەکشە.

پرسیار: نەوەی نوێی سەرکردایەتیی عێراق کێ دەبێ؟

سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانی: خۆی مەرج نییە ئێمە باسی ناو بکەین. فڵان دەبێ، یان فڵان دەبێ. ئێمە دەبێ باسی ڕەوتێک بکەین. جەنابت نموونەیەکت هێنایەوە لەوەی تشرین و ئەوانە، بەڵام ئەوانە قسە و دروشمەکانیان ناواقیعی بوو. واتا ئەو دروشمانەی کە هەڵیان گرتبوو بۆ گۆڕان لە عێراقدا واقیعی نەبوون، لەبەر ئەوە شکستیان هێنا. دەیڕووخێنین! چی دەڕووخێنیت؟! ئەو ڕووخاندنە کێشە دروست دەکات، چونکە کاتێک بوو بە حیزبایەتی، هەر حیزبێک بەشی خۆی لایەنگری هەیە کە ڕێگە نەدات ئەو ڕووخانە ڕووبدات، بەڵام ئەگەر بە کردەوە ئاراستەی قسەکان بۆ ئەوەیە کە دەیانەوێت عێراق بەرەو باشتر ببەن، ئه‌وه‌ شتێكى باشه‌. پێموایە ئەوان هەر لە دەستپێکردندا بە هەڵە ڕەفتاریان کرد لەگەڵ هێزەکانی دیکە.
لەم پرۆسەیەدا بێگومان ئەوەی کە مەترسییە بۆ عێراق، نەوەی نوێ نییە کە دێن و وردە وردە دێنە پێشەوە و سیاسەت دەکەن. ئەوەی کە مەترسییە لەسەر عێراق ئەو هێزانەن کە لە دەرەوەی یاسا چەکیان هەیە. ئەوانە مەترسین لەسەر عێراق و داهاتووی عێراق. نە تشرین مەترسین و نە کەسی دیکە مه‌ترسین، بەڵکو ئەو هێزانە مەترسین و دەبنە بەڵایەکی گەورەش بۆ داهاتووی عێراق.

پرسیار: چۆن دەکرێت دەرگە بۆ گەنج بکرێتەوە کە بێتە نێو پرۆسەی ئابووری و سیاسیی وڵات؟

سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانی: ئەوە ئەو ڕیفۆرمانەن کە هەر کەسێک ببێتە سەرۆکوەزیران دوور لەوەی حیسابی ئەوە بکات ئاخۆ جارێکی دیکە هەڵدەبژێردرێتەوە یان نا؟ دەبێ هەندێک بڕیاری زۆر قورس بدات. عێراق وڵاتێکە زۆر سەیرە، بۆ نموونە وڵاتێکە تەنیا بۆ دابینکردنی مووچەی مانگانە، نزیکەی شەش ملیار دۆلارى پێویستە. لە کوێی جیهان ئەمە هەیە؟! حکوومەتی داهاتووی عێراق پێویستە زۆر بە جددی هەوڵ بدات چاکسازیی جددی لەنێو دامەزراوەکانی حکوومەتدا بکات. داینەمۆی پێشکەوتنی هەر وڵاتێک کەرتی تایبەتی ئەو وڵاتەیە. ئێمە ساڵی 2002 یان 2003 کەرتی تایبەتمان زۆر لاواز بوو، ئێستا باشترین. ئێستا حکوومەتی هەرێمی کوردستان بیر لەوە دەکاتەوە یاسا دەربکات بۆ ئەوانەی لە کەرتی تایبەتیشن كه‌ چۆن خانەنشین بکرێن؟ واتا ئێمە گەیشتووینەتە ئەو قۆناخە کە ئێستا باس لەوە دەکەین.

هێزی گەنجانی عێراق هێزێکی گەورەیە و ساڵانەش یەک ملیۆن کەس زیاد دەکات، ئەوه‌ى باسم کرد کە ئەم هەڵبژاردنە بۆچی گرنگە، ئەم هەڵبژاردنە گرنگە، چونکە ئەگەر 10 ساڵ یان 15 ساڵ لەمەوپێش لەنێو خەڵک پرسیارت کردبووایە چی لە هەموو شتێک گرنگترە؟ دەیانگوت: ئاسایش! ئێستا ئەوەیان لەبیر چووە. ئێستا قۆناخەکە وایە کە خەڵک دەڵێت: هەلی کار. خەڵک دەڵێت: چۆنيه‌تیی بەشدارکردنی گەنجان لەوە. عێراق ئەو قۆناخەی جێهێشت.

ئەم قۆناخەی ئێستای عێراقی دوای ئەم هەڵبژاردنە، ڕێک گرنگییەکەی بۆ ئەوەیە کە دەبێت قۆناخێکی سەرەتایەکی نوێ لە عێراق دەستپێبکرێت بۆ چاکسازیی جددی. ناکرێ وڵاتێک مانگانە شەش ملیار دۆلار تەنیا بدات بۆ مووچە. شتی وا لە جیهاندا نییە. زوو یان درەنگ ئەم وڵاتە تووشی کێشەیەکی گەورە دەبێت.

واتا ئێستا بۆ نموونە جەنابت تەنیا بیر لەوە بکەوە سبەی بە هەر هۆکارێک، نرخی نەوت لە 50 دۆلار بۆ خوارەوە دابەزێت، چی ڕوودادەت لەم وڵاتە؟ کارەساتێکی گەورە ڕوودەدات! ئینجا ئەوەی کە دەبێتە سەرۆکوەزیران و ئەو حکوومەتەی پێکدەهێنرێت دوای ئەوە، یەکەم شت دەبێ چاکسازیی گەورە لەنێو دامەزراوەکاندا بکرێت. ئێستا لە عێراق بۆ نموونە باسی کارەبا دەکەیت، پاڵپشتیکراوە، باسی نەوت و گاز و نازانم فڵان شت دەکەیت، پاڵپشتکراوە!

وڵات بەو شێوەیە بەڕێوە ناچێت. دەبێت ئەوانە بیر لەوە بکەنەوە دوای ئەمە ئێمە چۆن عێراق بەرەو کەرتی تایبەت ببه‌ين و دەرفەت بدرێتە کەرتی تایبەت، یاسای بۆ دابنرێت. سیستەمی بانکیی عێراق ڕێکوپێک بکرێتەوە. ئێستا عێراقييه‌كان بۆ هەر شوێنێک بڕۆن دەڵێن، داوا دەکەین بێن وەبەرهێنان بکەن لە وڵات. کەس نایەت، چونکە متمانه‌يان نییە. چۆن بێت؟ خەڵک لە دەرەوە کە دێت وەبەرهێنان لە وڵاتێک بکات، یەکەم شت دەبێت بزانێت ژینگە یاسایییەکەی چۆنە؟

یاسای وەبەرهێنانی عێراق یاسایەک نییە خەڵک هان بدات بۆ ئەوەی بێن لەم وڵاتە وەبەرهێنان بکەن. پرسیاری دووەم، ئەگەر کێشەیەکی یاسایی هەبوو ئەرێ ئەو متمانەیە بە دادگەی عێراقی هەیە؟؛ بێگومان من باسی هەمووی دەکەم، باسی هەموو لایەک و باسی خۆشمان دەکەم. دادگای عێراق ئەوەندە جێگەی متمانەیە کە خەڵک بتوانێت سکاڵای خۆی بباتە دادگە؟ سیستمی بانکیی عێراق ئەوەندە ڕێکوپێکە؟ خۆ عێراق تەنیا وڵاتێک نییە، خەڵک دەتوانێت لە هەر شوێنێک وەبەرهێنان بکات.

پرسیار: هەموو ئەو خاڵانەی کە جەنابتان فەرمووتان بەجێن، بەڵام گەندەڵییش یەکێکە لەو کێشانەی کە وەبەرهێنەرانی ئەمه‌ریکا و ئەورووپا لە هەرێمی کوردستان و عێراق بە کێشەی دەزانن. جەنابتان چارەسەری گەندەڵی لە چیدا دەبینیت؟

سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانی: ناتوانم بڵێم گەندەڵی نییە. ناتوانم ئەوە بڵێم بە هیچ شێوەیەک گەندەڵی نییە، بەڵام گەندەڵی شتێک نییە تۆ بە شەو و ڕۆژێک چارەسەری بکەیت.

پرسیار: هەوڵ هەیە؟

سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانی: هەوڵ هەیە بۆ گۆڕینی یاسا. هەوڵ بۆ شەفافییەتی زیاتر هەیە. بەڵێ ئەوەی لە هەرێمی کوردستان هەیە، دەبینین هەوڵێکی زۆر هەیە بۆ ئەوە. لە عێراقیش ئێستا هەوڵی زۆر هەیە بۆ ئەوە، بەڵام ئایا بە شەو و ڕۆژێک دەتوانن ئەم شتانە چارەسەر بکەن؟ بە ڕای من: نه‌خێر! ئەمە بابەتێکە پەیوەنديی بە کولتووره‌وه‌ هەیە، پەیوەنديی بە زۆر شتی کۆمەڵایەتييه‌وه‌ هەیە، دەبێت لەسەرخۆ لە چوارچێوەی پرۆسەیەکدا چارەسەر بکرێت.

پرسیار: ئێمە دەچینە قۆناخێکەوە لە ناوچەکە و لە جیهاندا کە درۆن و هێرشە درۆنییەکان خەریکە دیپلۆماسیەت و ئاسایش و ئابووری دەگۆڕن، خەریکە ئابووری دەگۆڕێت. هەرێمی کوردستان چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەم مەترسییە دەکات؟

سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانی: کاکە ئەوانەی ئەورووپا هیچ نەبێت، تەقەمەنییان پێ نییە، ئەوانەی لە هەرێمی کوردستان دەدەن هەموویان بۆمبیان پێیە، مووشەکیان پێیە.

سەیرکە، ئەمە ئێمە دەباتە سەر بابەتێکی دیکە. بۆردومانی هەرێمی کوردستانیان کرد بە درۆن. لە کۆمپانیاکانی نەوتیان دا. لە فڕۆکەخانەی هەولێر هەوڵ درا. تەنیا پرسیارەکەم ئەوەیە: عێراق چ قازانجێک دەکات لەو شتە؟ قازانجی عێراق چییە؟ ئێمە کە باسی ئەوە دەکەین مەترسیی گەورە لەسەر عێراق ئەو هێزانەن کە لە دەرەوەی یاسان و داواکاریی ئێمە ئەوەیە کە دەبێت ئەوانە بێنە ژێر یاسا و ژێر فەرماندەیيی سەرۆکوەزیران کە فەرماندەی گشتیی هێزه‌ چەکدارەکانە. داواکاریی ئێمە وەکو هەرێمی کوردستان، ئەوەیە.

ئەوەی کە لە هەرێمی کوردستان کردیان بە ڕای من زەبرێک بوو بۆ هەموو عێراق و کەمتەرخەمییەکی زۆریش کرا لەلایەن بەغداوە بۆ وەڵامدانەوەی ئەو هێزانە. بەغدا زۆر باشتر لە ئێمە دەزانێت کێ ئەو کارەی کردووە. بەڵام دەبووایە هەڵوێستێكی جددیان هەبێت لەسەر ئەو بابەتە، چونکە ئەوە تەنیا هەڕەشە نییە بۆ هەرێمی کوردستان، بە ڕاستی ئەوە شکاندنی شکۆی هەموو دامەزراوەکانی عێراقە. ئەوە دژی هەموو دەسەڵاتی عێراقە کە خۆی بە وڵاتێکی خاوه‌ن سه‌روه‌رى دەزانێت. دژی سەروەریی عێراقە.

با من بەو شێوەیە قسە بکەم، ئێمە کە دەچینە بەغدا سەعاتێک وانەمان پێدەڵێن لەسەر سەروەریی عێراق و فڵان، بەڵام کە دێتە سەر ئەو شتانە زۆر بە ئاسایی وەردەگیرێت هێزێکی چەکدار بێت و بە درۆن هێرش بکاتە سەر هەرێمێک کە بەشێکە لە عێراق، وەڵامدەریش نەبێت و کەسیش پرسیار نەکات! پرسی درۆن بە شێوەیەکی گشتی ئێستا بووەتە کێشەیەکی گەورە، بەڵام ئەو کێشەیە لە عێراقدا ئەوە نییە کە خەڵکێک بەکاری دەهێنن، بەڵکو هێزێکی چەکدار ئەمانە بەکاردێنن کە مووچەی خۆی لە حکوومەتی عێراق وەردەگرێت. مەترسییەکە لەوەدایە. لە خودی دامەزراوەکانی حکوومەتی عێراق پارە وەردەگرن، هەر ئەو هێزانەن کە درۆن دژی هەرێمی کوردستان بەکارده‌هێنن. ئەمە دەبێت ڕابوەستێت کە ڕانەوەستا بێگومان هەرێمی کوردستانیش كاردانه‌وه‌ى دەبێت.

پرسیار: بە چی ڕاوەستێت؟

سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانی: ڕاوەستانەکە ئەوەیە دەبێ بێنە ژێر چەتری یاسا، بێنە ژێر ڕکێفی یاسا، بێنە ژێر فەرماندەیيی سەرۆکوەزیران کە فەرماندەی گشتيی هێزه‌ چەکدارەکانە. بەوە ڕادەوەستن. ئەگەرنا وەک گوتم ئەوە نییە هەرێمی کوردستانیش هەر دەستەوەستان بێت، ئەمە بەو شێوەیە ناچێتەسەر.

پرسیار: ئەگەر بچمە سەر ئاستی هەرێمی، ئێمە باسی 2005ـمان کرد کە ئەمه‌ریکا و ناوچەکە لە ئاستێکدا بوو، ئێستا دووبارە باسی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستی نوێ دەکرێتەوە. ئەم ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستی نوێیە، لەوانەیە بەرزترین دەنگ تیایدا قسەی لەسەر دەکات، ئیسرائیلە لەدوای جەنگی غەززەوە؛ بەڵام ئێران، تورکیا، سعوودیە، ئیمارات، قەتەر، هەریەکە و دیدی خۆی هەیە بۆ ئەم ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستی نوێیە. لەم نێوەندەدا، هەرێمی کوردستان کۆمەڵێک پەیوەندیی هەیە و دۆخی خۆی ڕاگرتووە. لە ئێرانەوە دەست پێدەکەین، ساڵی 2005 وەک باسم کرد پێشتر، لەوە دەچوو کە پەیوەندیی ئێران و هەرێمی کوردستان نزیکتر بێت وەک لە پەیوەندیی هەرێمی کوردستان و تورکیا، ئێستا هەست دەکەی ئەم دۆخە پێچەوانە بووەتەوە، ئەم شارە درۆنی بەرکەوت، مووشەکی بالیستیی ئێرانی بەرکەوت؛ پەیوەندیی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئێران لە کوێدایە و چی دەکەن بۆ ئەوەی ئەو جۆرە مەترسییانە کەم ببنەوە؟

سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانی: لەگەڵ ئێران دوو شت هەن، یەکەمیان ئێران دراوسێیەکی گرنگی ئێمەیە. ئێمە سنوورێکی دوور و درێژمان لەگەڵ ئێراندا هەیە، هەرگیز خوازیاری ئەوە نەبووین و نین کە پەیوەندیمان لەگەڵ ئێران تێکبچێت. لە هەمان کاتدا، ئێمە سەرچاوەی هەڕەشەش نین بۆ ئێران. نامانەوێت لە خاکی هەرێمی کوردستانەوە هیچ دژایەتییەکی هیچ دراوسێیەکی ئێمە بکرێت، بە هیچ شێوەیەک. ئێرانیش لە چوارچێوەی ئەو وڵاتانەیە کە نامانەوێت هەرگیز ببینە سەرچاوەی هەڕەشە بۆ ئەو وڵاتە. ئەمە سیاسەتی هەرێمی کوردستانە، ئێمە دەمانەوێت هۆکاری ئاسایش بین لە ناوچەکە نەک هۆکاری تێکدان، ئەمە سیاسەتی هەرێمی کوردستانە. هەر لەو چوارچێوەیەدا، ئاماژەت بە پەیوەندیی ئێمە دا لەگەڵ ئێران؛ لەڕووی ئابوورییەوە، پەیوەندیی نزیکەی 11 ملیار دۆلاری بازرگانیمان لەگەڵ ئێراندا هەیە. پێموایە ساڵی ڕابردوو بوو کە سەردانی ئێرانم کرد، لەدوای ئەو سەردانە لاپەڕەیەکی نوێ لە پەیوەندیی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستاندا کرایەوە. سەرۆککۆماری ئێران هاتە هەولێر، پێموایە ئەوانە گۆڕانکاریی زۆر ئەرێنی بوون لە پەیوەندیی نێوان ئێمە و ئێراندا. دیسانەوە دەیڵێم، ئێران وڵاتێکی گرنگە، ئێمە دەمانەوێت ئەو پەیوەندییەی ئێستا هەیە، زیاتر پەرەی پێ بدەین و بە هیچ شێوەیەکیش هەرێمی کوردستان نابێتە سەرچاوەی هەڕەشە بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران. ئێران لە ڕۆژە ناخۆشەکاندا هاوکاریی هەرێمی کوردستانی کردووە، ئێمە سوپاسیان دەکەین. دراوسێیەکی گرنگە، دەمانەوێت پەیوەندیی باشمان لەگەڵیاندا هەبێت. پێموایە، دوای سەردانەکانم بۆ ئێران و لەگەڵ ئایەتوڵڵا خامنەیی، ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران دانیشتین، دوای ئەوە پێموایە جۆری پەیوەندییەکان و سیمای پەیوەندییەکان گۆڕانی باشتری بەسەردا هاتووە.

پرسیار: ئێستا ناوچەکە لە دۆخێکی نائاساییدایە، وڵاتێکی وەکو قەتەر، پەیوەندیی لەگەڵ ئێران باش بوو، ئێران ئەم ساڵ هێرشی کردە سەر خاکی قەتەر، بەرامبەر بە قەتەر نا، بەڵام لەسەر خاکی قەتەر. قەتەر هەروەها ڕۆڵی نێوەندگیر لەنێوان ئیسرائیل و حەماسدا دەبینێت، قەتەر سەرمایەگوزاريی بایی زیاتر لە دوو تریلیۆن دۆلار لە ئەمه‌ریکا دەکات. قەتەر هیوای ئەوەی هەبوو، ئەمە ببێتە هۆی پاراستنی، بەڵام ئێستا ئێمە لە جیهانێکدا دەژین کە سەرەڕای ئەو هەموو وەبەرهێنانە، هێشتا مەترسی بنبڕ نابێت. هیوای سەرکەوتن دەخوازم بۆ ئەو پەیوەندییانە. بێینە سەر تورکیا، ئێستا پرۆسەیەکی ئاشتی لە نێوان تورکیا و پەکەکەدا هەیە. ئەمڕۆ قسەکەرمان لەسەر ئەم بابەتە هەبوو، دوێنێ لە پانێڵی جیاوازدا باسی کرا. هەیە بە چاوی هیواوە دەڕوانێتە ئەو پرۆسەیە و دەڵێت هەرچەندە هێواشیش بێت، دەبێت دەرفەتی پێبدرێت. هەشە ڕەشبینە و دەڵێت، نەخێر هێواش بووەتەوە و چەقی بەستووە و وەک ئەوانى دیکە شکست دەهێنێت. هەڵسەنگاندنی جەنابت بۆ ئەم پرۆسەیە چییە؟ هەرێمی کوردستان چ ڕۆڵێکی دەبێت تیایدا؟

سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانی: ئەگەر باسی پەیوەنديی بکەم، ئێمە پەیوەندییەکی زۆر دۆستانەمان لەگەڵ تورکیادا هەیە. هەم لەڕووی ئابوورییەوە، هەم لەڕووی سیاسیشەوە، پەیوەندییەکی زۆر جیاوازمان هەیە. هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت لەوەی کە ئەو پەیوەندییە لەگەڵ تورکیادا بپارێزێت. سەبارەت بەو پرۆسەیەی لە تورکیا دەستی پێکردووە، ئینجا ناوی هەر چییەک بێت، بە بڕوای من، دوای ئەوەی کە سەرۆکی تورکیام بینی، هەست دەکەم تورکیا زۆر جدییە لەسەر ئەم پرۆسەیە. پرۆسەکە ئەگەر خاویش بێت، ئەگەر لەسەرخۆش بێت، بەڵام بڕیارێکی جددی لە تورکیا هەیە کە ئەم پرۆسەیە بە ئەنجام بگات. بەڵام دەبێت پشووی ئێمەش ئەوەندە کورت نەبێت، هەندێک شت هەیە تەنانەت ئەگەر جێی مەترسیش بێت، پێویستە لایەنی بەرامبەر بیکات. ناکرێت کێشەیەک کە ئەوە چەندین ساڵە هەیە، بە شەو و ڕۆژێک کۆتایی پێبهێنیت. هەندێک جار، هەندێک مەترسیش هەیە دەبێت بیکەیت. قسەی من بۆ برایانی خۆمان ئەوەیە، با ئەوە بکرێت چونکە باشترە، تەنانەت ئەگەر پرۆسەکە لەسەرخۆش بێت. ئێستا وای لێهاتووە، ئەم چاوەڕێی ئەوە شتێک بکات، لایەنی بەرامبەریش چاوەڕێی ئەوی دیکەیە شتێک بکات. ئەم کێشەیە بەم ڕێگەیە چارەسەر نابێت. ئێستا هەندێک هەنگاو هەیە، دەبێت پەکەکە ئەو هەنگاوانە بنێت، بۆ ئەوەی پرۆسەکە بگاتە ئەنجام. من نامەوێت بچمە نێو وردەکارییەکانەوە، بەڵام ناکرێت بڵێی ئێمە ڕادەوەستین بزانین تورکیا چی دەکات، دوایی دێین ئێمە ئەو کارە دەکەین. ئەم بۆچوونە بۆچوونێکی زۆر زۆر هەڵەیە و ناگاتە ئەنجام. ڕۆڵی ئێمە یارمەتیدەرە، لە ئەنقەرە گوتوومانە و لەگەڵ ئەو جەماعەتەش قسەمان کردووە کە دەتوانین چ ڕۆڵێک ببینین. کە پرۆسەی چەکدانان دەستیپێکرد، داوایان لە ئێمە کرد یارمەتيی ئەو پرۆسەیە بدەین، ئەوەی پێویست بوو، جێبەجێمان کرد. وای دەبینم ئەم دەرفەتە مێژوویيیە و نابێت کورد لەدەستی بدات، نابێت بۆ هیچ شتێک لەدەستی بدات. پەیامەکانی سەرۆک ئۆجەلان زۆر زۆر ڕوونن، قەندیلیش ڕێک دەزانێت دەبێت چی بکات، کە نایکات! ئەمە بێهیوایی دروست دەکات، تەنانەت بۆ سەرۆک ئۆجەلانیش، کە دروست نییە. بە ڕواڵەت و بە قسە دەڵێن، ئێمە بە قسەی سەرۆک ئۆجەلان دەکەین، بەڵام کە دێتەسەر جێبەجێکردن و پراکتیزەکردنی شت، ڕێک پێچەوانەکەی دەکەن! ئەمە زیانێکی گەورە بە کورد و بە پرۆسەکەش دەگەیه‌نێت. کاتی ئەم یارییانە نییە، ئەم یارییانە یارییەکن بەرچاو و دیارن. قسەی من ئەوەیە، برایانمان دەبێت ئەم پرۆسەیە بە جددی وەرگرن، هەوڵێکی جددیش بدەن بۆ ئەوەی ئەم پرۆسەیە نەشکێت و بگاتە چارەسەر.

پرسیار: سەرکردایەتیی عێراق بە گشتی بە ترسەوە تەماشای سووریا دەکەن، هەست دەکەن توندڕەویی زیاتر باڵادەست دەبێت، بەڵام جیهانی دەرەوە و ناوچەکە بە دەرفەتی دەبینن و قۆڵیان لێ هەڵماڵیوە بۆ ئەوەی نەهێڵن سووریا بکەوێت و یارمەتیی دەدەن. پرسیارێکی دوو بەشەم لە جەنابت هەیە. لە چاوی بەڕێزتەوە، لە چاوی هەرێمی کوردستانەوە، ئێوە ئەوە بە هەل دەبینن، یان بە چاوی ترسەوە تەماشای دەکەن؟ دوو سەبارەت بە ڕۆژئاڤا، ڕێککەوتنێک لەنێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات و حکوومەتی دیمەشقدا هەیە کە هەردوولا گلەیی دەکەن و دەڵێن، ئەو جێبەجێی ناکات. مەترسییەک هەیە کە تورکیا ئۆپەراسیۆنی چەکداری بکات لەو ناوچەیە. هەڵسەنگاندنی جەنابت چییە؟ چی بکرێت بۆ ئەوەی ڕۆژئاڤا لەگەڵ دیمەشقدا ئاراستەیەکی ئەرێنی بدۆزنەوە؟

سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانی: لەڕووی واقیعییەوە، ئەوەی ئێستا لە سووریا هەیە، وای دەبینم و دەڵێم، ئەمە دوایین دەرفەتە بۆ سووریا. لەبەر ئەوە من پێموایە، ڕۆڵی ئێمەش وەک کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئەوەیە کە چۆن یارمەتی بدەین ئەم هێزە بتوانێت سووریا بەرەو ئاراستەیەکی دیکە ببات. ئێمە بە چاوی مەترسی سەیری ناکەین. ئێمە دەڵێین خەڵکی سووریا، بە هەموو پێکهاتەکانیيەوە شایستەی ژیانێکی باشترە. تووشی نەهامەتی و ناخۆشیی زۆر بوون. ئەو میللەتە بە هەموو پێکهاتەکانیەوە، شایستەی ئەوەیە ژیانێکی باشتریان هەبێت. یەک خاڵ گرنگە، کە ئێمە پێمانوایە خاڵێکی ناکۆکییە لە بۆچوونی ئێمە لەگەڵ دیمەشق، ئەویش ئەوەیە ئێمە پێمانوانییە سووریا بە شێوەیەکی مەرکەزی دەکرێت بەڕێوەببرێت. ئەمە خاڵی ناکۆکە، تەنانەت خۆم لە کۆبوونەم لەگەڵ سەرۆک ئەحمەد ئه‌لشەرع باسم کردووە و پێم گوتووه‌.

بەو پێکهاتانەی له‌وێ دەژین، سووریا تەنیا یەک پێکهاتە نییە، بەڵکو کۆمەڵێک پێکهاتەن؛ کورد، درووز، عەلەوی، کریستیان، ئەمانە هەموو پێکهاتەی سووریان. کەواتە تۆ بڵێی من ئەو سووریایە بە مەرکەزییەت بەڕێوەدەبەم، بەشار ئەسەد چوو، یەکێکی دیکە هاتە شوێنی و مەرکەزییەتەکە وەکو خۆی دەمێنێتەوە! ئێمە لە هەرێمی کوردستان پشتگیریی ئەم بۆچوونە ناکەین. ئێمە ئەمەشمان بە سەرۆک ئه‌لشەرع گوتووە؛ بەڵام لە هەمان کاتیشدا، خۆ دەبێت دەرفەتێکیش بەمانە بدرێت بزانین سووریا بەرەو کوێ دەبەن. ڕێی تێناچێت سووریا بە ئاراستەی مەرکەزییەتێکی بەهێز بەڕێوەبچێت. سەبارەت بەوەی کێ گلەیی لە کێ دەکات، من پێموایە هەردوولا لەسەر حەقن. قسەی ئێمە چۆن بووە بۆ برایانی خۆمان لە سووریا، قسەی ئێمە بۆ ئەوان ئەوەبوو، بە زووترین کات بڕۆن بۆ دیمەشق. ئاڵاى نوێی سووریای نوێ هەڵگرن، خۆتان بە خاوەن پرۆسەی سیاسی بزانن، ئۆفیسێک لە دیمەشق بکەنەوە، خۆتان بە خاوەن ماڵ بزانن، با لەناو پرۆسەی سیاسیی سووریادا بەشدارییەکی کاراتان هەبێت. ئێمە ساڵی 2002 و 2003 کاریگەریی زۆر گرنگمان هەبوو وەک کورد لە بەغدا، زۆریش بە گرنگییەوە چووینە بەغدا. لە هەندێک حاڵەتدا، هێزی پێشمەرگەمان نارد بۆ ئەوەی ببنە هێڵێک لەنێوان سوننە و شیعە بۆ ئەوەی کێشە نەکەوێتە نێوانیان. قسەکەی ئێمە بۆ برایانمان لە سووریا ڕێک ئەوەیە، بڕۆن بۆ دیمەشق، دیمەشق پایتەختی خۆتانە، وڵاتی خۆتانە، نابێت چاوەڕێی هیچ شتێک بکەن. نازانم ئێستا ئەوان چاوەڕێی چى دەکەن؟! چاوەڕێی چ گۆڕینێک دەکەن؟! پێیانوایە چ گۆڕینێک دەبێت؟ هەر گۆڕینێک ڕووبدات، بەرژەوەندیی ئەوان لەوەدایە لەگەڵ دیمەشق ڕێگەیەک بدۆزنەوە. ڕێگەی چارەسەر لەگەڵ دیمەشق بدۆزنەوە. ئینجا کێ زووتر دەستپێشخەریی دەکات و کێ چی دەکات؟ بۆ نموونە، پێموایە، ئەوەی کە پێیانگوترابوو دەبێت بێن خۆتان لەنێو سوپای سووریادا بتوێننەوە. ئەوە دروست نییە، ئەوە بۆچوونێکی هەڵەیە، هەمووتان یەک یەک وەرن، ئەوە ناکرێت و قبووڵ ناکرێت. دەکرێ شتی دیکە بدۆزنەوە. بەبیرم دێت ساڵی 2002-2003 گەورەترین کێشەی ئێمە لەگەڵ ئەمریکییەکان ئەوەبوو كه‌ به‌ ئێمه‌يان ده‌گوت ئێوە دەبێت ناوی پێشمەرگە بگۆڕن. باشە گوتیان چی لێبکەین، گوتیان ناویان دەنێین (ماونتن ڕەینجەرز)، ئینجا دوای سێ ڕۆژ گفتوگۆ، گوتیان ئەگەر ئێمە وەرگێڕان بۆ ئەو ناوە بکەین، بە کوردی دەبێتە چی؟ براده‌رانى ئێمەش، ئەو کاتە کاک مەسروور بوو، گوتی دەبێتە پێشمەرگە. ڕوویان لە کاک مەسروور کرد، گوتیان تۆ ئینگلیزییەکەت باشە، ئەوە دەبێتە چی ئەگەر بکرێتە کوردی؟ گوتی: دەبێتە "پێشمەرگە". له‌ سووریاش ئەم جەماعەتە، لە شەڕی داعشدا شەهیدی زۆریان دا، کارەساتی گەورەیان بەسەردا هات. 10 هەزار چەکداری داعش لە زیندانەکانی هۆلن، تۆ بێیت ئەمانە نادیدە بگری، بڵێی وەرن مافی ئێمە بدەن، مافی ئێوەش خوا کەریمە، کەس وا ناڕوا. دەبێت سووریایەک بەڕێوەبچێت، نەک مەرکەزی بێت، دەبێت هەموو کەسێکی سووریا خۆیان بە خاوەنی ئەو وڵاتە بزانن، ئەگەرنا مەحاڵە بەڕێوەبچێت.

پرسیار: پەیوەندیی نێوان هەرێمی کوردستان و ڕۆژئاوا، هەندێک کات گەرم دەیبینین، هەندێک سارد دەیبینین، کێشە چییە؟

سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانی: ئەوە ئاساییيە، هەندێک جار سارد دەبێت، هەندێک جار گەرم دەبێت، بەڵام لە بنەمادا هیچ ناگۆڕێت. وەک پارتى و یەکێتی، هەندێک جار گەرمە و هەندێک جار ساردە، هەندێک جار خەڵک دەترسێن دەڵێن، چى دەقەومێت، بەڵام هیچ ناقەومێت. بە جددی هیچ ناقەومێت، سەردەمێک دەیانگوت دەبێتە شەڕ، کاکە ئێمە ئەو قۆناخەمان جێهێشتووە، ئێمە شەڕی یەکتر ناکەینەوە، سوپاس بۆ خوا ئەو قۆناخە لە کولتووری کورد دەرچووە. بەڵام ئایا کێشە نییە؟ به‌ڵێ کێشە هەیە، هەندێک جار کێشە زۆرن، بەڵام لە ئەنجامدا ڕۆڵی ئێمە ڕۆڵی یارمەتیدەر بووە. داوای ئێمە چییە لە ڕۆژئاڤا، ئێمە دەڵێین، خۆتان دەتوانن ئیشی خۆتان بەڕێوە ببەن. ناکرێت پەکەکە دەستوەردان لە ئیشی ڕۆژانەی ئێوەدا بکات، ئەمە گەورەترین کێشەیانە، ناکرێت. دەبێت پەکەکە وازیان لێبهێنێت، پەکەکە وازیان لێنەهێنێت، ئەوان ناگەنە هیچ. دەبێت پەکەکە بە تەواوەتی وازیان لێبهێنێت و ناکرێت دەستوەردان لە شێوەی بەڕێوەبردنی کاروباری ڕۆژئاڤادا بکات.

پرسیار: ئیدارەی ترەمپ بۆ هەندێک وڵات دەرفەتی هێناوە و بۆ هەندێکی دیکەش ئاڵنگاری. پەیوەندیی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەمه‌ریکا لە کوێدایە، لە کوێ ئاڵنگاری هەیە و لەکوێ دەرفەت هەیە؟

سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانی: ئەگەر بتوانم زۆر ئاشکرا وەڵامت بدەمەوە، زیاتر دەرفەتە بۆ هەرێمی کوردستان و بۆ عێراقیش، دەرفەتە. ئێمەش هەروا دەيبینین. ئێمە پشتگیری لە سیاسەتی سەرۆک ترەمپ دەکەین بۆ ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، پشتگیری لە سیاسەتی دەکەین بۆ ئەوەی ئاشتی بەرقەرار بێت لە غەززە، هەرچی زووە. ئێمە پێمانوایە، وەک کورد، وەک ئەمه‌ریکا و وەک عێراقیش، پەیوەندییەکی باشمان لەگەڵ ئەمه‌ریکا هەیە، پەیوەندییەک کە شتێکی نوێ نییە، شتێکی کۆنە. لە قۆناخی زۆر ناخۆشدا ئەمه‌ریکا یارمەتیی هەرێمی کوردستانی داوە، ئێمە سوپاسیان دەکەین. بەڕاستی، ئێمە بەبێ یارمەتیدانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، لەسەرووی هەموویانەوە ئەمه‌ریکا، نەماندەتوانی داعش ڕابگرین. ئەمە واقیعێکە، ئێمە نەماندەتوانی. بە خوێنی پێشمەرگە بوو، بەڵام بە یارمەتيی ئەوان بوو. ئێمە توانیمان داعش ڕاگرین، ئێمە سوپاسیان دەکەین، ڕۆڵیشیان ڕۆڵی یارمەتیدەرە بۆ هەرێمی کوردستان. ئەم ئیدارەیە بە سەرۆکایەتیی سەرۆک ترەمپ، وەکو دەرفەت سەیری دەکەین، نەک وەک ئاڵنگاری.

پرسیار: بێینەوە ناوخۆ، دوا پەیامی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی بۆ گه‌لى کوردستان، بۆ سەرکردەی حیزبەکانی کورد و عێراق، هەڵبژاردن لە ڕێگەیە، بانگەشەی هەڵبژاردن لە ڕێگەیە، پەیامی کاک نێچیرڤان چییە؟

سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانی: ئەگەر بە ڕاستی بڵێم، هەروەک لە قسەکانی دەستپێک باسم کرد، دوای ساڵی 2005 گرنگترین هەڵبژاردنی عێراق ئەم هەڵبژاردنەیە، بۆ هەرێمی کوردستانیش وەک بەشێک لە عێراق، باسم کرد. قووڵایيی ستراتیژیی هەرێمی کوردستان بەغدایە، لەگەڵ هەموو ئەو کێشانەی کە لەگەڵ بەغدا هەمانە، هەموو ئەو گلەییيانەی کە ئێمە لەگەڵ بەغدا هەمانە، هەموو ئەو گلەییيانەی کە بەغداش لە ئێمە هەیەتی، لە ئەنجامدا پاراستنی ئەو قووڵاییيە ستراتیژییە لەگەڵ بەغدا گرنگە. سەبارەت بە داهاتووی عێراق، ئەم هەڵبژاردنە هەڵبژاردنێکی زۆر گرنگە، بۆ ئایندەی هەرێمی کوردستانیش گرنگە. ئەوەی کە داوا دەکەم ئەوەیە، دەبێت هەموو تاکێکی کورد هەست بە بەرپرسیاريه‌تیی خۆی بکات و نەڵێ بۆ بچمە هەڵبژاردن! دەبێت هەموومان پێکەوە بچینە ئەم هەڵبژاردنە و ئەوەی پێمان بکرێت بۆ سەرخستنی ئەم پرۆسەیە لە کوردستان، بیکەین. ئەوەی کە گرنگە بۆ ئێمە، کۆدەنگییە. شێوازێک بدۆزینەوە چۆن پێکەوە کار بکەین، تەنانەت ئەگەر نەشڵێین کۆدەنگی، مۆدێلێک بدۆزینەوە چۆن هێزە کوردستانییەکان پێکەوە کار بکەین. بە ئۆپۆزیسیۆنەوە، بە دەسەڵاتەوە، بە هەر هەموومانەوە بۆ ئەو شتە گەورانەی کە ئێمە لە بەغدا هەمانە. هیوادارم پشت بە خوا هەڵبژاردنەکان بە باشی بەڕێوەبچن. هیواداریشم عێراق بکەوێتە قۆناخێکی نوێ و سەرەتایەکی نوێ، لە ئاوەدانکردنه‌وه‌ و لە بە دامەزراوەییکردن و لە چارەسەری ئەو کێشه‌ هەڵواسراوانەی ئێستا لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەیەتی.