Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

سەرۆک نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی سووریا کۆبووه‌وه‌

2025-02-15T11:04:00.000000Z
هه‌واڵ په‌یوه‌ندیی نێوده‌وڵه‌تی

به‌یانیی ئەمڕۆ شەممە 2025/2/15 لە دووه‌م ڕۆژی دیدار و کۆبوونه‌وه‌کانیدا له‌ کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن، بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ بەڕێز ئەسعەد ئه‌لشەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا کۆبووەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا پێشهاتە سیاسی و ئەمنییەکانی سووریا و عێراق و چۆنیەتیی بەهێزکردنی سەقامگیریی هەرێمایەتییان تاوتوێ کرد، هەروەها باسیان لە دۆخی پێکهاتەکانی سووریا و گرنگیی پاراستنی مافەکانیان و دەستەبەرکردنی بەشدارییان لە داهاتووی وڵاتدا کرد.

سەرۆک نێچیرڤان بارزانی جەختی لەسەر پاراستنی مافه‌کانی گه‌لی کورد و ته‌واوی پێکهاته‌کان له‌ سووریا و گرنگیی بەدیهێنانی ئاشتی و سەقامگیری کردەوە، هەروەها ئاماژەی بە پێویستیی چارەسەرکردنی کێشەکان به‌ دیالۆگ و لێکگەیشتن و کارکردن بۆ داهاتوویەکی سەقامگیر بۆ هەموو پێکهاتەکانی سووریا کرد.

لاى خۆیەوە، بەڕێز ئه‌لشەیبانی پابەندیی سووریای بۆ بەدیهێنانی سەقامگیری و ڕەخساندنی بارودۆخی گونجاو بۆ دیالۆگی نیشتمانی دووپات کردەوە، هەروەها جەختی لەسەر خواستی سووریا بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان و پتەوکردنی هاوکاریی هاوبەش بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگە هەنووکەییەکان کردەوە.

دۆخی هەرێمایەتی و ئاڵنگارييه‌ هاوبەشەکان، لەگەڵ چۆنیەتیی هاوکاریی داهاتوو بۆ بەدیهێنانی سەقامگیری و ئاشتی لە ناوچەکەدا، تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوو.