Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى پێشوازى له‌ كونسولى گشتیی نوێى فه‌ره‌نسا كرد

2023-11-27T08:51:45.000000Z
هه‌واڵ په‌یوه‌ندیی نێوده‌وڵه‌تی

پێشنيوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 2023/11/27 به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌ ديدارێكدا له‌گه‌ڵ به‌ڕێز يان برێم كونسولى گشتيى نوێى فه‌ره‌نسا له‌ هه‌رێمى كوردستان، وێڕاى پيرۆزبايى بۆ ده‌ستبه‌كاربوون، هيواى سه‌ركه‌وتنى بۆ خواست و هه‌موو پشتگيرييه‌كى خۆى و لايه‌نه‌ په‌يوه‌نديداره‌كانى هه‌رێمى كوردستانى بۆ سه‌رخستنى ئه‌ركه‌كه‌ى ده‌ربڕى، هه‌روه‌ها خواستى هه‌رێمى كوردستانى بۆ بره‌ودانى په‌يوه‌ندييه‌كان له‌گه‌ڵ فه‌ره‌نسا، دووپات كرده‌وه‌.

لاى خۆيه‌وه‌ به‌ڕێز برێم خۆشحاڵيى خۆى بۆ ده‌ستبه‌كاربوونى وه‌ك كونسولى گشتيى نوێى وڵاته‌كه‌ى له‌ هه‌رێمى كوردستان ده‌ربڕى و دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ كار ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ى دۆستایه‌تی و په‌يوه‌ندييه‌كان و هاريكاريى هاوبه‌شى وڵاته‌كه‌ى له‌گه‌ڵ هه‌رێمى كوردستان له‌ هه‌موو بواره‌كاندا فراوانتر بكات. به‌ڕێزيان هه‌روه‌ها جه‌ختى له‌ پابه‌نديى فه‌ره‌نسا بۆ پشتگيرى له‌ هه‌رێمى كوردستان كرده‌وه‌.

له‌ ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى ديداره‌كه‌دا، هه‌ردوولا ده‌رباره‌ى دوايين پێشهاته‌كانى ناوچه‌كه‌ بيروڕايان گۆڕييه‌وه‌.