Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى له‌گه‌ڵ سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى باڵاى دادوه‌ريى عێراق كۆبووه‌وه‌

2020-09-29T05:04:32.000000Z
هه‌واڵ

به‌يانيى ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 29/9/2020 به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له‌ به‌ڕێز فائق زێدان سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى باڵاى دادوه‌ريى عێراق كرد.

له‌ كۆبوونه‌وه‌يه‌كدا سيسته‌م و ده‌سه‌ڵاتى دادوه‌ريى عێراق و كار و ئه‌ركى ئه‌نجومه‌نى باڵاى دادوه‌رى و دادگاى فيدارڵى و هاوكارى و هه‌ماهه‌نگيى نێوان ئه‌نجومه‌نى دادوه‌ريى هه‌رێمى كوردستان و ئه‌نجومه‌نى باڵاى دادوه‌ريى عێراق تاوتوێ كرا.

هه‌ردوولا جه‌ختيان له‌ پاراستنى سه‌ربه‌خۆييى ده‌سه‌ڵاتى دادوه‌رى و تێكه‌ڵنه‌كردنى له‌گه‌ڵ سياسه‌ت كرده‌وه‌ و هاوڕا بوون كه‌ هاوكارى و هه‌هاهه‌نگيى نێوان ده‌سه‌ڵاتى دادوه‌رى له‌ عێراق و هه‌رێمى كوردستان به‌ ڕه‌چاوكردنى تايبه‌تمه‌نديى هه‌رێمى كوردستان پێويسته‌ و ستايشى هاوكارى و هه‌ماهه‌نگيى نێوان ئه‌نجومه‌نى باڵاى دادوه‌ريى عێراق و ئه‌نجومه‌نى دادوه‌ريى هه‌رێمى كوردستانيان كرد.

له‌ به‌شێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌دا كه‌ به‌ڕێزان سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى دادوه‌ريى هه‌رێمى كوردستان و وه‌زيرى داد ئاماده‌ى بوون، بابه‌تى پێكهاته‌ و كار و ئه‌ركى دادگاى فيدراڵى و ميكانيزمى ته‌واوكردنى ئه‌ندامانى و چۆنيه‌تيى ده‌ستنيشانكردنيان به‌پێى ڕێكاره‌ ده‌ستوورييه‌كان خرانه‌ به‌ر باس و جه‌ختيان له‌ گرنگى و پێويستيى هه‌ماهه‌نگيى نێوان لايه‌نه‌ په‌يوه‌نداره‌كان بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ كرده‌وه‌.

سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى سوپاس و پێزانينى بۆ هاوكارى و هه‌ماهه‌نگيى نێوان لايه‌نه‌ په‌يونداره‌كانى ده‌سه‌ڵاتى دادوه‌رى له‌ عێراق و هه‌رێمى كوردستان ده‌ربڕى و هيواى خواست له‌ بابه‌تى خوله‌كانى فێركردن و ڕاهێناندا هاوكاريى ده‌سه‌ڵاتى دادوه‌رى عێراق بۆ هه‌رێمى كوردستان به‌رده‌وام بێت.