Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان پێشوازى له‌ كونسوڵى نوێى ڕووسيا كرد

2022-10-16T10:22:19.000000Z
هه‌واڵ په‌یوه‌ندیی نێوده‌وڵه‌تی

نيوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ يه‌كشه‌ممه‌ 2022/10/16 له‌ ديدارێكدا له‌ هه‌ولێر به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان وێڕاى به‌خێرهێنان، پيرۆزباييى ده‌ستبه‌كاربوونى له‌ به‌ڕێز ماكسيم ڕوبين كونسوڵى گشتيى نوێى ڕووسيا له‌ هه‌رێمى كوردستان كرد و هيواى سه‌ركه‌وتنى بۆ خواست، هه‌روه‌ها هه‌موو پشتگيرييه‌كى بۆ سه‌رخستنى ئه‌ركه‌كه‌ى و خواستى هه‌رێمى كوردستانى بۆ برده‌وان به‌ په‌يوه‌ندييه‌كانى له‌گه‌ڵ ڕووسيا ده‌ربڕى.

لاى خۆيه‌وه‌ به‌ڕێز كونسولى گشتيى نوێى ڕووسيا له‌ هه‌رێمى كوردستان، خۆشحاڵيى خۆى به‌ ده‌ستبه‌كاربوونى له‌ هه‌رێمى كوردستان نيشان دا و ئاماژه‌ى به‌ په‌يوه‌ندييه‌ دێرينه‌كانى نێوان هه‌رێمى كوردستان و ڕووسيا كرد و هيواى خواست به‌ پشتگيريى لايه‌نه‌ په‌يوه‌نداره‌كانى هه‌رێمى كوردستان، بتوانێت په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌ردوولا به‌ره‌وپێش ببات.

له‌ ديداره‌كه‌دا دوايين پێشهاته‌كانى عێراق و ناوچه‌كه‌ به‌گشتى تاوتوێ كران.