Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ شاندێكى په‌رله‌مانى ئه‌ڵمانيا كۆبووه‌وه‌‏

2022-09-14T11:59:51.000000Z
هه‌واڵ په‌یوه‌ندیی نێوده‌وڵه‌تی

نيوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 2022/9/14 به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى ‏كوردستان، پێشوازى له‌ شاندێكى په‌رله‌مانتارانى پارتى (‏SPD‏)ى په‌رله‌مانى ئه‌ڵمانيا به‌ ‏سه‌رۆكاتيى به‌ڕێز نيڵس شميد كرد.‏

له‌ كۆبوونه‌وه‌يه‌كدا كه‌ به‌ڕێز وه‌زيرى پێشمه‌رگه‌ى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ئاماده‌ى بوو، ‏په‌يوه‌ندييه‌كانى ئه‌ڵمانيا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان، ئه‌ركى هێزه‌ ‏ئه‌ڵمانييه‌كان لە چوارچێوه‌ى هاوپه‌يمانيى نێوده‌وڵه‌تيى دژى داعشدا له‌ عێراق و هه‌رێمى كوردستان، ‏دۆخى سياسيى عێراق، كێشه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا، دۆخى ئابوورى و چالاكييه‌كانى كه‌رتى ‏تايبه‌ت، پرسه‌كانى ديموكراسى، مافى مرۆڤ و ئازادييه‌كان له‌ هه‌رێمى كوردستان، تاوتوێ ‏كران.‏

سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى دووپاتى كردوه‌ كه‌ داعش له‌ عێراق و سووريا هێشتا هه‌ڕه‌شه‌يه‌كى ‏ڕاسته‌قينه‌يه‌ و بۆ له‌نابردنى تيرۆر، عێراق و هه‌رێمى كوردستان هێشتا پێويستييان به‌ هاريكاريى ‏و پشتگيريى نێوده‌وڵه‌تى هه‌يه‌، بۆيه‌ هيواى خواست په‌رله‌مانى ئه‌ڵمانيا له‌ ئۆكتۆبه‌رى داهاتوودا ‏بڕيار له‌سه‌ر درێژكردنه‌وه‌ى ئه‌ركى هێزه‌كانى وڵاته‌كه‌ى له‌ عێراق و هه‌رێمى كوردستان بدات.‏

به‌ڕێزيان سوپاس و پێزانينى هه‌رێمى كوردستانى بۆ هاريكاريى مرۆيى و سه‌ربازيى ئه‌ڵمانيا بۆ ‏عێراق و هه‌رێمى كوردستان ده‌ربڕى و دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ عێراق و هه‌رێمى كوردستان بۆ ‏بره‌ودان به‌ دامه‌زراوه‌كان و ديموكراسى و به‌ره‌وپێشبردنى بنه‌ماكانى مافى مرۆڤ و ئازادييه‌كان، ‏پێويستيان به‌ يارمه‌تيى ئه‌ورووپييه‌كان هه‌يه و ده‌توانن له‌مباره‌وه‌ هاوكار بن.‏

وێڕاى ده‌ربڕينى پێزانينى وڵاته‌كه‌يان بۆ ڕۆڵى هه‌رێمى كوردستان و قاره‌مانيه‌تيى پێشمه‌رگه‌ له‌ ‏تێكشكاندنى داعش، شاندى ميوان سه‌رساميى خۆيان به‌ پێشكه‌وتنه‌كان و ئاوه‌دانيى هه‌رێمى ‏كوردستان نيشان دا و خۆشحاڵيى خۆيان ده‌ربڕى كه‌ دواى تێكشكاندنى تيرۆر، پرۆسه‌ى ‏ئاوه‌دانى و وه‌به‌رهێنان ده‌ستى پێكردووه‌ته‌وه‌. هه‌روه‌ها جه‌ختيان له‌ دۆستايه‌تى و هاوبه‌شيى ‏ئه‌ڵمانيا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان كرده‌وه‌ و ئارامى و سه‌قامگيريى عێراقيان بۆ ‏ناوچه‌كه‌ به‌گشتى به‌ گرنگ زانى.‏

هه‌ماهه‌نگيى نێوان سوپاى عێراق و پێشمه‌رگه‌، دۆخى ناوچه‌كه‌ به‌گشتى و چه‌ند پرسێكى ‏ديكه‌ى جێى بايه‌خى هاوبه‌ش، ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوون.‏