Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە باڵیۆزی ژاپۆن دەكات

2022-08-22T12:22:05.000000Z
هه‌واڵ په‌یوه‌ندیی نێوده‌وڵه‌تی

نیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە 22/8/2022 بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە بەڕێزان سوزوكی كۆتارۆ باڵیۆزی ژاپۆن لە عێراق و شاندێکی یاوه‌ری کرد.

لە كۆبوونەوەیەكدا دوایین پێشهاتەكانی دۆخی سیاسیی عێراق و پەیوەندییەكانی ژاپۆن لەگەڵ عێراق و هەرێمی كوردستان تاوتوێ كران.

بەڕێز باڵیۆزی ژاپۆن دووپاتی كردەوە كە وڵاتەكەیان لە پشتگیری و هاریكاریكردنی عێراق و هەرێمی كوردستان بەردەوام دەبێت و ستایشی پێشكەوتنەكانی هەرێمی كوردستانی كرد و ڕۆڵی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستانی لە نزیككردنەوەی لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان و یەكڕیزیی نێوانیان بەرز نرخان.

لای خۆیەوە سەرۆك نێچیرڤان بارزانی سوپاسی ڕۆڵی ژاپۆنی لە هەرێمی كوردستان و عێراقدا كرد و بەتایبەتی ئاماژەی بە كار و چالاكییەكانی ئاژانسی جایكای ژاپۆنی كرد و هیوای بەردەوامیی بۆ كار و چالاكییەكانی ژاپۆن و برەودانی پەیوەندییەكانی هەردوولا، خواست.

دۆخی سیاسیی عێراق و سوود وەرگرتن لە دەرفەتەكان، ئاشتی و سەقامگیریی ناوچەكە بەگشتی و هەڕەشەی تیرۆر، پرسی ئاوەدانكردنەوە و ئەو سێكتەرانەی كە ژاپۆن دەتوانێت كاریان تێدا بكات و هاندانی كەرتی تایبەت، لایەنێكی دیكەی كۆبوونەوە بوو.