Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

سەرۆک نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ سیناتۆری ئەمه‌ریکی ئیلیسا سلۆتکین کۆدەبێتەوە

2025-02-15T12:14:00.000000Z
هه‌واڵ په‌یوه‌ندیی نێوده‌وڵه‌تی

هه‌ر لە میونشن، به‌یانیی ئەمڕۆ شەممە 2025/2/15 بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ سیناتۆر خاتوو ئیلیسا سلۆتکین، ئەندامی لیژنەی هێزە چەکدارەکان لە ئەنجومەنی پیرانی ئەمه‌ریکا کۆبووەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا پەیوەندییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ريكا، چۆنيه‌تيى بەهێزکردنی هاوکاری لە بواری ئاسایش و بەرگریدا، پێشهاتەکانی شەڕی دژى تیرۆر و هەوڵەکانی هاوپەیمانيه‌تیی نێودەوڵەتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشەکانی داعش، باس كران.

سەرۆک نێچیرڤان بارزانی پێزانینی خۆی بۆ پشتگیریی ئه‌مه‌ريكا له‌ عێراق و هەرێمی کوردستان دەربڕی، بەتایبەتی لە بواری ڕاهێنانی هێزەکانی پێشمەرگە و بەهێزکردنی تواناکانیان لە چوارچێوەی هاوپەیمانيه‌تیی نێودەوڵەتیدا، هه‌روه‌ها جەختی لەسەر پێویستیی بەردەوامیی ئەم پشتگیرییە کردەوە بۆ بەدیهێنانی سەقامگیری لە ناوچەکەدا.

لاى خۆیەوە، سیناتۆر ئیلیسا سلۆتکین به‌رده‌واميى پشتگيريى ئه‌مه‌ريكاى بۆ هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە، هەروەها ئاماژەی بە گرنگیی هەماهەنگیی ئەمنیی هاوبەش کرد بۆ دەستەبەرکردنی سەقامگیریی عێراق و ناوچەکە.

پێشهاتە سیاسی و ئەمنییەکانی عێراق و سووریا، لەگەڵ چەند پرسێکی دیکەی جێی بایەخی هاوبه‌ش، تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوو.