Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

سەرۆک نێچیرڤان بارزانی و وەزیری دەرەوەی ڤاتیکان پێکەوەژیان و دۆخی پێکهاتەکان تاوتوێ دەکەن

2026-02-14T11:33:00.000000Z
هه‌واڵ په‌یوه‌ندیی نێوده‌وڵه‌تی

بەیانیی ئەمڕۆ شەممە 2026/2/14، هه‌ر لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن، بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ بەڕێز پۆڵ ڕیچارد گالاگەر، وەزیری دەرەوەی ڤاتیکان کۆبووەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکە و دۆخی پێکهاتە ئایینی و نەتەوەیییەکان تاوتوێ کران. سەرۆک نێچیرڤان بارزانی پابەندیی هەرێمی کوردستانی بۆ پاراستنی مافی پێکهاتەکان و پەرەپێدانی کولتووری پێکەوەژیان دووپات کردەوە.

لای خۆیەوە، بەڕێز گالاگەر ستایشی ژینگەی لێبوردەیی و پێکەوەژیانی لە هەرێمی کوردستان کرد و پشتگیریی ڤاتیکانی بۆ ئارامی و سەقامگیریی عێراق و هەرێمی کوردستان نیشان دا.