Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

سەرۆک نێچیرڤان بارزانی و سەرۆکى بولگاریا كۆبوونه‌وه‌

2025-02-15T11:27:00.000000Z
هه‌واڵ په‌یوه‌ندیی نێوده‌وڵه‌تی

هه‌ر لە چوارچێوه‌ى كارنامه‌كه‌يدا له‌ کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن، نيوه‌ڕۆى ئەمڕۆ شەممە 2025/2/15 بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ بەڕێز ڕۆمێن ڕادێڤ، سەرۆککۆماری بولگاریا کۆبووەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا پەیوەندییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان له‌گه‌ڵ بولگاریا، بەهێزکردنی هاوکاریی هاوبەش لە بواری ئابووریدا، پێشهاتە سیاسی و ئەمنییەکانی عێراق و ناوچەکه‌يان تاوتوێ كرد.

سەرۆک نێچیرڤان بارزانی جەختی لەسەر خواستی هەرێمی کوردستان بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی لەگەڵ بولگاریا کردەوە، هه‌روه‌ها ستایشی ڕۆڵی بولگاریای کرد لە چوارچێوەی هاوپەیمانيه‌تیی نێودەوڵەتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و کردنەوەی دەروازەی نوێ بۆ هاوکاری لە بوارە هاوبەشەکاندا.

لاى خۆیەوە، به‌ڕێز سەرۆک ڕۆمێن ڕادێڤ ئامادەیيی بولگاریای بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان نیشاندا، هەروەها ئاماژەی بە گرنگیی هاوکاری لە بوارى ئەمنی و ئابووریدا کرد و ڕۆڵی هەرێمی کوردستانى لە پاراستنی سەقامگیری لە عێراق و ناوچەکەدا، به‌ کاریگەر لە قەڵەم دا.