ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە 3/12/2025 بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، لە هەولێر بە ئامادەبوونی سەرۆك مەسعوود بارزانی، بەشداريی ڕێوڕەسمی كردنەوەی باڵەخانەی نوێی كونسوڵگەریی گشتیی ئەمەریكاى له هه‌رێمى كوردستان كرد.
لە ڕێوڕەسمەكەدا كە بەڕێزان مایكل ڕیگەس جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا، مەسروور بارزانی سەرۆكوه‌زيرانى هەرێمی كوردستان، جێگرانى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، جێگری سەرۆكوه‌زيران و ژمارەیەك لە بەرپرسانی باڵای هەرێمی كوردستان و كونسول و نوێنەرانی وڵاتان ئاماده بوون، سەرۆك نێچیرڤان بارزانی وتەیەكی پێشكەش كرد، ئەمە دەقەكەیەتی:
به‌ڕێز جه‌نابى سه‌رۆك بارزانى،
ئاماده‌بووانى به‌ڕێز،
ئێوارەتان باش،
هه‌موو لايه‌كتان به‌خێر بێن،
به‌خێرهاتنێكى گه‌رمى به‌ڕێز (مايكل ڕيگه‌س) جێگرى وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مه‌ريكا ده‌كه‌م كه به تايبه‌تى بۆ ئه‌م ڕێوڕه‌سمه سه‌ردانى هه‌ولێرى كردووه. به خێر بێن بۆ هه‌ولێر، به‌خێر بێن بۆ هه‌رێمى كوردستان و عێراق.
زۆر خۆشحاڵم به‌وه‌ى ئەمڕۆ پێكه‌وه به‌شداريى لە ڕێوڕه‌سمى کردنەوەی تەلاری نوێی کونسوڵخانەی گشتيى ئەمه‌ریکادا لە هه‌رێمى كوردستان ده‌كه‌ين.
بوونی ئەم ناوەندە دیپلۆماسییە لێره، پەیامێکی سیاسیی ڕوونە دەربارەی گرنگیی هەولێر و هەرێمی کوردستان و دەرخەری ئەو هاوبەشییە قووڵه‌یە کە عێراق و هه‌رێمى كوردستان لەگەڵ ئه‌مه‌ريكادا هەیەتی و پێكه‌وه دەیانبەستێتەوە.
پەیوەندیی ئێمە لەگەڵ ئه‌مه‌ريكادا، لەسەر بنەمای متمانە و به‌ها و کاری هاوبەش لە ماوەی زیاتر لە سێ دەیەدا بنیاد نراوە. هەر لە پرۆسەی دابینکردنی نه‌واى ئارام و سەپاندنی ناوچەی دژەفڕینه‌وه لە ساڵانی نەوەدەکاندا تا ئێستا، ئه‌مه‌ريكا لە سه‌ختترين و هەستیارترین كاته‌كاندا هه‌ميشه لەپاڵ گەلی کوردستاندا وەستاوە.
ساڵی ٢٠٠٣ لە کاتی ئازادکردنی عێراقدا، پێکەوە بووين. ساڵی ٢٠١٤ کاتێک ڕووبەڕووی تیرۆر بووینەوە، هێزەکانی پێشمەرگە بە ئازایەتییەوە شانبەشانی هێزەکانی ديكه‌ى عێراقی و ئەمه‌ریکا و هاوپەیمانانی نێودەوڵەتی جەنگان. پێکەوە سەرکەوتوو بووین لە تێکشکاندنی ئەفسانەی داعش و ئازادکردنی شار و ناوچه‌كانى ژێر ده‌ستيان. ئەمانە لاپەڕەی لەبیرنەکراوی مێژوون و بناغەیەکی پتەویان دروست كردووە بۆ هاوبەشی لە ئایندەدا.
به‌ڕێزان،
ئه‌مڕۆ کردنەوەی ئەم کۆمەڵگە کونسوڵییە له هه‌ولێر، جەختکردنەوەیە لەسەر بەردەوامیی ئەم پەیوەندییە و پابەنديى ئه‌مه‌ريكايه بە کارکردن لەگەڵمان لەپێناو ئاشتی و سەقامگیریدا. هەروەها ڕەنگدانەوەی متمانەيه‌تى بە پێشکەوتنی هەرێمی کوردستان، بە هاوبەشیمان لەگەڵ بەغدا و بە توانا‌مان بۆ بنیادنانی نموونەیەکی سەرکەوتوو لە پێکەوەژیان و سەقامگیری لە هەرێمی كوردستاندا.
ئه‌مه وه‌ك سەرەتای قۆناغێکی نوێ بۆ فراوانکردنی هەماهەنگی لە زۆر بواردا دەبینین: لە سیاسەت و ئاسایش، لە ئابووری و وەبەرهێنان، لە ڕۆشنبیری و پەروەردە و لە پەیوەندیی نێوان گەلاندا. ئێمە تەنها بەدوای پەیوەندیی حکوومەت لەگەڵ حکوومەتەوە نین، بەڵکوو خوازیاری پەیوەندیی نێوان کۆمپانیاکان، کۆمەڵگەکان و پەیوەندیی نێوان گەنجانمان و گەنجانی ئه‌مه‌ريكاين.
سیاسەتی ئێمە لە هەرێمی کوردستان ڕوونە: دەمانەوێت کوردستان پردی پەیوەندی بێت نەک گۆڕەپانی ململانێ. ده‌مانه‌وێت وەک بەشێکی کاریگەر لە سەقامگیریی عێراق و ناوچەکەدا بمێنینەوە.
بەردەوام دەبین لە کارکردن لەگەڵ بەغدا بۆ چارەسەرکردنی سەرجەم كێشه‌كان لەسەر بنەمای دەستوور و بەڕێوەبردنی وڵات لەڕووی سیاسی و كارگێڕی و یاسایيیەوە، بە شێوەیەک کە خزمەت بە سەقامگیریی هەموو عێراق بکات.
لە هەمان کاتدا و له چوارچێوه‌ى عێراقى فيدراڵدا، له‌سه‌ر بنه‌ماى ڕێككه‌وتنى ستراتيژيى عێراق و ئه‌مه‌ريكا، پابەند دەبین بە هاوبەشیی ستراتیژییمان لەگەڵ ئه‌مه‌ريكا، چونکە بڕوامان وایە ئەم هاوبەشییە بنه‌مايه‌كى سەرەکییە بۆ ئاشتی و ئاسایش و پێشكه‌وتن.
ئێمە به ڕێز و پێزانينێكى زۆره‌وه له پشتیوانیی ئه‌مه‌ريكا بۆ عێراق و هه‌رێمى كوردستان ده‌ڕوانين، چ لە ڕێگەی سەربازەکانیانەوە بێت کە قوربانییان داوە، یان لە ڕێگەی دیپلۆماتکارەکانیان بێت، یان لە ڕێگەی کۆمپانیا و وەبەرهێنەرەكانی ئەمه‌ریکی بێت کە بەشدارییان لە پەرەپێدانی هەرێمی كوردستان كردووە و جێی ڕێز و سوپاسێكی زۆرن.
بەناوی هەرێمی کوردستانەوە، سوپاس و پێزانینمان ئاراستەی گەل و ده‌وڵه‌تى ئەمه‌ریکا دەکەين بۆ پشتیوانیی بەردەوامیان لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا لە هەرێمی كوردستان.
به ته‌واوى پشتگيريى له هه‌وڵ و هه‌نگاوه‌كانى سه‌رۆك دۆناڵد تره‌مپ دەكەین له‌پێناو چارەسەركردنى كێشه‌كان و چه‌سپاندنى ئاشتى له ناوچه‌كه‌دا. هه‌روه‌ها ده‌ستخۆشى لێ ده‌كه‌ين بۆ دياريكردنى به‌ڕێز مارك ساڤايا وه‌ك نێرده‌يه‌كى تايبه‌ت به عێراق. ئه‌مه پێشهاتێكى گرنگه. هيوادارين ڕۆڵى خۆى بگێڕێت له يارمه‌تيدانى عێراق و هه‌رێمى كوردستان له هه‌موو ڕوويه‌كه‌وه.
بە ئومێد و ئیرادەوە دەڕوانینە پێکەوەكاركردن بۆ بنیادنانی داهاتوويه‌كى باشتر و سەقامگیر و ئاوەدانتر بۆ هەمووان.
زۆر سوپاس.
سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى: په‌يوه‌نديمان لەگەڵ ئه‌مه‌ريكادا، لەسەر بنەمای متمانە و به‌ها و کاری هاوبەشه
2025-12-03T13:51:00.000000Z