Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان به‌دواداچوون بۆ دوايين پێشهاته‌كانى په‌تاى كۆرۆنا ده‌كات

2020-04-07T07:09:29.000000Z
هه‌واڵ

به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌ په‌يوه‌نديى ته‌له‌فۆنيدا له‌گه‌ڵ به‌ڕێزان وه‌زيرانى ناوخۆ و ته‌ندروستى، پارێزگارانى هه‌ولێر، سلێمانى، دهۆك و هه‌ڵه‌بجه‌ و سه‌رپه‌رشتيارانى هه‌ردوو ئيدارى گه‌رميان و ڕاپه‌ڕين، به‌دواداچوونى بۆ دوايين پێشهاته‌كانى په‌تاى ڤايرۆسى كۆرۆنا كرد‌.

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 7/4/2020 سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى له‌ په‌يوه‌ندييه‌كه‌دا له‌گه‌ڵ لايه‌نه‌ به‌رپرسه‌كان، دوايين پێشهاته‌كانى بڵاوبوونه‌وه‌ى په‌تاى ڤايرۆسى كۆرۆنا و ڕێكاره‌كانى حكوومه‌ت و لايه‌نه‌ په‌يونداره‌كانى بۆ ڕێگريكردن له‌ بڵاوبوونه‌وه‌ى زياترى په‌تاكه‌ تاوتوێ كرد و له‌ دۆخى پارێزگاكان و هه‌ردوو سنوورى گه‌ر‌ميان و ڕاپه‌ڕين و به‌ڕێوه‌چوونى كاره‌كان و پێداويستى و كه‌موكورييه‌كان و كاريگه‌ريى ده‌رهاويشته‌ و لێكه‌وته‌كانى په‌تاكه‌ى له‌سه‌ر ژيان و گوزه‌رانى هاووڵاتييانى هه‌رێمى كوردستانى پرسييه‌وه‌.

به‌ڕێز سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان سوپاس و ده‌ستخۆشى له‌ هه‌ردوو وه‌زاره‌تى ناوخۆ و ته‌ندروستى و پارێزگا و ئيداره‌كان و يه‌كه‌ كارگێڕييه‌كان و پزيشكان و كارمه‌ندانى ته‌ندروستى و پێشمه‌رگه‌ و ئاسايش و ته‌واوى هێزه‌كانى ناوخۆ و كارمه‌ندانى ده‌روازه‌ سنوورييه‌كان و فڕۆكه‌خانه‌كان و ده‌زگاكانی ڕاگه‌یاندن و هه‌موو ئه‌وانه‌ كرد كه‌ له‌ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى په‌تاكه‌دا‌ به‌شدارن و هه‌موو هه‌وڵێك بۆ كۆنترۆڵكردنى ده‌ده‌ن.

سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى هه‌روه‌ها سوپاسى هاووڵاتييانى كرد كه‌ پابه‌ندى ڕێنماييه‌كانن بۆ خۆپاراستن و داواى كرد هه‌مووان تا ئه‌وپه‌ڕى به‌رده‌وام بن له‌ پابه‌ندى و هاوكاريى هه‌وڵه‌كانى حكوومه‌ت بكه‌ن بۆ ڕێگريكردن له‌ بڵاوبوونه‌وه‌ى زياترى په‌تاكه، دووپاتيشى كرده‌وه‌ كه‌ ڕێكار و ڕێنماييه‌كان و پابه‌نديى هاووڵاتيان تا ئێستا ئه‌نجامى باشى به‌ده‌سته‌وه‌ داوه‌ و هيواى خواست به‌ هاوكاريى هه‌موو لايه‌ك ئه‌م دۆخه‌ سه‌خته‌ش تێپه‌ڕێنرێت.