
ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە 11/10/2023 بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە بەڕێز ماوریتزیۆ گرێگانتی، باڵیۆزی ئیتاڵیا له عێراق و شاندێكی یاوەری كرد.
لە دیدارێكدا دوایین پێشهاتە ئەمنی و سیاسییەكانی عێراق و ناوچەكە و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، پرسی بودجە و كێشەكانی هەولێر ـ بەغدا و دۆخی ناوخۆی هەرێمی كوردستان و چۆنیەتیی چارەسەركردنیان، خرانە بەر باس.
هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر ئەوەی كێشەكانی هەولێر ـ بەغدا بە ڕێگەی دیالۆگ و بەپێی دەستووری عێراقی فیدراڵ چارەسەر بكرێن و جهختیان لهسهر پێویستی و گرنگیی یەكڕیزیی لایەنە سیاسییەكانی ههرێمی کوردستان کردهوه.
تاوتوێكردنی پەیوەندییەكانی ئیتاڵیا لەگەڵ عێراق و هەرێمی كوردستان و كار و چالاكییەكانی باڵیۆزخانەی ئیتاڵیا بەتایبەت لە بواری شوێنەوارناسیدا و چەند بابەتێكی جێی بایەخی هاوبەش، لایەنێكی دیكەی دیدارەكە بوو.

