
ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه 2025/10/15 به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، به‌شداريى له ڕێوڕه‌سمى ده‌رچوونى خولى چوارده‌هه‌مينى زانكۆى ئه‌مه‌ريكى له عێراق ـ سلێمانيدا كرد كه تيايدا 218 ده‌رچووى به‌كالۆريۆس و ماسته‌ر خوێنديان ته‌واو كرد.
له ڕێوڕه‌سمه‌كه‌دا هه‌ر يه‌ك له به‌ڕێزان د. بيلال وه‌هاب سه‌رۆكى زانكۆ و جه‌نه‌راڵ پێترايۆس له وته‌كانياندا ستايشى سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى و پشتگيرييه‌كانى بۆ زانكۆ، هه‌روه‌ها كار و هه‌وڵه‌كانى بۆ پێشخستنى هه‌رێمى كوردستان و ڕۆڵ و سه‌ركردايه‌تيكردنى، كرد.
هه‌ر به‌م بۆنه‌يه‌وه له وتارێكدا سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى، ستايشى ڕۆڵى زانكۆكه‌ى كرد له پێگه‌ياندنى نه‌وه‌يه‌كى پێگه‌يشتوو كه خاوه‌ن و مايه‌ى هيوا و ئومێدى داهاتووه. هه‌روه‌ها سوپاسى پشتگيرى و هاوكارييه‌كانى به‌ڕێز جه‌نه‌راڵ ده‌يڤيد پێترايۆس دۆستى گه‌لى كوردستان و عێراقى كرد كه له كاته سه‌خته‌كاندا يارمه‌تيى عێراق و هه‌رێمى كوردستانى داوه.
به‌ڕێز سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، كردنه‌وه‌ى تاقيگه‌ى زيره‌كيى ده‌ستكرد (AI)ـى له زانكۆ به ناوى جه‌نه‌راڵ پێترايۆسه‌وه، به نيشانه‌ى سوپاسگوزاريى گه‌لى كوردستان بۆ هاوكارييه‌كانى به‌ڕێزيان له قه‌ڵه‌م دا، هه‌روه‌ها تيشكى خسته‌ر سه‌ر گرنگيى (AI) بۆ ئێستا و داهاتووى هه‌موو بواره‌كانى ژيان.
ئه‌مه ده‌قى وتارى جه‌نابيانه:
بەڕێز جه‌نه‌راڵ دەیڤید پێترايۆس،
دۆستى دڵسۆزى عێراق و گه‌لى كوردستان،
به‌ڕێزان سه‌رۆك و مامۆستايان و ستافى زانكۆ
خوێندکاران و قوتابيانى ئازیز،
ئامادەبووانی بەڕێز…
ئێواره‌تان باش،
مايه‌ى خۆشحاڵيمه كه له سلێمانيم، ئه‌م ئێواره‌يه‌ش زۆر خۆشحاڵترم به‌وه‌ى كه له دوو بۆنه و ڕێوڕه‌سمى دڵخۆشكه‌ر و تايبه‌تدا، له‌گه‌ڵ ئێوه‌ى ئازيز بەشدارم. ئاهەنگی دەرچوونی خولى چواردەهەمی زانکۆی ئەمه‌ریکی لە عێراق ـ سلێمانی، هه‌روه‌ها کردنەوەی تاقیگەی پێترايۆس بۆ زیرەکيی دەستکرد (AI)، کە هەنگاوێکی پێشەنگى ئومێدبه‌خشه بەرەو داهاتووی زانستی و تەکنەلۆژی لە کوردستان و لە هەموو عێراق.
هه‌ر به‌م بۆنه‌يه‌وه، ده‌مه‌وێ له دڵه‌وه به‌خێرهاتنێكى گه‌رمى به‌ڕێز جه‌نه‌راڵ پێترايۆس بكه‌م، زۆر به خێر بێیتەوە بۆ عێراق، بۆ كوردستان. زۆر خۆشحاڵين كه له‌م ڕێوڕه‌سمەدا له‌گه‌ڵ ئێمه‌دا به‌شدارن.
به ناوى خۆم و به‌ناوى هه‌مووتانه‌وه پيرۆزبايى لێ ده‌كه‌م بۆ وه‌رگرتنى دكتۆراى شانازى له زانكۆى ئه‌مه‌ريكى له سلێمانى. سوپاسى زانكۆ ده‌كه‌م كه ئه‌م بڕوانامه‌يان پێ به‌خشى، ئێوه‌ش به چەپڵه‌يه‌كى گەرم پێشوازى و پيرۆزبايى لێ بكه‌ن.
ده‌رچووانى ئازيز،
به گه‌رمى و له كانگاى دڵمه‌وه، پيرۆزباييتان لێ ده‌كه‌م بۆ سه‌ركه‌وتن و گه‌يشتن به‌و ڕۆژه‌ى کە دواى ساڵانێكى پڕ له كۆشش، زۆر چاوەڕێی بوون. پيرۆزبايى له خێزان و مامۆستايانتان ده‌كه‌م كه له‌گه‌ڵ ئێوه ڕه‌نجيان كێشا و له‌پێناو سه‌ركه‌وتنى ئێوه‌دا، ماندوو بوون. ئه‌مڕۆ هه‌موومان شانازيتان پێوه ده‌كه‌ين.
ئه‌وه‌ى ئه‌مڕۆ ئێوه پێى گه‌يشتوون، چ ئه‌وانه‌ى به‌كالۆريۆس و چ ئه‌وانه‌يشى كه ماسته‌ريان له بواره جياكاندا ته‌واو كرد، ئه‌مه به‌رى ڕه‌نج و هه‌وڵدان و مكوڕى و دەستپێکی كاروانێكى نوێى ژيانى كرداريتانه. ئێوەی ئازیز، ئێوە ئەمڕۆ تەنها هه‌ڵگرى بڕوانامه‌يه‌ك نين، بەڵکوو ئەمانەتێکی گەورە هەڵدەگرن كه بنیاتنانی داهاتووی ئەم وڵاته‌ی لەسەرە.
کوردستان و عێراق پێویستیيان پێتانە: بە زانستتان، بە بیرۆکەکانتان، بە داهێنانتان و بە تين و وزەتان کە ڕۆحی هیوا و ئومێد و گۆڕانکارین.
بە ڕاشكاوى و بە ڕاستگۆيى پێتان دەڵێم: ئەو داهاتووەی کە ئێمه له كوردستان و عێراق خەونی پێوه دەبینین، جگە لە ئێوە، کەسی تر دروستی ناکات. ئێوەن کە سەرکردایەتيی چەرخی گەشەسەندن دەکەن، ئێوەن کە كۆمه‌ڵگه و وڵاتێكى به‌هێز و پێشكه‌وتوو و هاوچەرخ و گەشاوە بنیات دەنێن. وڵاتێك، كۆمه‌ڵگه‌يه‌ك كه لەسەر بەهاكانی ئازادی، دیموکراسی، فره‌يى، كراوه‌يى، زانین و پێشکەوتن، بنيات ده‌نرێت.
ئێمه لە کوردستان پەروەردە و فێركردنمان کردووە بە کۆڵەکەیەکی سەرەکی لە بنیاتنانی کۆمەڵگه‌دا. باوەڕی قووڵمان وایە کە مرۆڤسازى و وەبەرهێنان لە مرۆڤدا، زیرەکترين و باشترین و به‌قازانجترين وەبەرهێنانە. زانکۆی ئەمه‌ریکی لە سلێمانی، وه‌ك زانكۆكانى تر له هه‌رێمى كوردستان و عێراق، نموونەیەکی ڕوونە له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى كه پەروەردەی هاوچەرخی کراوە به‌سه‌ر جیهاندا، دەتوانێت چ كاريگه‌رييه‌كى ئه‌رێنى و بنياتنه‌رانەی هه‌بێت.
ئەم زانکۆیە لە سلێمانی، لە درێژه‌ی ساڵەکانی ته‌مه‌نيدا، نەوەیەکی لە گه‌نجانى خوێندەواری پێگه‌يشتوو ده‌رچوواندووه كه بۆ بەهاکانی دیموکراسی و زانستى هاوچەرخ و بیرکردنەوەى ڕەخنەگرانه‌ى ئازاد، كراوه‌ن. ئەمەش ڕێك ئەوەیە کە کۆمەڵگه‌كه‌مان پێویستى پێیەتی بۆ بنیاتنانی داهاتوویەکی بەهێزتر، گه‌شاوه‌تر و پێشكه‌وتووتر.
ئامادەبووانی بەڕێز،
تاقیگەی پێترايۆس بۆ زیرەکيی دەستکرد كه به‌رله دوو ڕۆژ لێره له زانكۆ كرايه‌وه، گۆڕانکارییەکی جۆریی نوێیە لە كاروانى لێکۆڵینەوەی زانستی و ته‌كنه‌لۆژى و پەرەپێدان لەم ناوچه‌يه‌دا.
ئەم پرۆژە پێشەنگە، کە ئێستا بە زمانی کوردی، زاراوه‌ى سۆرانی، دەست پێدەکات و دواتر په‌ره‌ى پێده‌درێت بۆ زاراوه‌كانى تر و به كوردى بيرده‌كاته‌وه، به تەنها ڕه‌نگدانه‌وه‌ى ڕوانگه‌ى زانکۆ نييه، بەڵکوو متمانەیەکی گه‌وره‌ش به‌رجه‌سته ده‌كات به‌وه‌ى کە ئێمە ته‌نها به‌كارهێنه‌رى ته‌كنه‌لۆژيا نين، ڕ‌ازى نین ته‌نيا به‌كارهێنه‌ر بين، به‌ڵكوو دەمانەوێت و دەتوانین دروستکەری تەکنەلۆژیاش بین.
ئه‌مه هه‌روه‌ها زمانى شيرين و ده‌وڵه‌مه‌ندى كوردى ده‌باته قۆناغێكى پێشكه‌وتووه‌وه. زمان و كه‌له‌پوور و وێژه‌ى كوردى ده‌پارێزێت و ده‌يكات بە جيهانی. ئه‌مه له‌گه‌ڵ هه‌وڵه‌كانى تر‌ى زانكۆی ئه‌مه‌ريكى له سلێمانی،له خوێندنى (IT) و (AI)، له ديدارى كوردناسى، به ڕاستى هه‌نگاوێكى گرنگ و مايه‌ى شانازى و ده‌ستخۆشييه.
نيشانده‌رى ئه‌وه‌يه كه ئێمه له هه‌رێمى كوردستان به هه‌بوونى گه‌نجانى زانستخواز و پێگه‌يشتووى وه‌ك ئێوه، به هه‌بوونى مامۆستايانى خه‌مخۆر و دۆستانى دڵسۆزى وه‌ك جه‌نه‌راڵ پێترايۆس، ده‌توانين هه‌نگاوى گه‌وره به‌ره‌و جيهانى پێشكه‌وتووى ته‌كنه‌لۆژيا بنێين.
به‌ڕێزان،
(AI)، زیرەکيی دەستکرد ئيتر یەکێکە لە بزوێنەرەسه‌ره‌كييه‌کانی ئابووريی هاوچەرخ و پەروەردە و تەندروستی و وزە و گەشەسەندنی گشتگیر. ڕۆژانه و به خێرايى له هه‌موو بواره‌كاندا ده‌بێته پێويستييه‌كى ژيانى، بۆيه دەستپێکردنی ئەم تاقیگەیە لە هەولێر، لە سلێمانی و کوردستانەوە، پەیامی هیوا و هێزە، کە ئێمە باوەڕمان بە لاوان و بە زانست هەیە، کە ئێمە بەشێکی گرنگين لە داهاتوويه‌كى باشتر و گه‌شاوه‌تر.
به‌م بۆنەیەوه، دووباره به‌خێرهاتن و ده‌ستخۆشييه‌كى گه‌رم له هاوڕێی ئازیزی گەلی کوردستان و عێراق، به‌ڕێز جه‌نه‌راڵ دەیڤید پێترايۆس ده‌كه‌م. به‌ڕێزيان چەند ڕۆژێکە لە کوردستان و عێراقه. هیوادارین عێراق و هەرێمى كوردستان بەو ئاراستەیە بڕۆن کە ئه‌و خەباتى بۆ کردووە: وڵاتێکی سەقامگیر، دیموکراسی و ئاوەدان.
به‌ڕێزيان ڕۆڵێکی گرنگی لە قۆناغێکی هەستیارى مێژووی وڵاتەکەماندا هەبوو. جەنابیان، ئه‌و كاتى خۆى، جوامێرانه له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستاندا ڕووبه‌ڕووى تيرۆر و تيرۆرستان بووه‌وە، هه‌روه‌ها بەشداريی لە پشتگیریکردنی چەندین پرۆژەی گرنگدا له هه‌رێمى كوردستان و عێراق كرد.
له كاتێكدا ئه‌و سه‌رده‌مه كۆمپيووته‌ر بۆ ئه‌م وڵاته نه‌ده‌هات، ئه‌و يه‌كه‌م كه‌س بوو كه به سوپاسه‌وه كاتى خۆى به فڕۆكه کۆمپیووتەری بۆ زانكۆى سلێمانى هێنا، هه‌روه‌ها ڕۆڵ و هاوبه‌شيى لە دروستکردنی فڕۆکەخانەکانی هەولێر و سلێمانیدا هه‌بوو.
هيوادارین به‌م زووانه‌ش گه‌شته ئاسمانييه‌كان له سلێمانييه‌وه بۆ توركيا و به ئاسمانى توركياشدا بۆ ئه‌ورووپا و جيهان ده‌ست پێبكه‌نەوە، پاش ئه‌وه‌ى هه‌فته‌ى ڕابردوو له كاتى كۆبوونه‌وه‌مدا له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی توركیا، جەنابی سەرۆك ئه‌ردۆغان، بڕيارى كردنه‌وه‌ى ئاسمانى توركيا به‌ڕووى سلێمانيدا، درا.
هەروەها دەمەوێ هەر بەو بۆنەیەوە، گۆڕینی ناوی فڕۆكەخانەی سلێمانی بۆ فڕۆكەخانەی خوالێخۆشبوو سەرۆك مام جەلال بەبیربهێنمەوە. ئه‌وه هەنگاوێكی گەورەیە كە ئەمڕۆ یادی ئەو بەڕێزە بكەینەوە. یادی ئەو بەڕێزە بكەینەوە كە پاڵپشتێكی گەورە بوو بۆ ئەم زانكۆیە، پاڵپشتێكی گەورە بوو بۆ هەموو عێراق. من خۆم شەخسی شاهدی ئەوەم كە چەند مەبەستی بوو ئەم زانكۆیە پێشبكەوێت و چەند مەبەستی بوو و داوای لە هەموو لایەك دەكرد پشتگیریی ئەم زانكۆیە بكەین. ڕۆحی شاد و یادی بە خێر بێت.
پشتگيرى و هاوكارييه‌كانى جه‌نه‌راڵ پێترايۆس بۆ هه‌ميشه به ڕێزه‌وه لە یاده‌وه‌رییەكانی گەلى كوردستاندا ده‌مێننه‌وه. ناونانی ئەم تاقیگەیە بە ناوی به‌ڕێزيانه‌وه، تەنها ڕێزگرتنى گه‌لێكى پێزان به هاوكارى و دۆستايه‌تى و دڵسۆزى نییە، بەڵکوو دەربڕینێکی ڕاستگۆیانەیە، سوپاسگوزاریی گەلی کوردستانە بۆ هاوڕێیەک کە لە سەختترین کاتەکاندا لەگەڵماندا وەستاو پشتگیریی كردین. زۆر سوپاس جەنەراڵ.
ده‌رچووانى ئازيز..
کلیلەکانی داهاتوو، ئەمڕۆ لە ده‌ستى ئێوه‌دايه. ئێوە تەنها نوێنەرایەتيی خۆتان ناکەن، بەڵکوو نوێنەرایەتيی داهاتووی وڵات و گه‌لێكى شه‌يداى ئازادى و كراوه‌يى و پێشكه‌وتن دەکەن. بۆیە ئاواتەخوازم، داهێنەر بن، کراوە بن، ڕه‌خنه‌گر بن، متمانەتان بە خۆتان هەبێت، له هه‌مووى گرنگتر نيشتمانى خۆتان خۆش بوێت و بۆی تێبكۆشن و خەبات بكەن. تەنها به بەشداریکردن لەگه‌ڵ جیهاندا ڕ‌ازى نه‌بن، بەڵکوو بەشداريی لە دروستکردنیدا بكه‌ن.
سوپاسی ڕۆڵى پێشه‌نگى زانکۆی ئەمه‌ریکی لە سلێمانی دەکەم، هیوادارم تاقیگەيان بۆ زیرەکيی دەستکرد (AI) ببێتە سەکۆیەکی ڕاستەقینە بۆ داهێنانی زانستی و بەشداريی لە بنیاتنانی ڕابوونێكى زانیاری و ته‌كنه‌لۆژى لە کوردستان و لە عێراق و تەنانەت لە ناوچەکەشدا، بكات. به ته‌واوى بڕوا و متمانه‌م به تواناى گه‌نجان و نه‌وه‌ى تازه‌ى كوردستان هه‌يه كه ده‌توانن له‌م بواره‌دا، هه‌نگاوى پێشه‌نگ و داهێنه‌رانه بنێن.
دووباره لێرەوە پيرۆزبايى له ئێوه‌ى ده‌رچووانى ئازيز، پیرۆزبایی لە یەك بە یەكەتان دەكەم، له خێزان و كه‌سوكار و مامۆستايان و ستافى زانكۆ ده‌كه‌م. ئێوه بۆ هه‌موومان، بۆ كوردستان و بۆ عێراق، مايه‌ى شانازى و جێى هيوا و ئومێدن.
هيواى سه‌ركه‌وتنتان بۆ ده‌خوازم،
هەر لە خۆشی‌دا بن.
بە خێر بێن سەر چاو..
زۆر سوپاس..





