ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە 2026/2/15، بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، کۆتایی بە بەشدارییەکەی لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن هێنا، ئەمەش دوای سێ ڕۆژ لە زنجیرەیەک دیدار و کۆبوونەوەی فراوان لەگەڵ سەرۆک و سەرکردەی وڵاتان و بەرپرسانی باڵای جیهان.
لە میانی ئەو دیدار و كۆبوونهوانەدا لهگهڵ بەڕێزان ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەڕەنسا، ئیلهام ئەلیێڤ سەرۆکی ئازەربایجان، سەرۆکوەزیرانی هۆڵەندا، قهتهر و لوبنان و ژمارەیەکی زۆر لە وەزیرانى دهرهوه و بەرپرسانی باڵای ئەمهریکا و ئەورووپا و ناوچەکە، جەختى لە سیاسەتی جێگیری هەرێمی کوردستان کردهوه کە هەمیشە وەک فاکتەرێکی سەرەکیی ئارامی و سەقامگیری لە ناوچەکەدا دەمێنێتەوە. له كۆبوونهوهكاندا ههروهها دۆخی سیاسیی عێراق و هەرێمی کوردستان و دوا پێشهاتەکانی ناوچەکەش بە وردی تاوتوێ کران.
سەبارەت بە دۆخی سووریا کە یەکێک بوو لە تەوەرە سەرەکییەکان، سەرۆک نێچیرڤان بارزانی لە دیدارەکانیدا جەختی لە پێویستیی دەستەبەرکردنی مافەکانی کورد و هەموو پێکهاتەکانی دیکەی سووریا لە چوارچێوەی دەستووری داهاتووی سووریایەکی یەکگرتوودا کردەوە بە شێوەیەک کە ئاشتی و ئاسایشی هەمیشەیی بۆ وڵاتەکە دابین بکات. ئهمه جگه له چهندين پرسى ديكهى جێى بايهخى هاوبهش.
ئێوارەی ئەمڕۆش سهرۆك نێچیرڤان بارزانی، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا باسی لە ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكان و چەند پرسێكی دیكە كرد.
سەرەتا بەڕێزیان لە وتەیەكدا گوتی: "وەكوو هەموو ساڵێك، ئەمساڵیش بەشداریمان لە كۆنفرانسی ئاسایشی میونشندا كرد و لەگەڵ كۆمەڵێك سەركردە و بەرپرسانی وڵاتانی دەرەوە قسەمان كرد. ئەوەی ئەمساڵ زیاتر جێی بایەخ بوو، پرسی سووریا، هەروەها پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراق بوو. ئەمانە تەوەری سەرەكی بوون كە هەموو لایەك دەیانەویست گوێبیستی بن و دووپاتمان لە ڕۆڵی خۆمان كردەوە لە هەرێمی كوردستان كە فاكتەری ئارامی و سەقامگیری دەبین لە ناوچەكە و ئەوەی لەدەستمان بێت هەم لە سووریا و هەم لە عێراقیش دهيكهين تاكو كابینەی نوێی حكوومەت لە عێراق زوو پێكبهێنرێت. هەروەها لە سووریا و هەرێمی كوردستانیش، بەردەوام دەبین. دەربارەی هەرێمی كوردستان، بێگومان سیاسەتی ئەم وڵاتانە هەموویان دەیانەوێ هەرێمی كوردستانێكی سەقامگیر و بەهێز هەبێت لە چوارچێوەی عێراقی فیدراڵدا و ئەو ئاستەنگ و كێشانەی لەگەڵ بەغدا هەبووە، لەم كۆبوونەوانەدا باسمان لەسەر كردووە.
دواتر لە وەڵامی یەكەم پرسیاری ڕۆژنامەڤاناندا دەربارەی ڕۆڵی بەڕێزیان لە پرۆسەكانی ئاشتیدا، بەتایبەتيش لە توركیا و سووریا و دڵنیایيدانی ئەو بەرپرسانەی لهگهڵياندا كۆبووهتهوه بۆ پرسی كورد لە توركیا و سووریا، سەرۆك نێچیرڤان بارزانی گوتى: "سەرەتا با باسی سووریا بكەین. ئەوەی ئێستا لە سووریا هەیە و ئەو پرۆسەی لەوێ هەیە، هەڵوێستمان لە هەرێمی كوردستان ئەوهيە كە پشتگیریی ئەم پرۆسەیە دەكەین. ئەو گفتوگۆیەی كە لەنێوان هەسەدە و حكوومەتی سووریادا هەیە. دەمانەوێ لایەنە كوردییەكانی دیكەش وەك ئەنەكەسە و ئەوانی دیكەش بەشداربن لەو گفتوگۆ سیاسییەی ئێستا لەگەڵ دیمەشق ئەنجام دەدرێت. دەبێ واقعبین بین و پێموایە ڕێككەوتنێكی خراپ نییە بەپێی ئەو بارودۆخەی كە لە سووریا هاتۆتە پێش. ئەوەی كە كراوە و ئەوەی دەتوانین بیكەین، بە ڕای من ئەوەی ئێستا هەیە ڕێككەوتنێكی باشە. لەم ڕێككەوتنەدا هەڵوێستی هەرێمی كوردستان ئەوە بووە كە بەردەوام لەسەر هێڵ بووە هەم لەگەڵ توركیا و هەم جەنابی سەرۆك بارزانیش لەگەڵ سەرۆك ئەحمەد ئەلشەرع و بەردەوام قسەمان كردووە. سیاسەتی ئێمە ئەوەیە كە دەمانەوێ بە شێوەیەكی گشتی ئەم ڕێككەوتنە تەواو و وەك خۆی جێبەجێ بكرێت و ئارامی و سەقامگیری بگەڕێتەوە. ئەوەی كە زۆر جەختی لەسەر دەكەینەوە، ئەوەیە كە مافی كورد و هەموو پێكهاتەكانی دیكە پێویستە لە دەستووری سووریا، لە ئایندەدا جێگیر بكرێن. ئەمە گارانتییەكە بۆ ئەوەی هەموو لایەك هەست بە دڵنیایی بكات. ئەوەی مەبەستمانە و هەموو لایەكیش هان دەدەین كە ڕێككەوتن بكەن لە چوارچێوەی سووریایەكی یەكگرتوودا؛ ئەمە سیاسەتی ئێمەیە لە هەرێمی كوردستان."
لە بەردەوامیی قسەكانیدا و سەبارەت بە پرۆسەی ئاشتی لە توركیا، بەڕێزیان گوتى: "سەبارەت بە پرۆسەی ئاشتی لە توركیا، تا ئەم ساتەش ئەوەی كە دەیبینین، پێموایە ئەمە پرۆسەیەكی جددییە و توركیا بە جددی دەیەوێ ئەو كێشەیە چارەسەر بكات و لەوانەیە پرۆسەكە هەندێك بە هێواشی بەڕێوە بچێت و خەڵك گلەیی لەوە هەبێت كە پرۆسەكە زۆر هێواشە. ئەمەیان ڕاستە، بەڵام ئەوەی كە گرنگە هەموو لایەك پابهند بن بەوەی كە ئەم پرۆسەیە سەركەوتوو بێت. هەڵوێستی هەرێمی كوردستان ئەوەیە كە بە سوپاسەوە دەڕوانینە هەوڵەكانی هەموو لایەك، بەتایبەتی بەڕێز دەوڵەت باخچەلی و ئەو هەوڵەی كە دەیدات بۆ ئەم پرسە، هەروەها بەڕێز عەبدوڵڵا ئۆجەلان بۆ ئەو پرۆسەیەی كە دەستی پێ كردووە. هیوادارین بگاتە ئەنجام و پەكەكەش ڕوونە كە دەبێت چی بكات. دەبێت ئەو داواكارییانەی سەرۆك ئۆجەلان كە لە پەكەكەی كردووە جێبەجێیان بكات. پشتگیری لەو پرۆسەیە دەكەین و دەستخۆشی و سوپاس بۆ ئەوانەی كە تێیدا بەشدارن، لەسەرووی هەمووشیانەوە، سوپاس و پێزانینمان بۆ جەنابی سەرۆك ئەردۆغان هەیە كە خودی خۆی پشتگیرە تا ئەم پرۆسەیە بگاتە ئەنجامێكی باش."
لە وەڵامی پرسیارێكیشدا سەبارەت بە چەقبەستووييى سیاسی لە هەرێمی كوردستان، بەڕێز سەرۆكی هەرێمی كوردستان ئاشكرای كرد: "ڕاستە دۆخی سیاسی چەقبەستووە لە هەرێمی كوردستان. پێش دە ڕۆژ كۆبوونەوەیەكی زۆر باش لەنێوان جەنابی سەرۆك بارزانی و بەڕێز كاك بافڵ تاڵەبانی ئەنجام درا. كۆبوونەوەیەكی زۆر ئەرێنی و سەركەوتوو بوو. ڕاستە كۆبوونەوەكە دوای ماوەیەكی درێژ ئەنجام درا، بەڵام ئەو دەستپێكردنە دەستپێكردنێكی باش بوو. پێش ئەو ڕۆژەی بێم بۆ میونشن، جارێكی دیكە كۆبوونەوەیەكی دووقۆڵی لەنێوان سەرۆك بارزانی و بەڕێز بافڵ تاڵەبانیدا ئەنجام دراوە و من لەوێ بووم. ئەو كۆبوونەوەیەش كۆبوونەوەیەكی باش بوو. وای بۆ دەچم ڕاستە تا ئێستا لەسەر هیچ خاڵێك ڕێكنەكەوتووین، بەڵام ئەوەی دەتوانم بڵێم ئەوەیه: لەسەر ئاراستەیەكی دروست لەسەر هێڵین بۆ ئەوەی بگەین بە ئەنجامێك كە بەرژەوەندیی هەرێمی كوردستان و بەرژەوەندیی عێراقی تێدا بێت."
سەبارەت بە ڕۆژئاوای كوردستان لە وەڵامی پرسیارێكدا دەربارەی دەرفەتی بەردەوامیی سەقامگیری لە ڕۆژئاوای كوردستان لە میانی كۆبوونەوە و دیدارەكانی بەڕێزیاندا، سەرۆك نێچیرڤان بارزانی گوتی: "پێموایە دەرفەت هەیە، دەرفەتی چارەسەر هەیە، بەڵام ئەو مۆدێلەی كە ئەوان هەردوو لایەن دەتوانن ڕێككەوتنی لەسەر بكەن، پێموایە ئەمە بۆ خۆیان بەجێ بهێڵین، واتە بۆ لایەنە كوردییەكان لەگەڵ دیمەشق. كە دەڵێم لایەنە كوردییەكان، مەبەستم هەسەدە و ئەنەكەسە و لایەنەكانی دیكەشن. هەموو ئەمانە لەگەڵ سووریا بزانین دەتوانن بگەنە چ مۆدێلێك لە خۆبەڕێوەبردن. ئەگەر پرسیارەكە زیاتر ئەوە بێت ئەوەی لە هەرێمی كوردستان هەمانە، ئایا دەكرێ ئەوە لە سووریاش هەبێت؟ زەحمەتە و ئاسان نییە، چونكە جوگرافیایەكی یەكگرتوو بەو شێوەیە لە سووریا نییە و پێكهاتەكان جیاوازن. نەك تەنها كورد، دەبێت پێكهاتەكانی دیكەش ڕازی بكرێن. بەڵام ئەوەی كە ئێستا هەیە بۆ نموونە سەرۆك ئهلشەرع مەرسوومی دەركردووە بۆ پارێزگاری حەسەكە، پێموایە پارێزگاری حەسەكە گرنگە، چونكه شاری حەسەكە هەم كوردی هەیە و هەم عەرەبی هەیە. ئێستا بۆ لایەنی كوردی كە بەربژێرەكە لەلایەن هەسەدەوە پێشكەش كراوە، دەرفەتێكە تاكوو بیسەلمێنێت كە ئەم پارێزگارە، پارێزگاری حەسەكەیە بۆ هەموو پێكهاتەكان. ئێستا دەرفەتە، ئەو بتوانێت هەم خزمەتی كورد و عەرەب و هەموو پێكهاتەكان بكات. دواتر هەموو خەڵك دوای خۆی بەرگریی لێ دەكەن. بەڵام ئەمانە هەموو پێویستی بەوەیە كە گفتوگۆیەكى ڕێكوپێك هەبێت. قسەمان لەگەڵ جەنابی جەنەراڵ مەزڵووم عەبدی و لەگەڵ ئەوانی دیكەش ئەوەیە كە دەبێت لە پرۆسەی سیاسیی سووریادا بەشدار بن. دیمەشق پایتەختی ئێوەیە. دەبێت بگەڕێنەوە بۆ دیمەشق و هەوڵێكی جددی بدەن ئەو كێشانەی كە هەیە چارەسەریان بۆ بدۆزنەوە لە چوارچێوەی سووریایەكی یەكگرتوودا. ئەمە سیاسەتی ئێمەیە، ئەم قسانەی ئێمەش لە ئەنجامی ئەزموونی هەرێمی كوردستانە كە پێیان دەڵێین ئێوە دەبێت بەم شێوەیە مامەڵە بكەن و تا حەددێكی زۆر پێموایە بەو ئاراستەیە دەڕوات كە خۆیشی لە كۆنفرانسی میونشن بەشدار بوو."
هەر سەبارەت بە پرۆسەی سیاسی لە سووریا و درێژەكێشانی گفتوگۆكان لەوێ، دەربارەی ڕێككەوتن و چارەسەر، جەنابیان ڕایگەیاند: "یەك شت زۆر گرنگە، ئایا نيهتى ئەوە هەیە كە ئەو كێشانە چارەسەر بكرێن؟ بە بۆچوونی من ئەوەی من لە بەڕێز ئهلشەیبانی؛ وەزیری دەرەوەی سووریا گوێم لێ بوو و ئەوەی كە لە جهنابى سەرۆك كۆماری سووریاش گوێمان لێ دەبێت، ئەوەیە كە دەیانەوێ ئەم كێشانە چارەسەر بكەن. خۆی دوو سێ هەفتەیە ئەو ڕێككەوتنە كراوە و ناتوانین بڵێین ئێستا هەموو شتێك جێبەجێ كراوە. بەڵێ كێشە هەیە و لەوانەیە كێشەی زیاتریش بێتە پێشەوە. ئەوی گرنگە ئایا نيهت هەیە ئەو كێشەیە چارەسەر ببێت؟ بە بۆچوونی من ئەو نيهته لە دیمەشقەوە دەبینین و هەیە، بێگومان لە لایەنی كوردیشەوە ئەو نيهته هەیە، ڕۆڵی ئێمەش یارمەتیدەر دەبێت بۆ ئەوەی بتوانین هەردوولا نزیكی یەكتری بكەین و بگەنە چارەسەر."
لە وەڵامی پرسیارێكی دیكەدا سەبارەت بە هەوڵەكانی جەنابیان بۆ بەشداریكردنی بەڕێز مەزڵووم عەبدی لە كۆنفرانسی ئاسایشی میونشندا و ئاخۆ وادەيهك ههيه بەڕێزيان سهردانى قامیشلۆ و عەفرین و حەلەب و دیمەشق بكات و پەیامیان بۆ خەڵكی ڕۆژئاوای كوردستان چييه؟ سەرۆك نێچیرڤان بارزانی گوتی: "با لەوە دەست پێ بكەم، بهڵێ بيرى ئەو شوێنانە دەكەین. بیری قامیشلۆ و عەفرین دەكەین و بەڕاستی و بێگومان ئەو بەرنامەیە لە سەردانەكەماندا دەبێت، بەڵام نازانم كەی. پەیامی ئێمە بۆ خوشك و برایانمان لە ڕۆژئاوا ئەوهيە كە بەڕاستی دوای ئەو ڕووداوە ناخۆشانەی بەسەریاندا هاتووە، پشتگیرییەكی گەورە لە هەموو كوردستانیانەوە و لە هەموو شوێنێك بۆ ڕۆژئاوا نیشان درا، ئەمە جێی سهربهرزى و شانازيی هەر كوردێكە لە هەر شوێنێك بێت. ئێستا ئەوەی گرنگە ئەو ڕێككەوتنەی كراوە جێبەجێ بكرێت و پەنا بەخوا ئاوەدانی و شادى و كاری زیاتر بكەوێتە ڕۆژئاوا. لێرە لەگەڵ زۆرێك لە كۆمپانیای وڵاتان و تەنانهت لهگهڵ ئەڵمانیاش ئەوەمان باس كرد كە پێویستە دوای ئەو ڕێككەوتنە دەست بە ئاوەدانی و دابینكردنی خۆشگوزەرانی بۆ ڕۆژئاوا بكەن. هیوای شادی و سەلامەتی و سەركەوتن بۆ خەڵكی خۆمان لە ڕۆژئاوا دەخوازم."
سەبارەت بە هەڵوێستی وڵاتانی بەشدار لە كۆنفرانسی میونشن بۆ پشتگیریكردن لە پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی هاووڵاتيیانی ڕۆژئاوای كوردستان، سهرۆك نێچيرڤان بارزانى گوتى: "بە بۆچوونی من پشتگیریی سیاسی هەیە. كەس پشتگیری لە دۆخی سەربازی ناكات لەوێ. پشتگیری لە بۆچوونێكی سیاسی دەكەین كە ئەم كێشانەی هەیە لە چوارچێوەی سووریادا چارەسەر بكرێت. ئەوەی من لە وڵاتانی ئەورووپیش بینیم، هەڵوێستیان بە هەمان شێوەیە. دەبێت سەیری ئەوە بكەن لەو پرۆسەیەدا ئایا دیمەشق چەند بەڵێنەكانی خۆی جێبەجێ دەكات؟ پرسیاری دووەمیش ئەوەیە لایەنە كوردییەكان و هەسەدە چەند ئامادەن ئەو ڕێككەوتنە جێبەجێ بكەن؟ ئەو پرسە پێویستی بەوە هەیە كە لەڕووی سیاسییەوە هەم ئەورووپا و هەم ئەمەریكا، بە سوپاسەوە بەڕاستی ئەمەریكییەكان ڕۆڵێكی زۆر باشیان هەبوو، هەروەها جەنابی سەرۆك ماكرۆن ڕۆڵێكی جددی هەبوو لەوەی كە ئەم ڕێككەوتنە بكرێت. ئێستا هەموو لایەك هەست بەو بەرپرسیاریەتییە دەكەن كە ئەوەی گرنگە لەڕووی سیاسییەوە چۆنییەتیی جێبەجێكردنی ئەم ڕێکكەوتنەیە. دیسانەوە دەڵێم بەپێی ئەو واقعەی كە دروست بووە لە ڕۆژئاوا، ئەم ڕێككەوتنە ڕێككەوتنێكی خراپ نییە و ڕێككەوتنێكی باشە. لە دەستووری عێراقدا كە ساڵی 2005 بوو، نەمانگوت دەستوورێكە هەموو مافەكانی ئێمەی تێدایە، بەڵام بەشێكی زۆری مافەكانیشمان لەوێدا هەبوون. شتێك نەبوو بڵێین سفر يان سەد، لهو نێوهدا نەوەد و نۆ هەیە. ئەو ڕێككەوتنەی ئێستا لە ڕۆژئاوا هەیە لەوانەیە هەمووی بە دڵی ئێمە نەبێت، بەڵام بۆ ئەو دۆخەی لەوێ بەسەریاندا هاتووە، پێموایە ئەمە دەستكەوتێكە، وەكو كورد دەبێت لە هەموو شوێنێك پشتگیریی بكەین و دەبێت هەوڵێكی جددی بدەین ئەم ڕێككەوتنە جێبەجێ بكرێت."
زۆر سوپاس، بە خێر بێن.