Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

سەرۆک نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ پەتریارکی کڵێسای سریانی ئۆرتۆدۆکس کۆدەبێتەوە

2025-02-14T16:20:00.000000Z
هه‌واڵ په‌یوه‌ندیی نێوده‌وڵه‌تی

هه‌ر لە چوارچێوەی بەشداریکردنی لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونشندا، ئێواره‌ى ئەمڕۆ هەینی 2025/2/14 بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ بەڕێز پەتریارک ئیگناتیۆس ئەفرامى دووەم، پەتریارکی کڵێسای سریانی ئۆرتۆدۆکس لە ئەنتاکیا کۆبووەوە.

هەردوولا دۆخی مەسیحییەکان لە عێراق و سووریا و ئەو ئاستەنگانەی لە ئێستادا ڕووبەڕوویان دەبنەوە تاوتوێ کرد، هەروەها باسيان له‌ چۆنيه‌تيى بەهێزکردنی هەوڵەکانی ئاشتی و پێکەوەژیان لەنێوان پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییە جیاوازەکانی ناوچەکەدا كرد.

سەرۆک نێچیرڤان بارزانی جەختی لەسەر گرنگیی پێکەوەژیانی ئاشتیانە و پاراستنی مافەکانی مەسیحییەکان و هەموو پێکهاتەکان کردەوە، هه‌روه‌ها ئاماژەی بە پابەندبوونی هەرێمی کوردستان کرد لە پشتگیریکردنی فرەیی ئایینی و کولتووری و بەهێزکردنی ژینگەیەکی لێبووردەیی و ڕێز له‌ يه‌ك گرتن.

لاى خۆیەوە، به‌ڕێز پەتریارک ئیگناتیۆس ئەفرامى دووەم سوپاسی هەرێمی کوردستانی کرد بۆ پاراستن و پشتگیریکردنی مەسیحییە ئاوارە و پەنابەرەکان، هەروەها ستایشی ڕۆڵی هەرێمی كوردستانى کرد وەک نموونەیەک بۆ پێکەوەژیانی ئاشتیيانە لە ناوچەکەدا.

دۆخی سووریا و ئاستەنگە هەنووکەییەکانی ناوچەکە، لەگەڵ چەند پرسێکی دیکەی جێی بایەخی هاوبه‌ش، تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوو.