Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى و سه‌رۆك ئيلهام ئه‌لييێڤ كۆبوونه‌وه‌

2024-02-17T08:13:02.000000Z
هه‌واڵ په‌یوه‌ندیی نێوده‌وڵه‌تی

له‌ دووه‌م ڕۆژى به‌رنامه‌يدا له‌ كۆنفرانسى ئاساييشى ميونشن له‌ ئه‌ڵمانيا، به‌يانيى ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 2024/2/17 به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، له‌گه‌ڵ به‌ڕێز ئيلهام ئه‌لييێڤ سه‌ركۆمارى ئازه‌ربايجان كۆبووه‌وه‌.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى دووباره‌ پيرۆزبايى له‌ سه‌رۆك ئه‌لييێڤ كرد بۆ هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ى به‌ سه‌رۆكى وڵات، هه‌روه‌ها هه‌ردوولا جه‌ختيان له‌ هه‌ڵنانى هه‌نگاوى پێويست بۆ بره‌ودان به‌ په‌يوه‌ندييه‌كان و هاريكاريى هاوبه‌شى ئازه‌ربايجان له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان به‌تايبه‌تى، كرده‌وه‌.

له‌مباره‌يه‌وه‌ باسيان له‌ ڕێكاره‌كانى كردنه‌وه‌ى كونسولخانه‌ى گشتيى ئازه‌ربايجان له‌ هه‌ولێر كرد كه‌ هاوكار و يارمه‌تيده‌ر ده‌بێت بۆ به‌ره‌وپێشبردنى زياترى په‌يوه‌ندييه‌كان. هه‌روه‌ها سه‌رۆك ئه‌لييێڤ سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى بۆ كۆنفرانسى داهاتووى نه‌ته‌وه‌ يه‌كگرتووه‌كان ده‌رباره‌ى گۆڕانى كه‌شوهه‌وا (COP29) بانگهێشت كرد كه‌ بڕياره‌ ئه‌مساڵ له‌ ئازه‌ربايجان ئه‌نجام بدرێت.

دوايين پێشهاته‌كانى دۆخى ئاڵۆزى ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست و هه‌ڕه‌شه‌ و مه‌ترسييه‌كان له‌سه‌ر ئارامى و سه‌قامگيرى، ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو. تيايدا هه‌ردوولا داكۆكييان له‌ پاراستنى ئارامى و سه‌قامگيرى و كاركردنى هه‌مه‌لايه‌نه‌ بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌، كرده‌وه‌.