Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى له‌گه‌ڵ باڵيۆزى توركيا كۆبووه‌وه‌

2025-10-21T11:13:00.000000Z
هه‌واڵ په‌یوه‌ندیی نێوده‌وڵه‌تی

پێشنيوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 2025/10/21 به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازيى له‌ به‌ڕێز ئانل بۆرا ئينان، باڵيۆزى توركيا له‌ عێراق كرد.

له‌ كۆبوونه‌وه‌يه‌كدا په‌يوه‌ندييه‌كانى توركيا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان، پرسى ئاو له‌ نێوان توركيا و عێراقدا، هه‌ڵبژاردنى داهاتووى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق، داهاتووى پرۆسه‌ى سياسى و دۆخى ناوخۆى عێراق و هه‌رێمى كوردستان، تاوتوێ كران.

هه‌ردوولا داكۆكييان له‌ بره‌ودان به‌ په‌يوه‌ندييه‌كانى توركيا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان به‌تايبه‌تى له‌ بوارى ئابووريدا كرد. له‌مباره‌يه‌وه‌، هه‌نارده‌كردنه‌وه‌ى نه‌وتى هه‌رێمى كوردستانيان به‌ هه‌نگاوێكى ئه‌رێنى بۆ ئابووريى عێراق به‌گشتى له‌ قه‌ڵه‌م دا، هه‌روه‌ها ده‌رباره‌ى په‌يوه‌ندييه‌ كولتوورى و كۆمه‌ڵايه‌تييه‌كان، بيروڕايان گۆڕييه‌وه‌.

دوايين پێشهاته‌كانى دۆخى ناوچه‌كه‌ به‌گشتى و چه‌ند پرسێكى جێى بايه‌خى هاوبه‌ش، لايه‌نێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو كه‌ به‌ڕێز كونسوڵى گشتيى توركيا له‌ هه‌رێمى كوردستان ئاماده‌ى بوو.