Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

سەرۆک نێچیرڤان بارزانی و مەزڵووم عەبدی پێشهاتەکانی سووریا تاوتوێ دەکەن

2026-02-05T20:45:00.000000Z
هه‌واڵ

ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 2026/2/5 بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پێشوازيی لە بەڕێز مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و شاندێكى ياوه‌رى کرد.

لە کۆبوونەوەیەکدا، دوایین پێشهاته‌ مەیدانی و سیاسییەکانی دۆخی سووریا، پرسی کورد لەو وڵاتە و ڕێككه‌وتنى حكوومه‌تى سووريا و هه‌سه‌ده‌ تاوتوێ کران.

سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى پشتگیریی هەرێمی کوردستانی بۆ چارەسەری ئاشتییانەی کێشەکان دووپات کردەوە و جەختی لە گرنگیی بەردەوامیی دیالۆگی نێوان لایەنەکان و پاراستنى مافی هەموو پێکهاتەکان و گەلی کورد لە چوارچێوەی سووریایەکی یەکگرتوودا كرده‌وه‌.

لای خۆیەوە، بەڕێز مەزڵووم عەبدی پوختەیەکی دەربارەی دۆخی ناوچەکە و گفتوگۆکانی لەگەڵ دیمەشق و لایەنە نێودەوڵەتییەکان خستە ڕوو، هەروەها سوپاس و پێزانینی بۆ ڕۆڵی بەردەوامی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی و هەرێمی کوردستان دەربڕی بۆ پشتیوانیکردنی مافە ڕەواکانی گەلی کورد و هەوڵەکانيان بۆ هێورکردنەوەی ئاڵۆزییەکان.

هەر لە دیدارەکەدا، مەترسییەکانی تیرۆر و جموجووڵەکانی داعش لە ناوچەکەدا تاوتوێ کران و هەردوولا هاوڕا بوون کە هەماهەنگیی نێوان لایەنەکان و پشتگیریی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، فاکتەرێکی سەرەکییە بۆ پاراستنی ئاسایشی ناوچەکە بەگشتی.