پاشنيوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه 2023/10/19 به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له خاتوو ناديا موراد چالاكوانى ئێزدى و هه‌ڵگرى خه‌ڵاتى نۆبڵ بۆ ئاشتى و سه‌رۆكى ڕێكخراوى "ده‌ستپێشخه‌ريى ناديا" كرد.
له ديدارێكدا دۆخى ئێزدييان و پرۆسه‌ى گه‌ڕانه‌وه‌ى ئاواره ئێزدييه‌كان له كه‌مپه‌كانه‌وه بۆ سه‌ر زێدى خۆيان له شه‌نگال و ناوچه‌كه، ڕۆڵى ڕێكخراوه نێوده‌وڵه‌تييه‌كان بۆ يارمه‌تيدان و هاوكاريكردنى ئێزدييان و ڕێوڕه‌سمى دوێنێی كردنه‌وه‌ى مۆنۆمێنتى قوربانييانى ئێزدييان له شه‌نگال تاوتوێ كرد.
هه‌ردوولا جه‌ختيان له گرنگيى هه‌بوونى ئارامى و سه‌قامگيريى ناوچه‌كانى ئێزدييان كرده‌وه بۆ ئه‌وه‌ى ئاواره ئێزدييه‌كان بتوانن بگه‌ڕێنه‌وه شوێنه‌كانيان، هه‌روه‌ها باسيان له ئاڵنگارييه‌كانى به‌رده‌م كۆمه‌ڵگه‌ى ئێزدى و چۆنيه‌تيى هاوکاریکردنیان كرد و سوپاسى ئه‌و وڵاتانه‌يان كرد كه به هه‌ر شێوه‌يه‌ك بێت يارمه‌تيى ئێزدييان ده‌ده‌ن.
سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى، وێڕاى ده‌ستخۆشى له ئه‌نجامدانى ڕێوڕه‌سمى دوێنێى ياده‌وه‌ريى قوربانييانى ئێزدى، جه‌ختى له گرنگيى به‌دۆكيوومێنتكردنى تاوانه‌كانى داعش به‌رامبه‌ر به ئێزدييان و هه‌وڵدان بۆ ڕێگه‌گرتن له دووباره‌بوونه‌وه‌ى ئه‌و تاوانانه كرده‌وه.
له ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى ديداره‌كه‌دا به‌ڕێز سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان دووپاتى كرده‌وه كه تا ڕفێنراوێكى ئێزدى مابێت، هه‌وڵه‌كان بۆ ڕزگاركردن و دياريكردنى چاره‌نووسييان به‌رده‌وام ده‌بن.