بەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە 17/12/2025 بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، بەشداریی لە ڕێوڕەسمی یادی ڕۆژی ئاڵای كوردستاندا كرد كە لە سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان بەڕێوەچوو.
لە ڕێوڕەسمەكەدا سەرۆك نێچیرڤان بارزانی وتارێكی پێشكەش كرد، ئهمه دهقهکهیهتی:
هاووڵاتییانی خۆشەویست،
کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان،
پێشمەرگە قارەمانەکان،
ڕۆژی ئاڵای کوردستان لە هەموو لایەکتان پیرۆز بێت.
ئەمڕۆ کە یادی ڕۆژی ئاڵای کوردستان دەکەینەوە، تەنها یادکردنەوەی ڕۆژێک نییە لە ساڵنامەدا؛ بەڵکوو ئەمڕۆ نوێکردنەوەی پەیمانە بۆ ئەو هێمایەی کە ناسنامەی بوون، مێژوو، خەبات و ئاواتەکانمان بۆ ئازادی و ژیانێکی سەربەرزانە بەرجەستە دەکات.
ئاڵای کوردستان، ناسنامە و کۆکەرەوهى گهلى كوردستان و یادەوەرییەکی زیندووە. ئەم ئاڵایە شایەدی ڕێگایەکی دوور و درێژی پشوودرێژی و خۆڕاگریی گەلەکەمانە. لە ڕۆژانی سەختی خەباتدا، لەسەر لووتکەی چیاکان و لەناو شار و گوندەکاندا، ڕۆڵەکانتان ئەم ئاڵایەیان بە بەرزی ڕاگرت و بە خوێنی خۆیان، بە خەباتی خۆیان، پارێزگارییان لە مافی مانەوە و ژیانی گەلەكەیان کرد.
ئەمڕۆ بە شانازییەوە دەبینین ئەم ئاڵایە لەسەر دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان، لە قوتابخانە و زانکۆکان، لە نەخۆشخانە و ناوەندەکان دەشەکێتەوە. ئەمە بەڵگەی ئەو سەرکەوتنەیە کە بە خوێنی شەهیدان و قوربانیدانی پێشمەرگە و خۆڕاگریی گهلى كوردستان به ههموو پێكهاتهكانييهوه، بەدەست هاتووە.
كوردستانييانى ئازیز،
لە ڕۆژی ئاڵادا، پەیامی ئێمە ڕوونە: هێزی ڕاستەقینەی کوردستان لە تهبايى و پێكهوهيى و یەکڕیزیماندایە. ئەم ئاڵایە هەموومان کۆدەکاتەوە، بە جیاوازیی بیروڕای سیاسی و ئایینی و نەتەوەیییەوە. لەژێر سێبەری ئەم ئاڵایەدا، دەبێ هەموومان شان بە شان کار بکەین بۆ کوردستانێکی سەقامگیر بۆ هەموو نەتەوە و ئایین و پێكهاتەكانی كوردستان، دادپەروەرتر و بەهێزتر بەرامبەر بە ئاڵنگارییەکان.
وەفاداریی ڕاستەقینە بۆ خوێنی شەهیدان و قوربانييهكانى گهلى كوردستان تەنها و تەنها بە دروشم نابێت، بەڵکوو بە پاراستنی دەستکەوتەکان، بە چەسپاندنی سەروەریی یاسا، بە بنیاتنانی دامەزراوەی بەهێز و بە خزمەتکردنی باشترى هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان دەبێت.
گەنجانی خۆشەویستى كوردستان،
ئاڵای کوردستان تەنها سیمبولی ڕابردوو نییە، بەڵکوو ئاڵای داهاتووە. ئەمە پەیامی هیوا و ئومێدە بۆ ئێوە. نیشتمان پێویستی بە زانست، بە وزە، بە داهێنان و خەونی ئێوەیە. کوردستان بە زانست و زانين، بە کار و کۆشش، بە ئابوورییەکی بەهێز و بە ئاشتی ئاوەدان دەکرێتەوە.
لە کاتێکدا بە شانازییەوە ئاڵاکەمان بەرز دەکەینەوە، لە هەمان کاتدا پابەندیی خۆمان بە هاوبەشیی دەستووری لە عێراقێکی فیدراڵی و دیموکراسیدا دووپات دەکەینەوە. ئێمە دەمانەوێت ئەم ئاڵایە هەمیشە پەیامی ئاشتی، گفتوگۆ، پێکەوەژیان و دراوسێیەتیی باش بگەیەنێت. کوردستان وەک هەمیشە فاکتەری سەقامگیری و پردی لێکتێگەیشتن دەبێت.
لەم ڕۆژە پیرۆزەدا، سەری ڕێز و نەوازش بۆ شەهیدانی کوردستان دادەنوێنین کە ئەم ئاڵایەیان بە خوێنی خۆیان نەخشاندووە.
سڵاو و ڕێز و پێزانین بۆ پێشمەرگە قارەمانەکانمان کە پارێزەری ئەم خاک و ئەم ئاڵایەن.
پەیمان دەدەین کە هەمیشە پارێزەری یەکڕیزی و دەستکەوتەکانمان بین و ئاڵای کوردستان بە بەرزی و شەکاوەیی ڕابگرین.
بەرز و شەکاوە بێت ئاڵای پیرۆزی کوردستان.
زۆر سوپاس.